لە فارسییەوە: كوردەوان محەمەد سەعید
نێرجسیەت دەستەواژەیەكە هەموومان پێی ئاشناین، ئەو جۆرە بیركردنەوەیەی هەمیشە دەڵێ: (یەكەم خۆم) لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا زۆر دەبینین، زۆر جاران دەستەواژەی نێرجسیت بۆ كەسانی بەناوبانگ یان سیاسەتمەداران و تەنانەت كەسانی دەوروبەری خۆشمان بەكار دەهێنین، كاتێكیش بە كەسێك دەڵێن نێرجست، مەبەستمان لەو جۆرە كەسانەیە لە كاتی قسە كردندا هەمیشە خۆی دەكاتە تەوەری بابەت.
هەڵبەتە لووتبەرزی جیاوازی لەگەڵ نێرجسیەت هەیە، وەك چۆن تایبەتمەندی كەسێتییەكی نۆڕماڵ جیاوازی هەیە لەگەڵ كەسێتییەكی نەخۆش، لەم ساڵانەی دواییدا توێژینەوە لەو بابەتە زیادیكردووەو پزیشكان و دەروونناسان باشتر لەو جیاوازییە تێگەیشتوون، بۆ نموونە كەسانی نێرجست بە كەسانی لووتبەرزو خۆپەسەندو خۆدەرخەر دەزانین و پێمانوایە جێگەی سەرنج و قسەو باسی خەڵك بۆ خۆیان دەدزن، بەڵام لە راستیدا ئەوان زیانلێكەوتەن، چونكە راستە ئەوان خۆیان لا گرنگە، بەڵام لەبەر چاوی خەڵكی كاڵ دەبنەوە.
توێژەران بۆ ئەوەی لە سەرلێشیوان بەدوور بن، نێرجسی بە سێ نموونە پێناسە دەكەن، پشێویی نێرجسێتی، خۆ بە زلزان، زیانپێگەیشتوو، هەرسێكیان لە بنەڕەتدا نێرجسن، بەڵام گرنگە پەی بە جیاوازییەكانیان ببەین، سەرەتا لە چەمكە باوەكەوە دەست پێدەكەین و پاشان دەچینە سەر تازەترین زانیارییەكانی ئەو بوارە.
پشێویی نێرجسیەت
كاتێك قسە لەسەر نێرجسیەت بە واتا رەسمییەكەی دەكەین، زۆربەی كات مەبەستمان لە كەسێكە كەسێتی شێوا بێت، واتە باس لە پشێویی نێرجسیەت دەكەین، ئەمەش بەو كەسانە دەوترێت كە رەفتاری بە رادەیەك نادروستە كاریگەریی خراپ لەسەر ژیانی خۆی و كەسانی دیکەش دادەنێت، بە گوێرەی تازەترین توێژینەوەی دەروونناسان و ئامارەكانی پەشێویی دەروونی، پشێویی نێرجسیەت، كەسانی نێرجس زۆر خۆویستن، لەبارەی سەركەوتنی خۆی، هێزو توانای، باشتر بوونی، لەسەر هەقبوونی، هەمیشە خەیاڵپڵاوەو خەڵكی بە قازانجی خۆی بەكار دەهێنێت، تاكە كەس ئەگەر كەمێك زیاتر لەو پێودانگانەی تێدا بێت پێی دەڵێن باری دەروونی تێكچووە، لە راستیشدا ژمارەیەكی كەم لە مرۆڤەكان كەسێتییان هێندە توندە كە بتوانرێ پێی بوترێ دەروون پەشێو.
