دواین هەواڵ

کلتور‌

 14/07/2022

سەعاتی ئاو

حەمەسەعید حەسەن

کووپەی هەموو بۆچوونەکانم، لەسەر تاوێری ڕۆژگار، وردوخاش بوو، تەنیا یەک لێکدانەوەم بەرگەی زەبری زەمانی گرت و وەک کێو خۆی چەسپاند. هەمیشە پێم وا بووە، ئەدەب نەک هەر دکارێت تاک بگۆڕێت، بەڵکوو ڕؤڵی بەرچاوی لە گۆڕینی کۆمەڵیشدا هەیە. ئەم دیتنەم کاتێک ڕاستی و دروستیی خۆی سەلماند کە ڕەحمان ڕەشەکەپکی، لەم شەوانەدا زەنگی لێ دا و داوای لێ کردم، درێژە بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی ژیانی بدەم و ئامادەییشی پیشان دا، ئەوپەڕی کۆمەکم بکات.

ڕەحمان کە یەکەمین ساتیرەچیرۆکی منی سەبارەت بە خۆی خوێندبووەوە، هێندە دڵی ئێشابوو، بەجۆرێک ئاگری گرتبوو، بیری لەوە کردبووەوە، یەک بە دە تۆڵەم لێ بکاتەوە و چی زووترە کارێکی وا بکات، وەک تاوانکارێکی جەنگ، ڕابکێشرێمە بەردەمی دادگایەکی نێودەوڵەتی، تا بە سزای ڕەوا و شیاوی خۆم بگەم. کەچی ئێستا وا لەگەڵ ساتیرەکانمدا ڕاهاتووە، نەک هەر خۆی بە زنجیرە، بەسەرهاتی ژیانیم بۆ دەگێڕێتەوە، بەڵکوو تکایشم لێ دەکات، زوو بڵاویان بکەمەوە و پێی وایە: (ساتیر ئیسفەنجێکی مەزنە، زووخاوی خوێنەران هەڵدەمژێت.) ئەوانە لە کوێن، گومانیان لەوە هەبوو، ئەدەب ئینسان دەگۆڕێت، با گوێ بۆ قارەمانی ساتیرەکانم ڕادێرن، ئەوەتا خۆی دەپەیڤێت.

"لە سوێد هەوڵ دەدەن، پەنابەر بخەنەوە سەر ئەو کارەی لە وڵاتی خۆی کردوویەتی. من لای خۆمان ماڵان دەگەڕام و سەعاتی ئاوم دەخوێندەوە، لێرە کە بە وڵاتی سەد هەزار زەریاچە ناسراوە، سەعاتی ئاو نییە و ئاوی ئەوەندە زۆرە، بەلاشە، ئیدی ئەوەبوو دوای فێربوونی زمان و بینینی دوو کۆرسی تایبەتی، ئیشی سەگشۆردنم دەستگیر بوو. لەم کارەدا هەرچەندە بۆ من نوێ بوو، بەڵام سەرکەوتنی گرنگم بەدەست هێنا و تەنانەت جارێکیان لەسەر ئاستی ئەو گەورەدێیەی لێی دەژیام، لە پێشبڕکێی ساڵانەی سەگشوشتندا، مەدالیای زێڕێنم وەرگرت و لەو دوو چاوپێکەوتنەیشدا، ڕادیۆی ئاوایی و مانگنامەی سەردیواری قوتابخانەی گوند لەگەڵیاندا کردم، ئەو سەرکەوتنە مەزنەم، پێشکەس بە گەلە بەشخوراوەکەم کرد و بەمەیش دۆست و دوژمن دەزانن، لەسەر ئاستی ئەو گەورەدێیە، ناوی کوردم بڵند ڕاگرت.

بەدەم سەگشۆردنەوە، ناوبەناو شیعریشم دەنووسی، بەڵام تەنیا دوو گۆڤار بەرهەمیان بڵاو کردمەوە. سەرنووسەی یەکێکیان (دیمانە)ی بەخێر، خزمی خۆم بوو، لە ڕوودا داما. سکرتێری نووسینی ئەوەی دیکەیشیان، لای خۆی هاوشارۆچکەییم بوو، کەچی ئەوەندەی لێ پاڕامەوە، بەردیش بووایە، دەبوو بە ئاو، هەر ئەوەبوو بەسەر کەوشەکانیدا نەکەوتم، تا سێ دێڕی لە ڕؤمانەشیعرێکم بڵاو کردەوە.

یارێکم هەیە وەک کۆکاکۆلا
ناوقەدی باریک، دەمی بچکۆلا
دەترسم بمرم و ژنێ
بە شێوەزاری سلێمانی
پێم نەبێژێ بەساقەت بم
گوڵی ماڵەکەم بۆ خوڕ خوڕ دەگریت؟
گیانە ناگریم، ئەوە پیاز دەجنم

بریا هەر بڵاوم نەکردباوە، (هەرچەندە نووسەر کە دەقێکی نووسی، ئیدی پێوەندیی پێوەی نامێنێت و دەسەڵاتی تێکستەکە، بەڕە لەژێر پێی نووسەرەکەی ڕادەکێشێت،) کەچی هەندێک زڕەکوردی سەلەفی، ناشارستانی و نائاشنا بە بزووتنەوەی شیعری نوێ، لەسەر ئەو سێ دێڕە، ئەوەندەیان پێ ڕابواردم، کردمیان بە پەند. ئەوەبوو منیش سێبەسێ تەلاقم خوارد، ئیتر لە ژیانمدا شیعر نەنووسم.

هەر ئەو کۆنەپارێزانە کە دژی ئازادیی ژنانیش بوون، ناویان نابووم: ڕەحە سەگشۆر و پێیان دەگوتم: نان بۆ ئێمە لە قوڕگی شێردایە، بۆ تۆ لە قوونی سەگدایە، یان دەیانگوت: چۆن موسوڵمان سەگ دەشوات؟ ڕاستە من وەک موسوڵمان لە دایک بووبووم، بەڵام هەڵسوکەوتم زیاتر لە ڕەوتاری حەزرەتی مەسیح دەچوو. بە هەر حاڵ، ناچار وازم لەو ئیشەیش هێنا، هەرچەندە داهاتووم لەو بوارەدا ئەوەندە ڕۆشن دیار بوو، هیچ دوور نەبوو ببم بە جێگری سەرۆکی سەندیکای سەگشۆران.”



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP