دواین هەواڵ

کلتور‌

 01/09/2022

کێشەی وەرگێڕانی شیعر

قوبادی جەلیزادە

بەلای منەوە قورسترین وەرگێڕانی ژانری ئەدەبی لەزمانێکەوە بۆ زمانێکی دی ، شیعرە.

.گەر لە دەقێکدا ، شاعیر شەونم و گیای وێنا کردبوو، دەبێ وەرگێڕ لەساتە وەختی وەرگێڕانیدا، هەست بکات دەستی بە بنچکەگیا دەکەوێی و سەرەپەنجەکانی بە دلۆپە شەونم تەڕ دەبن.گەر لەناو دەقە ئەسڵیەکەدا ئەسپێک لەگەرمەی غاردابێت ولەکوڕژن بدات،لەسەر وەرگێڕە هەوڵبدات، حیلەی ئەسپەکە ببیستێ وتۆزو خۆڵی بەرز بوەوەی ژێر سمی ئەسپەکە ببینێت.

خۆزگە وەرگێڕ لەکاتی وەرگێڕانی ئەو دوو نموونەی ئاماژەمان پێدا، جوگرافیای دانیشتنی خۆی دەگوازێتەوە هاوشێوەی ئەو جوگرافیایەی شاعیرەکە دەقەکەی تیادا داڕشتووە.

وەرگێڕ دەتوانێ لەرێگەی زۆر ژیان، لەگەڵ دەق وکەشف کردنی نهینیەکانی دەقەوە، (تقمص)ی کەسایەتی شاعیرەکە بکات بە هەست و ناهەست و خەیاڵ و ئەندیشە ..و.. تاڕادەی دۆناودۆن بەهەموو ماکەکانییەوە.

بەمەش دەتوانێ دووبارە سەرکەوتوانە دەقەکە بنوسێتەوە و مەودایەکی زۆریش لەوەرگێڕانی ساردو سڕدا خۆی بەدوور بگرێت. دەنا دەقە وەرگێڕاەکە وەک دەقی وەرگێڕاوی ئامێردێکی لێ دێت (الرجل الالي) خاڵی لەروحێکی زیندووی گەرمو گوڕەوە.

گوتراوە دەقی وەرگێڕاو بریتییە لە دووبار نوسینەوەی دەقە ئەسڵییەکە.گەر ئەوە وابێ کەواتە ئەرکی وەرگێڕ لە ئەرکی نوسینی دەقە ئەسڵیەکە زۆر قورسترە. نوسەری دەقە ئەسڵییەکە زۆر جار لەدەرەوەی ویستی خۆی دەچێتە ناو کەشو هەوای نوسینەوەو لە دەرەوەی ویستی خۆی کەرستەکانی شیعری بۆبەرجەستە دەبێت(کە گریمان شیعر ئیلهامە) ، بەڵام وەرگێڕ دەبێ بە ئیرادەی خۆی ئەو کەشو هەوایە بخولقێنێ و کەرستەکانی داڕشتنەوەی شیعرەکە لە زیهن و ئەندیشەو خەیاڵی خۆیدا خڕیان بکاتەوە. ئەو گەڕانەی بۆ وەرگێڕ پێویستە بۆ خولقاندنی دەق ، شاعیر ئەوەندە پێوەی هیلاک نابێت.

وەرگێڕان سنعەتە ،پیشەوەری کارامەی گەرەکە.

پێم وایە سەرکەوتوو ترین وەرگێڕانی تیکستی شیعری بمانەوێی و نەمانەوێ کۆمەڵێ خەسڵەتی زۆر گرنگ لە دەقە ئەسڵیەکە گومدەبن، ئاوو ئاو دەچن، چونکە بەشێکیان گواستنەوەیان بۆ دەقە وەرگێڕاوەکە ئەوپەڕی ئەستەمە وەک عەرەب دەلێ (سابع المستحیلات)ە.

ئەوەی لەوەرگێڕانی تێکستی شیعریدا لەوەرگێڕ بزر دەبن و بۆی نادۆزرێنەوە کەمنین لەوانە؛

-موزیکی دەرەوەو ناوەوەی دەق

-زەنگی ووشە

-کیمیاگەرایی وشەکان

-فیزیاگەرایی وشە،.بە بچوک بونەوە گەورە بوون وشوێنگۆڕکێ

-بەیەکەوە گونجانو وپێکەوە ژیان و هەڵکردنی وشەکان و ڕستەکان لەپاڵ یەکدیدا

-ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر کورتی ودرێژی وشەکانا دێن لەوەرگێڕاندا، واتە بەمیتافۆر کردنی وشە یان پێچەوانەکەی.

-دەستەوەستان لە گواستنەوەی دەنگ کە زۆر جار لە دەقە ئەسڵەکەدا، بەدوایەک داهاتنی کۆمەلێک پێت دەنگێک دەخولقێنێ.کەرەنگە دەنگی باڵندەبی ئاو بێ ورشەی گەڵا بێت.

بەڵی وەرگێڕان کە دووبارە نوسینەوەی دەقە ، سەختترە لە نوسینی دەقە ئەسڵییەکە خۆی.

وێڕای ئەو هەموو ئاستەنگ و بەربەستانەی دێنە بەردەمی وەرگێڕ، بەڵام وەرگێڕی کارامەو خاوەن ئەزموون ، دەقە وەرگێڕاوەکە هەر بەدەقێکی ئاڵتوونی دەهێلێتەوە ، دەنا لە بن دەستیدا دەبێ بە تیکستێکی قوڕین



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP