دواین هەواڵ

کوردستان‌

 08/05/2022

سەندیکای پزیشکان: ئەبوبەکر هەڵەدنی هیچ بەڵگەیەکی نەخستەروو لەسەر قسەکانی

هەرێم نیوز 

سەندیكای پزیشكانی كوردستان رایگەیاند، ئەو پەرلەمانتارەی لەمیداكانەوە باسی دەست درێژی پزیشكێكی كردبوو سور بوو لەسەر نەدركاندنی ناو و ناونیشانی ئەو كەسەی كە تۆمەتی خستبوە پاڵی .

سەندیكای پزیشكانی كوردستان ئەنجامی لیژنەی بەدواداچونی لەسەر لێدوانێكی ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوەو تیایداهاتوە، پەرلەمانتار ئەبوبەكر هەڵەدنی، سور بوو لەسەر نەدركاندنی ناو و ناونیشانی ئەو كەسەی كە تۆمەتی خراوەتە پاڵ ئەوەش لەبەرئەوەی وەك دەڵێت لەبەر دۆخی كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی، لە هەمانكاتدا ئامادەیی خۆی نیشاندا كە داوای لێبوردن بكات لەهەر پزیشكێك كە پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ كرابێت لەئەنجامی ئەم لێدوانەی.

راشیگەیاندوە، پزیشكان توێژێكی زۆر گرنگی كۆمەڵگەن و سامانێكی نەتەوەیین، پێویستە ئەو پەرلەمانتارەو هەموو لایەك خۆیان بە دوور بگرن لە لێدوانی ناشرین و ناوزڕاندن بەم پیشەیە، ئەم لێدوانەی هەڵەدنیش دەچێتە خانەی زیان گەیاندن بە كاری پزیشكی و مەترسی بۆ سەر پزیشكان.

راگەیەندراوەكە دەشڵێت:" لێرەوە رایدەگەیەنین كە وەكو سەندیكا سورین لەسەرئەوەی كە پێویستە بە فەرمی داوای لێبوردن لە پزیشكان بكات بەپێچەوانەوە كەیسەكە دەبەینە دادگاو بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵە ئەم پێشێلكاری و ناوزڕاندنە دەكەین."

ئاماژەی بەوەشكردوە، لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی هەرێم بەردەوامیش دەبین لە چاودێری كردن و پاراستنی بنەماو بەها بەرزەكانی دەستدانە پیشەی پزیشكی لە هەرێم و داكۆكیكاری مافەكانی نەخۆش و پزیشكان بەیەكەوە، بۆیە بە هەموو شێوەیەك بەرەنگاری هەموو ئەو هەوڵانە دەبینەوە كە دەیانەوێت متمانەی هاووڵاتیان بە پزیشكان و پیشەی پزیشكی لە كوردستان لاواز بكەن.

دەقی راگەیەندراوەكە:..

دوابەدوای بەدواداچوونی ئەنجومەنی باڵای سەندیکای پزیشکانی کوردستان
ئەمەش دەقی بەدواداچوونەکەیە:
ئەنجامی لیژنەی بەدواداچوونی سەندیکا لەسەر لێدوانەکانی پەرلەمەنتار ئەبوبەکر هەڵەدنی
پاش ئەوەی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا بەڕێز ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، پزیشکێک تاوانبار دەکات بە دەستدرێژی سێکسی بۆسەر نەخۆشێک ، ئەنجومەنی باڵا لیژنەیەکی بۆ بە دواداچوون لەسەر ئەم بابەتە پێکهێنا بۆ خستنە رووی راستەیەکان .
دوابەدوای دانیشتنی لیژنە لەگەڵ بەڕێز ئەبوبەکر هەڵەدنی ، ئەم خاڵانەی خوارەوە وەک دەرەئەنجام و روونکردنەوە بۆ رای گشتیی وپزیشکان دەخەینە روو:
١. بەڕێز ئەبوبەکر هەڵەدنی سوور بوو لەسەر نەدرکاندنی ناوو ناونیشانی ئەو کەسەی کە تۆمەتی خراوەتە پاڵ ئەوەش لەبەر ئەوەی وەک بەڕێزیان دەڵێت "لەبەر دۆخی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی"، لە هەمان کاتدا ئامادەیی خۆی نیشاندا کە داوای لێبوردن بکات لەهەر پزیشکێک کە پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ کرابێت لە ئەنجامی ئەم لێدوانەی.
٢. پزیشکان توێژێکی زۆر گرنگی کۆمەڵگان و سامانێکی نەتەوەیین ، پێویستە بەڕێزیان و هەموو لایەک خۆیان بە دوور بگرن لە لێدوانی ناشرین و تەشهیر کردن بەم پیشەیە.
٣. ئەم لێدوانەی بەڕێز هەڵەدنیش دەچێتە خانەی زیان گەیاندن بە کاری پزیشکیی و مەترسی بۆ سەر پزیشکان. بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنین کە وەکو سەندیکا سوورین لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئەم بەڕێزە بە فەرمی داوای لێبووردن لە پزیشکان بکات بە پێچەوانەوە کەیسەکە دەبەینە دادگا و بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵە ئەم پێشێلکاری وتەشهیرە دەکەین.
٤. سەندیکای پزیشکان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە هەرێم بەردەوام دەبێت لە چاودێری کردن وپاراستنی بنەما و بەها بەرزەکانی دەست دانە پیشەی پزیشکی لە هەرێم و داکۆکیکاری مافەکانی نەخۆش و پزیشکان بەیەکەوە، بۆیە بە هەموو شێوەیەک بەرەنگاری هەموو ئەو هەوڵانە دەبێتەوە کە دەیانەوێت متمانەی هاووڵاتییانی خۆشەویست بە پزیشکان و پیشەی پزیشکیی لە کوردستان لاواز بکەن.
لەگەڵ رێزدا
سەندیکای پزیشکانی کوردستان



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP