ئا:دەریا سەمین
ئەو هۆکارانە چین کە وات لێدەکەن هەمیشە هەست بە بێهێزی و شەکەتی بکەیت...!!
*بێهێزی گرفتێکی بەربڵاوە لەنێو خەڵکیدا، هەرچەندە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن کەسەکان زیاتر هەست بە بێھێزی دەکەن. جگە لە تەمەن، بێهێزی بەردەوام هۆکاری دیکەشی هەن، وەک نەخۆشییەکانی دڵ،خەمۆکی و کەمی هەندێک کانزا و ڤیتامینەکان. بەڵام لە هەموویان گرنگتر شێوازی ژیانە.
1- وەرزشنەکردن
وەزرشکردن و ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی بۆ تەندروستهێشتنەوەی جەستە زۆر گرنگە، کاتێک وەرزشدەکەیت ماسولکەکانت بەهێزدەبن و جەستەت بڕێکی زیاتری وزە بەرهەمدەهێنێت، بۆیە یەکێک لەو هۆکارانەی واتلێدەکات هەست بە بێهێزی بکەیت نەجوڵانە، هەوڵبدە رۆژانە لایەنی کەم 30 خولەک چالاکی جەستەیی ئەنجامبدەیت.
2- گوشاری دەروونی
گوشاری دەروونی زۆر و درێژخایەن دەبێتەهۆی زیادبوونی ئاستی کۆرتیزۆڵ، کە ئەم هۆڕمۆنەش ئاستی بەرهەمهێنانی ATP کەمدەکاتەوە و هەوکردن لە جەستەدا زیاددەکات.
3- خۆراکی ناتەندروست
ئەگەر خۆراکی تەندروست و دەوڵەمەند بە بەهاخۆراکییەکان نەخۆیت، جەستەت بڕی پێویستی ڤیتامین و کانزا وەرناگرێت کە بەشێکیان بۆ دروستکردنی وزە پێویستن، بۆیە هەمیشە هەست بە بێهێزی دەکەیت، خواردنی خۆراکە سوورەوەکراوەکان و شیرینەکان هەوکردن لە جەستەدا دروستدەکەن و رێگرن لەبەردەم دروستبوونی ATP. بۆیە دەبێت سەوزە، میوە، پاقلەمەنییەکان، ماسی، مریشک، چەرەس و سەرچاوەکانی دیکەی پرۆتین بخۆیت.
4- کەمخەوی
نەخەوتن بەپێی پێویست هۆکارێکی دەردانی کۆرتیزۆڵ و دروستبوونی هەوکردنە لە جەستەدا، بۆیە شەوانە دەبێت لایەنی کەم 7-8 کاژێر بخەویت.
5- کەمخواردنەوەی شلەمەنییەکان
خواردنەوەی خواردنەوە گازیی و شیرنیکراوەکان دەبێتەهۆی ئەوەی زۆر بەخێرایی ئاستی شەکر لە خوێنتدا بەرزببێتەوە و دواتر هەستی بێهێز بوونت پێدەبەخشێت، هەروەها خواردنەوەکانی وەک کحول و زۆر خواردنەوەی کافایین جەستەت وشکدەکەنەوە کە ئەمەش دیسان گرفتێکی دیکەیە. باشترین خواردنەوە ئاوە، دەبێت رۆژانە بڕێکی پێویستی ئاو بخۆیتەوە. لە خواردنەوەی کحول و کافاین شەش بۆ هەشت کاژێر پێش خەوتن دووربە.
6- تەنیایی و گۆشەگیربوون
ئەوانەی بەردەوام تەنیان و تێکەڵی خەڵک نابن زیاتر هەست بە بێهێزی دەکەن، ئەگەر ئەمە بەردەوام و درێژخایەن بێت دەرخەری ئەوەیە کەسەکە خەمۆکی هەیە، کاتێک تێکەڵی خەڵک دەبین دڵخۆشترین و زیاتر وزەمان دەبێت لەوەی بە تەنیا بین. بۆیە جار جار لەگەڵ هاوڕێ و خێزان و کەسە نزیکەکانت کۆببەوە و بڕۆ دەرەوە لەگەڵیان.
«لەش ساغ بن »