هه‌رێم نیوز
ته‌مه‌نی 13 ساڵ ده‌بێت، له رێگه‌ی رێكخستنه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه كه‌مه‌ندكێش ده‌كرێت بۆ ریزه‌كانیان، به‌بێ ئاگاداری هیچكام له ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی له‌پڕ دیارنامێنێت.
دایك و باوك و براو خوشكه‌كانی وه‌ك شێتیان لێهاتبو، هه‌ر رۆژه‌ی له شوێنێك بون به ئومێدی زانینی چاره‌نوسی كوڕه منداڵه‌كه‌یان كه هێشتا كوڕه نازداره‌كه‌ی ماڵ بو، له هه‌ر شوێنێك بۆنی ئه‌وی لێ بهاتایه بۆی ده‌چون، بیانزانییایه هه‌ركه‌سێك خه‌به‌ری ئه‌وی لایه ده‌ستیان ده‌كرد به به‌رۆكیدا، به‌ڵام هه‌ر هه‌موی بێ سود بو.
هاوبه‌ش عه‌تا ئه‌مین، ئه‌و كوڕه سه‌یدسادقییه‌ی هێشتا نه‌بوبو به 18 ساڵ، پاش پێنج ساڵ له دوری دایه‌و بابه، وه‌ك به‌رپرسانی په‌كه‌كه ده‌ڵێن، له كوبانێ و له روداوێكی نادیاردا ته‌رمه‌كه‌یان هێنایه‌وه بۆیان، هه‌رچه‌نده ئه‌وان باوه‌ڕیان به هیچ قسه‌یه‌كی په‌كه‌كه نه‌ماوه‌و گومانیان هه‌یه له كوژرانی كوڕه‌كه‌یان.
له پێناو دۆزینه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی و له تاسه‌ی بینینه‌وه‌ی، جگه له‌وه‌ی پێنج ساڵه عه‌تا ئه‌مین خه‌ون و خۆراكی لا هه‌ڵگیراوه، زۆرترین بڕه پاره‌شی خه‌رجكردوه، به‌ڵام بۆ ته‌نها خوله‌كێكیش رێگه‌ی نه‌درا كوڕه نازداره‌كه‌ی له ئامێز بگرێت كه بێ ماڵئاوایی به‌شێوه‌ی رفاندن، ماڵه‌وه‌ی جێهێشت.
له یه‌كێك له‌و جارانه‌ی ده‌چنه كێوێك كه په‌كه‌كه‌ی تێدایه‌و رێگه‌ی بینینی كوڕه‌كه‌یان پێ‌نادرێت، دایكی هاوبه‌ش وه‌ك دێوانه هه‌ڵدێت و له نێوان دۆڵ و شی‌و و گابه‌رده‌كاندا ئه‌وه‌نده هاوار ده‌كات و ناوی كوڕه‌كه‌ی دێنێت، تا به ته‌واوی ده‌نگی ده‌نوسێت و ئه‌وه‌نده شه‌كه‌ت ده‌بێت، به ئه‌سته‌م ده‌یهێننه‌وه.
عه‌تا ئه‌مین، له پرسه‌ی كوڕه‌كه‌یدا به چاوی پڕ فرمێسكه‌وه، هه‌ركه‌س ده‌ڕۆشت بۆ سه‌ره‌خۆشی، چیرۆكی دوری كوڕه‌كه‌ی و به‌سه‌رهاتی سۆراخه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوسه‌رو كچ و كوڕه‌كانی بۆ ده‌گێڕایه‌وه، به حه‌سره‌وه ده‌یوت، "كوڕه‌كه‌م منداڵ بو، عه‌قڵی كامڵ نه‌بو، زۆر هه‌وڵمان دا بیبینن، به‌ڵام نه‌یانهێشت، دایكی دۆخی ده‌رونی زۆر خراپه، چه‌ندجار هه‌وڵمدا بیبینم، راستییان پێ نه‌وتم، پێموتن دایكی زۆر بێ تاقه‌ته با تەنیا بیبینێت، به‌ڵام نه‌یانهێشت."
پاش وچانێكی كورت له درێژه‌ی چیرۆكه‌كه‌یدا وتی، "بردیان و لێیان شاردینه‌وه، وتمان دایكی مێشكی له ده‌ستداوه با تەنیا پێنج ده‌قه بیبینین، نه‌یانهێشت، من وتم با من نه‌یبینم قه‌یناكات، به‌س دایكی بیبینێت نه‌یانهێشت، رۆژێك ده‌یانگوت له رۆژئاوایه و رۆژێك ده‌یان وت له شوێنێكی تره”.
