دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 12/08/2022

بەرلەوەی مینەكە لەژێر پێتدا بتەقێ

ئاری ڕەفیق

( ١ ) لەیەكێك لە بنەكەكانی داڵدەدانی ژناندا قسەم دەكرد بۆ ئەو كچ و ژنانەی كە هەر یەكێكیان بە هۆی بارودۆخێكەوە كەوتبوونە ناو ئەو ماڵە بێنازەوە، یەكێك لەو ژنانەی كە كێشەكەی كاریگەری لەسەر بەجێهێشتم ژنێكی گەنجی تازە پێگەیشتوو، كزۆڵ كزۆڵ لەڕیزی پێشەوە دانیشتبوو، بەڵام تێكشكاو، چاوەكانی قوڵ، زوو زوو پەنجاكانی دەتەقاند، تەڕایی فرمێسكەكانی لە سەر لێواری چاوەكانی قەتیس مابوون، زوو زوو هەناسەیەكی قوڵی هەڵدەكێشا، لەناكاو دەنگی گریانی بە كوڵی تەواوی هۆڵەكەی پڕ كرد ، تاوێك وەستام تا هێور بۆوە، كە قسەكانم تەواو بوو، نزیك بۆوەو وتی دەتوانم بەتەنیا قسەت لەگەڵ بكەم؟

وتم فەرموو بە چاوان، بۆم گرنگ بوو تا بزانم ئەو خەمە قوڵە چییە كە ئاوا ئەوی تێكوپێك شكاندووە..

پوختەی كێشەكەم : سێ ساڵ پێش ئێستا هاسەرگیریم لەگەڵ كوڕێك كرد، زۆر خۆشمدەویست، منداڵێكشمان بوو،

وتم ئەو چۆن بوو بۆتۆ؟

وتی ئەو؟! جا ئەو ئەوەی خوا پێیخۆشە لە رەفتارو كەسایەتی و تەبیعەتی ئەودا هەبوو ، بەڵام قەدریم نەزانی، ماوەیەك بوو سەیارەیەك كە پێڵاوی ئافرەتانی دەفرۆشت دەهاتە گەڕەكەكەمان، یەك دوو جار نەعلی ژنانەم لێكڕی، رۆژێك داوای جوتێك نەعلی گەنجانەی جوانم لێكرد كە قیاسی پێی منی نەمابوو، رەقەمەكەیم لێیوەرگرت تا ماوە ماوە بەبیری بهێنمەوە.

سەرت نەیەشێنم وایلێهات قسەیەك لەوو دوو قسە لەمن پەیوەندییەكەمان چووە قۆناغێكی تر، ڕۆژانە بە مەسجی مۆبایل هەواڵی یەكتریمان دەپرسی ، تا رۆژێكیان هاوسەرەكەم سەرجەمی مەسجەكانی بینی، ئیدی ئەو رۆژە بۆمن وەك جەهەندەمێكی سەر زەوی وابوو، زۆر ئەشكەنجەی دام منیش چومەوە ماڵی بابم، دایكم راینەگرتم وتی مادام دوای ئەم هەموو ساڵە كە هەموو عومری خۆمان بۆ پەروەردەكردنی تۆ تەرخانكرد ئاوا پاداشت داینەوە؟

لەوێ هاتمەدەرەوە تەلەفۆنم بۆ بۆ براژنەكەم كردو موسيبەتەكەم بە گریانەوە بۆ گێڕایەوە، پاش كەمێك پەیوەندی پێوەكردمەوەو وتی براكەت دەڵێ با كارێك بكا رەنگ و رووخساریشی نەبینم، بەناچاری چوومە دەزگای توندوتیژی و ئەوانیش منیان گواستەوە بۆ ئێرە.

لێرە بۆ من هەموو رۆژێكم مردنە، ئەوەی كە خەمەكەی منی قوڵتر كردووە ئەو پیاوەی كە من پەیوەندیم هەبوو لەگەڵیدا بۆ یەك جاریش نەهاتۆتە ئێرە هەواڵێكی من بپرسێ!

هەتا ئێستا هیچ كەس خۆی بەخاوەنی من نازانێ، بۆیە تكاموایە ئەو ڕووداوەی من بنوسییەوە، تا ئەو مینەی لەژێر پێی مندا تەقیەوەو خەون و خەیاڵی كوشتم و ژیانی پڕ لەڕەفاهییەتی خێزانیشی لێسەندمەوە، ببێتە پەند بۆ ئەوانەی پێیەكانییان لە مین و تەڵەی ژیانەوە نزیكە.

ئەو رووداوەو هەزاران رووداوی هاوشێوە ئەوەمان پێدەڵێ كە جگە لە پەیوەندی و ژیانی حەقیقی، ئەوانیتر وەك مین و تەڵە وان، ئەمڕۆ نا سبەی لەژێر پێدا دەتەقنەوە.

جا ئەگەر ئەم ئەو مینانە جارێك پێیەكی پیاو بپەڕێنن، بۆ ئافرەت لەسەد لاوە كون كون و پارچە پارچەی دەكات! ئاری ڕەفیق



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP