هەرێم نیوز
نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی دەڵیت: " سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی سەر ئێران دەکەین کە بوونەتە هۆی زیادکردنی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی سەر ئێران دەکەین کە بوونەتە هۆی زیادکردنی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەمانکاتیشدا پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عێراقە، ئەو کارانە بنچینەکانی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان لاوازدەکەن و دەبێنە هۆی ئەوەی مەترسییەکی زیاتر بخاتەسەر ئەو بارودۆخە هەستیارەی کە لە ناوچەکەدا هەیە".
باسی لەوەشکرد: "ئەمەی ئێستا روودەدات تەنها کارێکی بێباکانە نییە، بەڵکو بەئامانجگرتنی بەئەنقەست و پەکخستنی ئەو دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییانەیە کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەستیپێکردوون".
جەختی لەوەشکرد: "هەوڵەکانی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی هاوسەنگ و سەقامگیر، لەڕێگەی گفتوگۆ و دایالۆگەوە بوونەتە هۆی دانانی بناغەیەک بۆ بەرەوپێشچوون بۆ داهاتوو. ئەم کارانەش هێرشێکی راستەوخۆن بۆسەر ئەم هەوڵانە".
دەڵی: "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەنگاوی راستەوخۆ بنێت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر. خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە ئاشتییەکی هەمیشەیی هەیە، ئەمەش تەنها لەرێگای دایالۆگ و گفتوگۆوە دەستدەکەوێت".
بافڵ تاڵەبانی ئاشکرای کرد: "هەرێمی کوردستان ئارام و سەقامگیر بێت و بە ئاشتی بمێنێتەوە. هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ دڵنیابوونەوە لە پارێزگاریکردن لە خەڵکەکەمان و ئەو سەقامگیرییەی کە زۆر بە جددی کارمان بۆ کردووە، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە ئاڵۆزی چواردەوری گرتووین".