دواین هەواڵ

کلتور‌

 07/08/2022

شانۆی ئەکادیمی کوردی بەرەو کوێ؟

حەیدەر عەبدولرەحمان

کە باس لەشانۆی ئەکادیمی دەکرێت، چ وەک تێۆرو چ وەک پراکتیک لەواقعی ئەمڕۆی شانۆی کوردی دەتۆژیتەوە، ئەوە ناچاری دان بەو هەقیقەتە بنێ ی کە فازڵ جاف شایەستەی ئەوەیە ناوی شانۆکاری ئەکادیمی لێ بندرێت.

ڕاستە لەڕابوردوودا زۆرێک لەشانۆکارانی ئێمە لەکوردستاندا خۆیان داوەتە پاڵ نازناوی شانۆکاری ئەکادیمی، لەبەر ئەوەی دەرچووی ئەکادیمیان و لەشانۆی ئەکادیمییان خوێندووە، بەڵام کە دێێیتە سەر مومارەسە کردنی پیشەکە وەک تێۆرو پراکتیک، ئەوە لەپیادە کردنی پیشەکە کورت دێنن.

چونکە زۆر لەوانە سەرچاوەی دەرچوونیان لەزانکۆیەکی متمانە پێکراوی تایبەت بەشانۆ نیە، لەوانەیە دەرچووی ئەکادیمیایەک، یان کولێژێکی هونەری بووبن کە هیچ لەو مامۆستا پسپۆرانەی تیا نەبێت، بتوانن قوتابیەکانیان فێری میتۆدو فۆرم و ڕێبازەکانی شانۆ بکەن، بزانن شانۆی ئەرستۆیی، چ جیاوازی لەگەڵ شانۆی برێختی هەیە؟
، یان شێوازو میتۆدی دەرهێنان لای ستانسلافسکی چۆنە؟ ستایل و فۆرمی دەرهێنانی شانۆگەریەکانی چیخەف چۆنە؟ یا چ جێاوازی لەگەڵ مایرهۆلد هەیە؟

بەدەیان پرسیاری تر کە نە مامۆستاکان نە قوتابیەکانیان ناتوانن بەپراکتێک وەڵامی ساناترین وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە، کەچی ناو لەخۆ دەنێن دەرهێنەری ئەکادیمی،
بە ئەکادیمی بوون ، بەردەوام بوونە لەسەر پەروەردە کردن و ئامادە کردنی ئەکتەر لەڕووی جەستە، بەڕاهێنان و پرۆڤە کردنی بەردەوام،، کەچی هەندێ لەو ئەکادیمیانە بۆماوەیەکی دوور لەشانۆ دابڕاون و هەرگیز نەیان توانیووە تێکەڵ بەشانۆ بن.

بۆیە ئەو بڕە زانست و مەعریفەیەی لەئەکادیمیا فێری بوون، ئەگەر بەزیندوو ڕانەگیرێ، یا گەشەی پئ نەدرێ ، هەڵدەپڕوکێ، یاخود هەربوونی نامێنێ و وشک دەبێتەوە.

کە باس لەشانۆی ئەکادیمیش دەکرێ، خۆیان بەشانۆکاری ئەکادیمی ناو دەبەن و شانازی خۆیان بەوە دەردەبڕن، کە ئەکادیمی بوون، بەڵام ئەکادیمیەکی بێ بەرهەم.
بە دڵنیاییەوە، هیچ دەرهێنەرێک ناتوانێ لەسنورێکی تەسکدا بسوڕێتەوەو بێت بەدەرهێنەرێکی ئەکادیمی ئەگەر ئەزموونێکی جیهانی نەبێت و ئەو هونەرەی هەیەتی بە ئەزموونی نوێ موتوربە نەکات و ئاگای لە پێشکەوتنەکانی شانۆو گۆڕانکاریەکانی شانۆ نەبێت.

یەکێک لە سیما بنەڕەتیەکانی شانۆی ئەکادیمی بەردەوام بوونە لە ئەنجام دانی وۆرک شۆپ بەشێوازێکی پراکتیکی،.

وۆرک شۆپیش پێویستی بەمەعریفەیکی زانستی و ڕاهێنانێکی جەستەیی بەردەوام هەیە لەڕووی فیزیکی و دەنگ و ئیلڤاو ڕەگەزەکانی دیکەی نۆاندن، بۆ دروست بوونی ئەکتەر و ئامادە کردنی، لەسەر ڕێبازی دەرهێنەرە جیهانیەکانی وەک ستانسلافسکی، مایرهۆلد، برێخت، یا هەر ڕێبازێکی تری جیهانی.

د.فازڵ جاف یەکەم دەرهێنەری ئەکادیمی کوردە، کە لەبواری وۆرک شۆپدا، لە سەر ئاستی باڵای عەرەبی و جیهانی دا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بەتایبەت لەزاکۆ عەرەبیەکاندا.
فازڵ جاف زۆر جاران گلەیی ئەوەی لێ دەکرێت کە ئەوەی بۆ شانۆی عەرەبی دەیکات بۆ شانۆو شانۆکارانی کورد ناکات، کەچی من پێم وانیە کەسێک نزیکترو خەمخۆر تر بێت بۆ هونەرێک ئەو لە هەمووان زێتر هەست بە زەرورەت و گرنگی بزانێت بۆ کۆمەڵگاکەی، کەچی دەستە پاچە بوەستێت لە ئاست ئاستەنگەکانی.

ئەو لە سەردەمانێکدا کە عەمیدی کولێژی هونەرە جوانەکان بوو لەزانکۆی سەلەحەدین لە هەولێر هیچ چانسێکیان پئ نەبەخشی بۆ ڕاست کردنەوەی ئەو کولێژەو پڕ کردنەوەی بۆشاییەکانی، بۆیە من بڕوام بەو قسەیەی هێنا کە دەیگوت کورد شانۆی ناوێ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP