هەرێم نیوز
دەستەی گشتیی کەشناسیی عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکەین سبەی یەکشەممە خۆڵبارین لە نێوەڕاست و باشووری عێراق دەستپێدەکاتەوە، پێشبینیش دەکەن رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی داهاتوو ناوبەناو باکووری عێراق بگرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق راشیگەیاند، پێشبینی دەکەن سبەی یەکشەممە ئاسمان لە ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق بێ هەور دەبێت و پلەی گەرما زیاتر بەرز دەبێت بەراورد بە ئەمڕۆ، بەڵام (با) بە خێرایی 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لە باکوورەوە بەرەو رۆژئاوا هەڵدەکات، هەندێکجاریش خێرایی (با) دەگاتە 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و دەبێتە هۆی خۆڵبارین، بۆیە مەودای بینین بۆ 2 تاوەکو 4 کیلۆمەتر کەمدەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، سبەی ئاسمان لە ناوچەکانی باکووری عێراق ساماڵ دەبێت و پلەی گەرما هەر وەکو ئەمڕۆ شەممە دەبێت، هەروەها خێرایی با 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لە باکوورەوە بەرەو رۆژئاوا هەڵدەکات و مەودای بینین لە نێوان 6 بۆ 8 کیلۆمەتر دەبێت.
سەبارەت بە کەشوهەوای رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتە، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق ئاشکرایکرد، دووشەممە و سێشەممەی داهاتوو ئاسمان لە ناوچەکانی باکوور و نێوەڕاست و باشووری عێراق ساماڵ دەبێت و پلەی گەرما وەکو رۆژی پێشتر دەبێت. هەروەها خێرایی با 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا لە باکوورەوە بەرەو رۆژئاوا هەڵدەکات، هەندێکجاریش خێرایی با دەگاتە 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و دەبێتە هۆی خۆڵبارین، بۆیە مەودای بینین بۆ 2 تاوەکو 4 کم کەم دەبێت، بەڵام پێشبینی دەکەین چوارشەممەی ئەم هەفتە خۆڵبارین کۆتایی بێت.
دەستەی کەشناسیی عێراق سەبارەت بە هۆکاری زۆربوونی شەپۆلەکانی خۆڵبارین لە عێراق ئەوەی خستەڕوو، هۆکاری کورتمەودای زۆربوونی شەپۆلەکانی خۆڵبارین لە عێراق کەمیی بارانبارین و کەمبوونی رووبەری سەوزاییە، بەڵام هۆکاری درێژمەودای ئەم دۆخە گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی و بەبیابانبوونی خاکی عێراقە.