د.جەعفەر عومەر- پزیشکی پسپۆری دەروونی
مرۆڤ، بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ مرۆڤەکانی چواردەوری، پەیوەندی لەگەڵ خێزان، خزمان، هاوپیشە، دراوسێ، کۆمەڵگە، ... ئەنجامدەدات.
جگە لە سودە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو بەدەستهێنانی پشتیوانی و هاوکاریکردنی نێوان مرۆڤەکان، سودی دەروونی زۆری هەیە بۆ تاک و ئاسودەیی دەبەخشێت بە مرۆڤ، سەرچاوە و بنەمایەکی سەرەکی دەرووندروستییە!
ئەگەر تاک پەیوەندییەکان بەشێوەیەکی دروست و گونجاو ئەنجامبدات، لە ڕێگەیەوە دەتوانێت ئاسودەیی دەروونی و پشتیوانی کۆمەڵایەتی بەدەستبهێنێت، هەروەها دەبێتە هۆی گەشەپێدانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و بەئاگابوون لە کەسانی نزیک. پەیوەندییەکان وەکو:
کۆبوونەوەی خێزانی و پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی خێزان.
گرنگیدان بە سەردان و بەسەرکردنەوەی خزمان و دۆستان.
چاودێری و پشتیوانی نەخۆش و هەژاران.
بەشداریکردن لە بۆنە کۆمەڵایەتیی و نەتەوەیی و ئاینییەکان.
بەشداری لە خۆشی و ناخۆشییەکانی ئەوانی تر.
گرنگە کە لە کاتی پەیوەندییەکاندا، ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەین هەتا بەشێوەیەکی دروست ئەنجامیان بدەین:
پەیوەندییەکە بۆ مەبەست و دەستکەوتێکی کەسی نەبێت!
لە کات و شوێنی گونجاودا ئەنجامبدرێت، کاتێک کە بۆ هەردوولا گونجاوبێت.
ماوەی مانەوە و پێکەوەبوون گونجاوبێت! بەشێوەیەک نەبێت بەرانبەر بێزاربێت.
نەبێتە هۆی بارگرانی بۆ بەرانبەر، بۆنمونە منداڵەکان ببنە هۆی بێزارکردنی نەخۆشێک کە سەردانیکراوە.
هەتا بتواندرێت، دیاری و خەڵاتێک ببرێت!
دورکەوتنەوە لە گوفتار و کرداری بریندارکەر.
ئەم جۆرە لە پەیوەندی، سەرچاوەن بۆ ئاسودەبوونی دەروونی، و ئاڵوگۆڕی بەردەوامی هەستوسۆزی ئەرێنی لەناو کۆمەڵگەدا!