هەرێم نیوز
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە بڕیارێکی خێرادا، داوا لە نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیران و ناوەندی ئۆپەراسیۆنی نیشتمانی دەکات، جووڵەی بەرهەمە پەلەوەرییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان رابگرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڵاویکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی پێویستییەکان و بەرژەوەندی گشتی، وەزارەتەکەیان لایەنی پەیوەندیداری ئەو کەرتەیە. بۆیە پێویست دەکات لایەنی ئەمنی رێگری بکەن لە قاچاغی کاڵا خۆراکییەکان و لە نێویشیاندا بەرووبوومی پەلەوەری.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، رێگە نادرێت بەرهەمە پەلەوەرییەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردەی پارێزگاکانی عێراق بکرێن، کە وەزارەتی کشتوکاڵ بەرهەمەکانی دیاریکردووە و بریتین لە ( هێلکەی خواردن، هێلکەی ترووکاندن، مریشکی زیندوو، مریشکی سەربڕاو یاخود بەستوو یاخود گۆشتی مریشك، جووجەڵەی تەمەن یەک رۆژە بە مەبەستی پەروەردەکردن و بەرهەمەکانی دیکەی مریشک).
نووسینگەی وەزیری کشتوکاڵ داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە هەر بارهەڵگرێک پێشێلکاری ئەو بڕیارە بکات لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت و رووبەڕووی یاسا بکرێتەوە.
لەو بارەیەوە فیراس سدیق بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، لیژنەیەک لەسەر راسپاردەی وەزارەتی کشتوکاڵ پێکهاتووە، کە نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە خۆدەگرێت.
بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی بەغدا بکەن تاوتوێی بابەتەکە بکەن بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت.
هاوکات گەیلان حاجی سەعید سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان لقی هەولێر بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، ئەو بڕیارە راستەوخۆ زیانی بە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە و بەهۆیەوە نرخی مریشک و هێلکە لە بازاڕەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیون.
لە لایەکی دیکەوە نازم عەبدوڵڵا جاف سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی (سلێمانی - هەڵەبجە - گەرمیان - راپەڕین) بۆ کوردستان24 رایگەیاند، "ئەوان لە دۆخێکی سەختدان و پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەیە، چونکە لەم کاتەدا سەرەڕای گرانی نرخی عەلەف و گرانبوونی نرخی گاز بەهۆی ئەو بڕیارەوە ناتوانن بەرگەی دوو مانگی دیکەی کارکردن بگرن. چونکە تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا نرخی تۆنێک عەلەف 200 دینار بەرزبووەتەوە.
داواش دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان چاودێری بخاتە سەر کارگەکانی بەرهەمهێنانی عەلەف بۆ ئەوەی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان بتوانن بەردەوام بن لە کارەکانیان. چونکە تێچووی بەرهەمهێنانی کیلۆیەک مریشک 3500 دینارە، بەڵام بەهۆی ئەو بڕیارەوە ئێستا رۆژانە لە فرۆشتنی هەر کیلۆیەک مریشک 600 – 650 دینار زیانیان بەردەکەوێت".
نازم عەبدوڵڵا دەشڵێت "بیانووی ئەو بڕیارەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ساغکردنەوەی بەرهەمی تورکیە لە بازاڕەکانیان. بۆیە داوا دەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوردەی مریشکی بەستوو قەدەغە بکات چونکە ئەوان دەتوانن بە زیادەوە پێداویستی بازاڕەکانی ناوخۆ پڕ بکەنەوە و هەناردەی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی بکەن. بە جۆرێک بەرهەمهێنانی ساڵانە نزیکەی 400 هەزار تۆنە. لە کاتێکدا خواست نیوەی ئەو بڕەیە"
ئاماژەی بەوەشدا، لە هەرێمی کوردستان 1800 پڕۆژەی پەلەوەری هەیە کە 2800 – 3000 هۆڵ لە خۆدەگرن، سەرەڕای 700 – 800 پڕۆژەی دیکەی نایاسایی کە مۆڵەتیان نییە. ئەم پڕۆژانەش 400 هەزار هەلی کاریان رەخساندووە."
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان روونی کردەوە کە توانای بەرهەمهێنانی مریشک لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو مانگدا بەم شێوەیە ( هەولێر 10 ملیۆن مریشک، سلێمانی 12 ملیۆن مریشک، دهۆک، 6 ملیۆن مریشک، گەرمیان 2 ملیۆن مریشک و هەڵەبجەش 500 هەزار مریشک). جگە لە پڕۆژە نایاساییەکان و ئەو خاوەن کێڵگانەی کە مریشکی زیاتر لە هۆڵەکانیان پەروەردە دەکەن