هەرێم نیوز
وتەبێژی هاتوچۆ هەولێر رایگەیاند، لەگەڵ کاراکردنی سیستمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری، سزای بەسەرچوونی مۆڵەتی شۆفێریش گۆڕدراوە. بەپێی سیستەمە نوێیەکە دوای یەک مانگ لە بەسەرچوونی مۆڵەتی شۆفێری، سزای نوێنەکردنەوەی مۆڵەتەکە بۆ هەر مانگێک پێنج هەزار دینارە.
رۆژی چوارشەممە 21-9-2022، فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، بەپێی سیستمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری، هەر کەسێک مۆڵەتی بەسەرچووبێت و نوێی نەکردبێتەوە، بۆ یەک مانگ لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت و بۆ دانیشتووانی دەرەوەی شاریش دوو مانگە. بەڵام دوای ئەو وادەیە هەر کەسێک مۆڵەتی شۆفێری بەسەرچووبێت و نوێ نەکردبێتەوە بۆ هەر مانگێک پێنج هەزار دینار سزای بۆ دەنووسرێت.
پێشتر تاوەکو ساڵی 2019 هەر کەسێک مۆڵەتی بەسەردەچوو تەنیا 15 هەزار دینار سزای دواکەوتنی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکەی لێ وەردەگیرا، دوای ئەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هات و بۆ هەر ساڵێک 30 هەزار دینار هەژماردەکرا، بەڵام ئێستا ئەو دوو شێوازە نەماوە و بە شێوازی نوێ کار دەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 24-8-2022، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەشداری لە کردنەوەی سیستەمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری کرد و رایگەیاند، ئەو سیستمە نوێیە، ئەوانی لە بەکارهێنانی کاخەز و رۆتینێکی دوور و درێژەوە هێناوەتە ئاستێک کە بە شێوەی ئەلیکترۆنی و خێرا کارەکانیان بکەن.