د. عثمان کریم قادر - پسپۆری کواڵیتی خۆراک و تەندروستی مرۆڤ
بەهۆی سەرهەڵدانی نەخۆشی کۆلێرا لە سلێمانی و دەوروبەری، لەم ڕۆژانەدا زۆر گوێت لە ئاوی ئاوەڕۆ یان ئاوی قورس دەبێت کە سەرچاوەیە بۆ بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشییە، لێرەدا چەند پرسیارێک لەنێو ئەو پرسیارە جۆراوجۆرانەی کە تۆ و چەندەها کەسی تر بەردەوام دەیکەن، کە ئایا ئاوی ئاوەڕۆ کە لە زێرابی ماڵانەوە کۆدەبێتەوە لە ناوچەی تانجەڕۆی سلێمانی، هەتا چەند شیاوە بۆ ئاودانی ئەو سەوزانەی لەو ناوچەیە بەرهەم دەهێنرێت؟
زانینی ئەم بابەتە نوێ نیە بۆ لایەنە پەیوەندارەکانی کەرتی تەندورستی و کشتوکاڵ، وە زۆرجار ناوەندە ئەکادیمی و زانستیەکان لە زانکۆکانی کوردستان بە توێژینەوەکانیان هۆشداریان داوە لە کاریگەری بە کارهێنانی ئاوی ئاوەڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەتایبەتی سەوزەکان، بەڵام بەداخەوە تێبینییەکان بە پێی پێویست بە هەند وەرنەگیراوە و کاری لەسەر نەکراوە.
سەبارەت بە نەخۆشی کۆلێرا، ئاشکرایە کە نەخۆشییەکی بەکتریایە کە یەکێک لە سەرچاوەکانی بڵاوبونەوەی بەزۆری لە ڕێگەی ئاوی پیسەوە دەبێت. وە کۆلێرا دەبێتە هۆی سکچوونی توند و وشکبوونەوە. ئەگەر چارەسەری نەکرێت، دەتوانێت لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کوشندە بێت.
بەڵام پرسیارێک کە بەردەوام دێتە پێشەوە ئەوەیە کە ئایا دەتوانرێت ئاوی ئاوەڕۆ بۆ کۆمەڵێک چالاکیی لە بواری کشتوکاڵدا بەکاربهێنرێت، کە یەکێکیان بۆ ئاودێری بەرهەمە کشتوکاڵیەکانە.
ساڵانێکە ئاوی ئاوەڕۆ سەلماندوویەتی کە سوودی بۆ ڕووەک و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەیە، چونکە ماددە خۆراکییە ئۆرگانی و نائۆرگانیکەکانی تێدایە، بەتایبەتی نایترۆجین و فۆسفۆر کە زۆر گرنگن بۆ گەشەی ڕووەک، بەڵام توێژینەوە زانستیەکان ترسی خۆیان نەشاردۆتەوە لە بونی کانزا قورسەکان، مایکرۆ ئۆرگانیزمەکانی وەکو بەکتریا و کۆمەڵێک سەرچاوەی پیسکەری تر لە ئاوی ئاوەڕۆکان کە کاریگەریان هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ، بۆیە باشترین ئامۆژگاری بریتیە لە پابەند بون بە ششتنەوەی سەوزەکان بە باشی پێش خواردنیان.
بەدرێژایی ساڵانی پێشوو ، لە سەرانسەری جیهاندا بەکارهێنانی ئاوی ئاوەڕۆ بۆ چالاکییە کشتوکاڵییەکان و ئاودێری کشتوکاڵی لە لایەن جوتیارانەوە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە، ئەمەش بەهۆی کەمی ئاوی سەرزەویوەیە.وە تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتوو و گەشەسەندوودا ئەم کارە لە نێو جووتیاراندا زۆر بەربڵاوە لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی کێشەی کەم ئاوی دەبنەوە. وە جووتیاران بە تایبەتی ئاوی ئاوەڕۆیان پێ باشترە بەهۆی ئاستی بەرزی ماددە خۆراکیەکانیانەوە، کە ڕەنگە تێچووی وەرگرتنی پەینە کیمیاویەکان بۆ بەرهەم کشتوکاڵییەکانیان کەم بکاتەوە یان بە تەواوی نەهێڵێت. بەڵام خەڵکی نیگەرانی خۆیان هەیە سەبارەت بە سەلامەتی بەکارهێنانی ئاوی ئاوەڕۆکان کە ترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکانی لێ دەکرێت.
بە شێوەیەکی ئایدیاڵ، ئاوی ئاوەڕۆی ئەگەر پرۆسەی بە فیلتەر کردنی بۆ بکرێت و پاکبکرێتەوە، ئەتوانین بۆ ئاودێری كشتوکاڵی بەکاربهێنرێت، بەڵام تێچووی زۆری پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆ بۆ مەبەستی ئاودێری لە توانای جووتیارانی ئێمەدا نیە، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەری ئاوی ئاوەڕۆی ماڵان بکات لە هەمو شارەکانی کوردستاندا پێش ئەوەی بگات بە دەستی جوتیاران، نەک تێکدانی کیڵگەکانیان بە شۆفڵ، بۆ ئەوەی بتوانین سودێکی باش لە ئاوی ئاوەڕۆ وەربگرین و بتوانین بەکاری بهێنین بۆ بەرهەم کشتوکاڵییەکان بەشێوەیەک کە کۆنترۆڵی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکان بکرێت و کاریگەری نەبێت بۆ سەر تەندروستی هاونیشتمانیان، هەروەکو چۆن پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆ بە شێوەیەکی مۆدێرن، هۆکاری نەمانی نەخۆشی کۆلێرایە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا.