هەرێم نیوز
وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئه‌مه‌ریكییه‌كان به راشكاوانه پێیانگوتووین، ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی چاكسازی له هێزی پێشمه‌رگه به شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی نه‌چێته پێشه‌وه، هاوكاریاكانیان رادەگرن.
شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەئێستا بەسەردانێك لەئەمەریكایە له كۆنگرەیەكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ ئه‌مه‌ریكا به‌رهه‌مدار بووه و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی ئەمەریكا كۆبوونه‌ته‌وه و په‌یامی سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان دوپاتكراوەتەوە.
وتیشی، ئه‌مه‌ریكییه‌كان به راشكاوانه پێیانگوتووین، ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی چاكسازی له هێزی پێشمه‌رگه به شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی نه‌چێته پێشه‌وه، هاوكاری و پشتیوانییه‌كانیان، كه پڕچه‌ككردنی هێزه‌ی پێشمه‌رگه و هاوكاری دیكه ده‌گرێته‌وه، راده‌گرن.
ئاماژەی بەوەشكرد، پرۆسه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌ی پێشمه‌رگه كاری له‌پێشینه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌تی، ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی دیكه‌ش پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، هێزی پێشمه‌رگه پێویسته ببێته هێزێكی نیزامی كوردستانی.
وەزیری پێشمەرگە دەشڵێت:" له كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه و چاكسازی هه‌نگاوی باشی ناوه، ئه‌مه‌ریكاییه‌كانیش له‌و هه‌نگاوه خۆشحاڵیی خۆیان ده‌ربڕی، پشتگیریشیان كردین، كه ئه‌و هه‌نگاوانه، هه‌نگاوی گه‌وره‌تر و فراوانتری به‌دوادابێت."
له‌باره‌ی درووستكردنی لیوا هاوبه‌شه‌كانيش، شۆڕش ئیسماعیل ئاشكرایكرد، ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ئه‌م لیوایانه هه‌رچی زووتره درووست بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له مه‌ترسی و جووڵه‌كانی چه‌كدارانی داعش بگرن، كه له‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منی تێدایه.
باسی لەوەشكرد، له عێراق هه‌ر كارێك دێته پێشه‌وه، ده‌یان گرفتی بۆ درووست ده‌كرێت، ئه‌وان چه‌ندان داواكارییان هه‌بووه، ئێمه هه‌موومان جێبه‌جێكردووه، ئه‌وه عێراقی ئێستایه، هه‌تا كارێك جێبه‌جێ ده‌بێت، ماندووبوون و چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆری پێویسته.
ئاشكراشیكرد، له هه‌موو دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانمان له ئه‌مه‌ریكا و ته‌نانه‌ت له وڵاته‌كانی دیكه‌ش داوای ئه‌وه كراوه، ناكۆكییه ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و له چاكسازیش به‌رده‌وام بین.