دواین هەواڵ

کلتور‌

 20/05/2022

”زەینی نەرمەلیقەی کورد و كرداری شپرزە”

جەلیل ئازادیخواز

زەمەنێ كە لەڕەوتی ژیان و پەروەردەی كولتووریی و ڕۆنانی بنەماكانی هزر و مەعریفەدا زەینی كۆمەڵ و تاك لەسەر سەرباشقە هاوبەشەكان بیچم نەگرن، كۆمەڵ نەتوانێ لە ڕەهەندو چەمكە {بوون زامنەكاندا} ناسنامەی هاوبەشی نیشتمانیی، یا نەتەوەی بكاتە ڕەفتار و دەرئەنجامی هاوبەش . ناسنامە،بنەماو بەستێنە ناوكۆیەكانی زامنی بوون و مانەوەی تاك و نیشتمان، دەكەونە شڵەژان و ناهاوسازی و ناتەباییەكی كولتووری ، ئەخلاقی و سیاسی، كە دەبێتە بەریانێكی مێژووی.

دووفاقی زەین و ژین و هەڵوێست، لەم بەریانەدا بە بەرجەستەی خۆی نمایش دەكات و ڕووبەرێكی هەرە زۆری كۆمەڵگاو وزە بۆ خۆی تەرخان دەكات.ئەم دووفاقیە كاتێ ترسناكە، كە هەر دوو بەریان وفاق، یا چەن فۆرمێك كە بە ناو یا بۆ یەك هزری ناوەندی یا مەبەست، خۆیان دەردەبڕن. هەموو بە جۆرێ خۆیان بە هەقیقەت دەزانن .

كارەساتی گەوورەتر ئەوەیەكە هەموو خۆیان بە تەواوییەتی هەقیقەت دەزانن نەك یەكێ لە ڕووخسارەکانی هەقیقەت. ئاوەزەكان ،نەك ئاوەزی گشتی ،ئاوەزی گشتی لە سەربابەتە بنەمایی و ئیستراتیژیەكانی وەك ;بوون،مانەوەی سەرفەرازانە ،ئازادی،سەروەریی گشتی،ئاسایشی نیشتمانی و ئاشتی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی ئەگەر یەك نەبن، زۆرترین لێكنزیكیان هەیە.

لە ئاستی ئێمە و كۆمەڵگای ئێمەدا بیردۆزێكی پێچەوانەیە ،لەسەر ئاستی گشتی و زامنكردنی چەمكە باسكراوەكان زۆرترین لێكجیاییان هەیە.

لە بەستێنی مرۆڤی سرووشتی دا هەموو كوردین و ئازادی و سەرفەرازی و داد و مانەوەمان زامن دیارە،بۆ؟چوون هێشتا نە بووینەتە مرۆڤی كۆمەڵایەتی .

بە مانایەكی تر،كۆمەڵگا لە بەرامبەر خۆیدا،نەك لە دەرەوەی خۆی.واتە هێشتا كوردیی دەژین لە خەیاڵدانی خۆماندا،بەڵام كام كوردیی و كام ژیان؟،كوردیی و كوردستانییە،كە هەردووكی لە دەرەوەی دەسەڵاتی تۆیە،لە دەرەوەی ئێمەی لەبەرامبەر یەكدایە،نەك ئێمەی پێكەوە.

لە ڕاستیدا هێشتا ئێمەی پێكەوە نەڕسكاوە،تا نەڕسكی ئەم دۆخە هەیە،تائەم دۆخەش بێت هیج لەو چەمكانە بوونی هەقیقییان نییە.هەموو بوونمان لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئیمە، بۆیە هەر جۆر بخوازن نەقسی دەكەن،هەر جۆر بخوازن پێناسەی دەكەن ، هەموو پێناسەكانیش لە دەرەوەی هەقیقەتی جەوهەری و فەلسەفی ئێمەیە .

ئەم ڕەوتە تا بیچمێكی یەكانگیر فۆرمی پێ نەدات و فیكورێكی هاوبەش لە سەربنەمای هەقیقەتی ئەو چەمكانە، لە زەینی كۆماندا نە نەخشێنێ، ئەم شلەژانی كردەییە هەر هەیە.

ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو باشترین گەواهن لەسەر زەینی نەرمەلیقەی گشتیمان و كردەی نایەكانگیرو شڵەژاومانە. زەینی یەكانگیر زەینی ڕێكخراوە لە سەر چەمكە گەردوونی و سەروەریەكان ،كە بێ پسانەوە مەیلی بۆ دەسەڵاتە بۆ پارێزگاری سەربەخۆیانەی ئەو چەمكانە .

زەینی ئیمە تاهەنووكەش زەینێكی سرووشتیە ،كە مەیلی بۆ ئەو دەسەڵاتە سەروو وە نییە،یازۆر لاوازە مەیلەكەی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP