هەرێم نیوز
حەج و عومرەی هەرێم لە راگیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمساڵ بە هیچ شێوەیەک حەجی بازرگانی بە شێوەیەکی فەرمی نەک تەنها لە کوردستان و عیراق بگرە لە سعوودیەش هیچ بنەمایەکی نییە و داواش لە هاوڵاتیان دەکات کە باوەڕ بە هیچ کەس و کۆمپانیایەک نەکەن.
دەقی راگەیەنراوەکە:
لەبارەی حەجی بازرگانیەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە
بەهۆی نزیک بوونەوەی وەرزی حەجی ئەمساڵ، ماوەیەکە سەبارەت بە حەجی بازرگانی پەیوەندییەکی ئێجگار زۆر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەوە دەکرێت
هەر وەک چۆن پێشتریش ئاگاداری هاووڵاتیانی کوردستانمان کردبووەوە، وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان ئەوە رووندەكەینەوە کە ئەمساڵ بە هیچ شێوەیەک حەجی بازرگانی بە شێوەیەکی فەرمی نەک تەنها لە کوردستان و عیراق بگرە لە سعوودیەش هیچ بنەمایەکی نییە و داواش لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە باوەڕ بە هیچ کەس و کۆمپانیایەک مەکەن کە بانگەشەی هەبوونی حەجی بازرگانی دەکەن چونکە ئەگەری زۆرە پارەکەیان بەهەدەر بچێت، هەروەک چۆن لە ساڵانی رابردوودا زۆر خەڵک زەرەرمەندبوون و زیانیان پێكەوتووە.
لێرەوە دیسان هاووڵاتیانمان ئاگادار دەکەینەوە کە بڵاوبوونەوەی هەندێک وێنەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گوایە وێنەی فۆرمی وەرگرتنی ڤیزای حەجی ئەمساڵە، دوای بە دواداچوونمان بۆمان دەرکەوت کە ئەو وێنانە هیچ بەروارێکیان لەسەر نییە و لەوە زیاتر نین كە لە بڵاوكراوەی ساڵانی پێشوو لە ئینتەرنێتەوە وەرگیراون بۆ سەرنجڕاكێشان و خەڵەتاندنی موسڵمانانی تامەزرۆی سەفەری حەج بەكاریان دێنن.
سەرەڕای ئەوەی كە بڕە پارەیەكی زۆر بۆ حەجی بازرگانی داوادەكرێت، بێ ئەوەی هیچ بنەمایەكی فەرمی بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیە هەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان وەك چۆن هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە، لە هەمانكاتدا هۆشداری دەداتە هەموو کۆمپانیاکانی حەج و عومڕە، کە مۆڵەتی فەرمییان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕە وەرگرتووە خۆیان لەم کارە بە دوور بگرن، بە پێچەوانەوە بەهۆی بانگەشە و رێکلام کردنی بێ بنەما بۆ حەجی بازرگانی، دواجار ڕووبەڕووی لێپچینەوەی یاساییی و کارگێری دەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان
٢٣\٥\٢٠٢٢