هەڵبەتە بە گوێرەی توێژینەوە زانستییەكان، مرۆڤ بە شێوەیەكی گشتی دەبن بە دوو بەشەوە، مرۆڤی سلبی و ئیجابی، یان نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ، واتە باش و خراپ، مرۆڤ كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەیە، كە هەندێك لە مرۆڤەكان دەتوانرێ وا لێك بدرێتەوە كە ئاستی نێگەتیڤیان بەرزترە، كاتێكیش دیاردەی نێرجسیەت لە مرۆڤێكدا زیاتر بێت، ئەوا دەتوانرێت بە پشێویی هەژمار بكرێت، ئەو كاتیش دەتوانرێ وەك پشێویی رەفتاریی سەیر بكرێت.
لە بنەڕەتدا ئێمەی مرۆڤ بە گشتی نە دایكە تێریزا-ین و نە نێرجسیشین، بەڵكو لە نێوان ئەو دوانەداین، جارجاریش دیاردەی نێرجسیمان لێ دەردەكەوێت، بەڵام لە زۆربەی مرۆڤەكاندا چۆنێتیی خۆپەرستییەكە هێندە زەق نییە كە شایەنی باس بێت، جگە لەوەش هەندێك لایەنی خۆپەرستی لەوانەیە كاریگەریی باشی هەبێت، بەڵام لەبارەی جۆری كەسێتییەوە هەمیشە جۆرێك لە هاوسەنگی هەیە، توێژەران ئەو جۆرە كەسایەتییە دابەش دەكەن بۆ دوو جۆری سەرەكی: خۆبەزلزان و خۆبەكەمزان.
جۆری خۆبەزلزان
ئەمە ئەو جۆرەیە كە یەكەم جار بە بیرتاندا دێت، لەبەر ئەوەی هەمان جۆریشە كە توێژەرانی دەروونناسی بۆ یەكەم جار توێژینەوەیان لەبارەوە كردو بەشێوەیەكی گشتیش نێرجسیەت بەوە لە قەڵەم دەدەن، ئەوانە كەسانی كارێزمان و زۆرجار لە هەڵبژاردندا كەسی لەو جۆرەتان بینیوە، ئەوانە خۆیان زۆر سەرنجڕاكێش پیشان دەدەن و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هاوڕێیان زۆرە، لەبەر ئەوەی خۆیان مەبەستیانە سەرنجی كەسانی دی رابكێشن.
ئەم جۆرە لە نێرجسیەت خۆیان گەورە پیشان دەدەن، دەنگە دەنگ زۆر دەكەن و لە خۆبایین، بوێرو خاوەن بڕیاری یەكلاكەرەوەن، نەفس بەرزن، لە پەیوەندییاندا لەگەڵ كەسانی دیكەدا خۆیان زاڵ دەكەن، تواناو لێهاتوویی خۆیان بەرز رادەگرن، خۆشیان پێ جوانە، ئەمە تا رادەیەك خراپ نییە، لەبەر ئەوەی ئەوە جۆرێكە لە متمانە بەخۆبوون و كەسانی لەو جۆرەش باش دەتوانن ئامانجی خۆیان دەستنیشان بكەن و لە كۆتاییشدا ئەمانە دەبنە سەركردە و رێبەری گەورە.
كێشەكان كاتێك سەرهەڵدەدەن، كە ئەو تایبەتمەندییانە كاریگەریی خراپ لەسەر كەسانی دی دادەنێت، چونكە كاتێك ئەم جۆرە كەسانە دەسەڵات بەدەست دەهێنن دۆخەكە خراپتر دەبێت، چونكە مرۆڤی خۆبەزلزان ئەگەر بزانێ توانای گەیشتن بە ئامانجەكانی هەیە بێ هیچ بەربەستێك، ئەگەری هەیە زیان بە خەڵكی بگەیەنێت، بە زمانێكی سادەتر بڵێین، ئەوانە خوازیاری پلەو پایەو سێكس و چێژ وەرگرتنن، حەزیان لە ناوی باق و بریقی سەركردانەیە، بەدوای ژنی جوان و خشڵی گرانبەها و ئەو شتانەوەن، ئەم جۆرە مرۆڤانە شەیدای خۆیانن و دەیانەوێ كەسانی دیكەش گەورەییەكەیان ببینێت، پێیان وایە هەر كەس و هەر شتێك كە لە دەوروبەریانە لە خزمەتی ئەواندایە.