سه‌ره‌نجام پاش دابڕانێكی زۆر، عه‌تا ئه‌مین ئه‌و هه‌واڵه‌ی پێده‌درێت كه له ساتی رۆشتنی كوڕه‌كه‌یه‌وه لێی ده‌ترساو وه‌ك مۆته‌كه‌یه‌ك سه‌راپای ساته‌كانی ژیانی داگیركردبو.
وه‌ك خۆی ده‌گێڕێته‌وه، "په‌كه‌كه له سلێمانی ده‌زگای شه‌هیدانی هه‌یه، چوبون بۆ ماڵی كوڕێكی ئامۆزام له خورماڵ وتویانه كوڕەكەیان كوژراوە و خۆمان ناتوانین بچینه ماڵیان..
هه‌ر یه‌كێك قسه‌یه‌كمان بۆ ده‌كات، یه‌كێك ده‌ڵێت مانگێكه كوژراوە، یه‌كێك دەڵێت 15 رۆژه، په‌كه‌كه پێیانوتم رۆژی 2ی 7 كوژراوە، كه‌چی 1ی 8 به ئێمه‌یان وت."
ئه‌وه‌ی داخی عه‌تاو هاوسه‌رو منداڵه‌كانی قورسكردوه، به پله‌ی یه‌ك كوژرانی كوڕه‌كه‌ی نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه بۆ ساتێكیش رێگه‌یان پێنه‌درا بیبینن و ده‌ڵێت، "نه‌یانهێشت، چوار ساڵە نەیانهێشت كوڕەكەم ببینین، بەڵام كە كوژرا خێرا ئاگاداریان كردینەوە”.
به وته‌ی عه‌تا، "په‌كه‌كه له سنوری هه‌ڵه‌بجه و خورماڵ و شاره‌زور، 25 كچ و كوڕیان بردوه، له سلێمانی پیاوێك كوڕێك و سێ كچی هه‌یه، كه‌چی كوڕه‌كه‌یان بردوه‌و دونیا بەدوایدا گه‌ڕاوه تا هه‌واڵێكی كوڕه‌كه‌ی بزانێت، رێگای پێ ناده‌ن”.
له كاتی گه‌ڕان به‌دوای كوڕه‌كه‌یدا، به‌رپرسانی په‌كه‌كه به باوكی هاوبه‌ش-یان وتوه، "بڕۆ بابه بڕۆ، كوڕه‌كه‌ی تۆ بۆ چوار پارچه‌ی كوردستان خه‌بات ده‌كات."
وتیشی، "من وتم به‌س پێنج ده‌قه بیبینم نه‌یانهێشت، هه‌رجاره و قسه‌یه‌ك و درۆیه‌كیان ده‌كرد، ده‌یانوت ره‌وش خراپه، ژمارە ته‌له‌فۆنمان بده‌نێ خۆمان په‌یوه‌ندیتان پێوه ده‌كه‌ین، بەڵام بۆ هەواڵی كوژرانی كوڕەكەمان ئاماده‌بون یه‌كسه‌ر هەواڵمان بده‌نێ، كه‌چی بۆ بیبینی تەنیا پێنج ده‌قه نه‌یانهێشت”.
سه‌ره‌نجام لای عه‌تا ئه‌مین و بنه‌ماڵه‌كه‌ی، چیرۆكی هاوبه‌شی كوڕیان كۆتاییهات، به‌ڵام ده‌یه‌وێت دوایین قسه‌ی بكات بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڵێت، “ئامۆژگاریی خه‌ڵك ده‌كه‌م كچ و كوڕەكانیان كه منداڵن، به هیچ شێوه‌یه‌ك نزیكی ئه‌مانه نه‌بن، ئه‌م په‌كه‌كەیە هیچ راست نییە كە كوردایه‌تی بكات، كاریان ته‌نیا دزین و رفاندنی منداڵی خه‌ڵكه و له كاتی كورژانیشیان ئاگادارتان ده‌كه‌نه‌وه”.
بەپێی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌سوكاری هاوبه‌ش به‌ده‌ستیان گه‌شتوه، دوجار كوڕه‌كه‌یان هه‌وڵی وازهێنانی داوه له ریزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان، به‌ڵام ئه‌وان دوریان خستوه‌ته‌وه بۆ رۆژئاوای كوردستان تا به هیچ شێوه‌یه‌ك بواری هه‌ڵاتنی بۆ نه‌ڕه‌خسێت.
له‌گه‌ڵ كوژرانی هاوبه‌ش، ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه وێنه‌یه‌كی كوڕه‌كه‌یان به ده‌ست ده‌گاته‌وه، كه ئه‌وه‌نده‌ی تر خه‌م و په‌ژاره‌ی دایك و باوكی قورس‌تر ده‌كات و جیاوازی ئه‌وكاته نیشانده‌دات بۆ كۆتا جار له ماڵ رفێنرا له‌گه‌ڵ ساته‌وه‌ختێكی كه‌م پێش كوژرانی.