لە راستیدا كەمێك خۆ بە زلزانین رەنگە شتێكی باش بێت، كۆمەڵگەش پشتیوانی لێ دەكات، چونكە بە گشتی ئێمەش نەفس بەرزیی و بڕوا بەخۆبوونمان پێ باشە، لە ژیانی رۆژانە و سیستمی سیاسیماندا سەركردەكان هان دەدەین بێنە مەیدان و ئەوانەش كە لە وتارداندا كارامەن بە لایك و فۆڵۆ پاداشتیان دەدەینەوە، ئەمە بە رووكەش هیچ كێشەیەكی تێدا نییە، بەڵام لە راستیدا بەهای ئەو كەسە زۆر بەرز دەكەینەوە. ئەگەر كارەكتەری تۆنی ستارك بە نموونە وەربگرین، دەبنین كەسێكی دەوڵەمەند و زیرەك و بە توانایە، بە داهێنانەكانی خزمەت بە كۆمەڵگە دەكات، لە هەمان كاتدا كەسێكی سەرەڕۆیە و خۆی پێ گرنگە، رقی لە سازش و ملكەچ بوونە، لەبەر ئەوەی خۆ بە زلزانی زیانی لاوەكیشی هەیە.
جۆری خۆبەكەمزان
جۆرێكی دیكە لە نێرجسان هەن، خۆبەكەمزانن و لە ناخەوە شكاون، ئەم جۆرەیان لە بری ئەوەی هەوڵبدەن خۆیان دەربخەن، تەنیا هەوڵدەدەن پارێزگاری لە خۆیان بكەن، ئەم جۆرە مرۆڤە زۆر هەستیارن، هەمیشە لە دۆخی بەرگریدان، كینە لە دڵن، لە مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكی پارێز دەكەن، ئێمە كاتێك دەمانەوێ باسی نێرجسیەت بكەین، كەمتر مەبەستمان لەم جۆرە مرۆڤەیە، لەبەر ئەوەی ئەمانە زۆربەیان شاراوەن و خۆیان دەرناخەن یان دەرناكەون.
نێرجسی خۆبەكەمزان، ئەو جۆرە كەسانەن كە زوو تووڕە دەبن، ئەگەر بەراوردی بكەین بە نێرجسی خۆبەزلزان، ئەمەی دووەمیان هەمیشە ئامادە و لەسەر پێیە بۆ هەڵچوون، ئەم جۆرەیان لە نێرجسی، دەروونناسان بەم دواییانە ئاشكرایان كردووەو پێیانوایە كەسێتییەكی دەروونڕەنجاون.
كێشەی ئەم جۆرە لە نێرجسیەت ئەوەیە كە بە خەیاڵی خۆیان هەڕەشەیان لەسەرەو هەمیشە ئەو خەیاڵەش لای خۆیان گل دەدەنەوە، لەبەر ئەوە ئەگەری هەیە بەردەوام بیریان لای رەفتار و مامەڵەی خۆیان بێت لەگەڵ كەسانی دی، لەبەر ئەوەی رۆژێك لە رۆژان رەفتارێكی خراپیان بەرامبەر كراوە، یان رۆژێك لە رۆژان پەراوێز و پشتگوێ خراون و دڵیان رەنجاوە، نێرجسی خۆبەكەمزان بۆ تاك زۆر بە ئازارە، بەڵام بۆ كۆمەڵگە زۆر زیانبەخش نییە.
لە دۆخی نێرجسی خۆبەكەمزاندا خاڵی لاوازی كۆنترۆڵ نەكراو دەكرێت زیان بە تاك بگەیەنێت و ئەم جۆرە لە نێرجسی ئەگەری هەیە بیماریی لێ بكەوێتەوەو كەسی تووشبوو بخزێت بەرەو پڕوكانی دەروونی، بەپێچەوانەی جۆری خۆبەزلزانەوە كە بە كەفوكوڵ دەست پێدەكات و وردە وردە ئاسایی دەبێتەوە، ئەمیان هەر لە سەرەتاوە ناگونجێ و رەفتاری لەگەڵ كەسانی دی یەك ناگرێتەوە.
كارەكتەری زۆر هەن كە ودی ئالن لە فیلمەكانیدا دروستیكردوون، ئەوانە زۆربەیان هەست بە ئاسایش ناكەن، دوو دڵن و ئازارێكی قووڵیان هەیە، كەم دوون، بەڵام زوو دڵیان دەڕەنجێ، راستە ژیانێكی ئاسایی هەورازو نشێوی هەر تێدایە و پێویستە، بەڵام گرنگە ئەو هەورازو نشێوە بەرەنجامی دەروونێكی خودسەنتەر نەبێت، چونكە ئەگەر وابێت، كاریگەریی لاوەكی زۆری دەبێت.
پزیشكان و دەروونناسان ساڵانێكی زۆر ماندوو بوون و هەوڵیاندا لێی تێبگەن، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: تێگەیشتن لە نێرجسی بۆچی باشە؟ بۆ پسپۆڕان ئامانجەكە ئەوەیە چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە، بەڵام بۆ ئێمەش گرنگە تا بتوانین باشتر رەفتار بكەین، چونكە سروشتی مرۆڤ وایە هەمیشە خولیای باشتربوونی هەیە، تێگەیشتن لەم بابەتەش دەرفەتی ئەوەمان دەداتێ كە رەفتارمان باشتر بكەین.
ئەو كەسانەی پەی بە نێرجسیەت خۆیان دەبەن، دەتوانن هەوڵ بدەن رەفتارە خراپەكان و دڵڕەقییەكەیان كەم بكەنەوە، خۆبەزلزانەكان دەتوانن كەمێك لە هەواو فیزی خۆیان دابەزن و بە رێزگرتن و هاوخەمی لەگەڵ كەسانی، ببنە كەسێكی بەسوود بۆ كۆمەڵگە، ئەوانەش كە هەست بە خۆبەكەمزانین دەكەن و لە كێشەكەیان تێدەگەن دەتوانن هەوڵبدەن لە بێدەنگی و خۆشاردنەوە بێنە دەرەوەو قسەی دڵی خۆیان بكەن و پەیوەندی لەگەڵ كەسانی دیكەش دروست بكەن.
لێرەدا ئامانجەكە ئەوە نییە چاكسازی لە كەسێكدا بكەین، یان قاڵبێكی دیاریكراو بۆ رەفتاری كەسەكە دیاریی بكەین، بەڵكو مەبەستەكە ئەوەیە لە دیاردەو دەرهاویشتەكان و كاریگەرییەكانی رەفتاری نێرجسیانە تێبگەین، بەمەش دەتوانین رەفتارەكانی هەڵبسەنگێنین و پەرە بە لایەنە باشەكانی بدەین و لایەنە خراپەكانی تووڕ دەین.
زاناكان لە هەوڵی ئەوەدان لەو بابەتەدا قووڵتر ببنەوە، بە تایبەت لە سەردەمی كۆرۆنا و تەكنۆلۆژیای نوێدا پێویستە وردتر لە نێرجسی و رەفتارو ویژانی كەسەكان تێبگەین، لەبەر ئەوە لە 10 ساڵی داهاتوودا زانست لە ناسینی نێرجسی و هۆكارو بەرەنجامەكانی زیاتر پێش دەكەوێت و دەرفەتی زیاتریشمان دەبێت تا لە لایەنە نەرێنییەكانی خۆمان بپارێزین و سوود لە لایەنە ئەرێنییەكانی وەربگرین.