دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 05/02/2022

شکانی ئێسکی کەسانی بەتەمەن لەوە بڵاوترە بیری لێدەکەیتەوە!

د. سەروەر سالار چوچانی - پزیشکی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم و فەقەرات

کەسانی بەتەمەن چۆن بپارێزین لە شکانی ئێسک؟

بەپێی ئامارە باوەڕپێکراوە جیهانییەکان، لە سەرووی پەنجا ساڵییەوە یەک لەسەر سێی ژنان و یەک لەسەر پێنجی پیاوان تووشی شکانی ئێسک دەبن بەهۆی فشەڵبوونی ئێسکەوە.!

زۆرترین شکانی ئێسک لە کەسانی سەروو تەمەنی پەنجا ساڵییەوە لە سێ شوێنی جەستەدایە: حەوز (ملی ئێسکی ڕان)، بڕبڕەی پشت، مەچەک.

لە هەموویان پەکخەرتر شکانی حەوزە، کە ئازار و پەککەوتەییەکی زۆر دروستدەکات و بەهۆی فشاڵیی ئێسکی کەسەکەوە جارەسەری ئاسان نییە!

بەشێکی بەرچاوی خەڵکی نازانن ئێسکیان فشەڵە تاوەکو ئێسکیان دەشکێت، بەشێکی دیکە تەنانەت دوای شکانەکەش حالەتی فشەڵییەکەیان بەهەند وەرناگرن و تەنیا بیر لە چارەسەری بەشە شکاوەکە دەکاتەوە، نەوەک بیر لە بەشە نەشکاوەکانیش بکرێتەوە و هەنگاوی پێویست بگیرێتە بەر بۆ پاراستنیان لە شکان.

بۆیە گرنگە کەسانی سەروو تەمەنی پەنجا ساڵ سەردانی پزیشکی ئێسک و جومگە بکەن و دڵنیایی وەربگرن لەبارەی هێزی ئێسکەکانیان، بە تایبەت خانمان، بەر لەوەی تووشی شکان ببن.!

هەندێک هەنگاوی سادەو کرداری دەکرێت کەسانی سەروو پەنجا ساڵ بپارێزێت لە شکانی ئێسک:

1- بڕی پێویستی کالسیۆم و ڤیتامین دی وەربگیرێت. سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی کالسیۆم بریتین لە: شیرەمەنییەکان، پاقلەمەنییەکان، چەرەسەکان و پاشان ماسی و بەشێک لە سەوزە و میوەکان و گۆشت.

ڤیتامین دی بە بەرکەوتنی هەتاو بە پیست دروستدەبێت و بە بڕیکی سنوورداریش هەیە لە قارچک و هێلکەو ماسی و بەشیکی دیکە لە خواردەمەنییەکان.

2- وەرزشی ڕۆژانە، وەکوو پیادەڕەوی و ڕاکردن و شاخەوانی و وەرزشەکانی دیکە، دەبنە هۆی پتەو مانەوەی ئیسکەکان.

3- لە ناو ماڵ و سەر قادرمەکان شتی ئەوتۆ نەبێت کە پێی لێ هەڵبکەوێت، وەکوو وایەرو کەرەستەی ئەوتۆ ببنە هۆی کەوتنی ئەندامانی خێزان.

4- ڕووناکی پێویست هەبێت شەوان کاتێک کەسی بەتەمەن هەڵدەستێتەوە بۆ نوێژکردن یان توالێت کردن.

5- کومبارو فەرش با چەسپ بن بە کاشیی ماڵەکەوە، نەک بخزێن و ببنە هۆی کەوتن.

6- بەکارنەهێنانی کورسی و پەیژەی لاواز و لەرزۆک.

7- پارچە کومباری بەردەم توالیت و حەمام چەسپ بکرێت و خلیسک نەبێت.

8- کاشیی توالێت و گەرماو زۆر خلیسک نەبێت.

9- وازهێنان لە جگەرەکێشان.

10- زیادەڕەوی نەکردن لە خواردنەوە کحولییەکان.

11- ساڵانە سەردانی پزیشکی چاو بکرێت و کزیی چاو چارەسەر بکرێت، نەوەک خراپیی بینایی وابکات کەسەکە زوو زوو قاچی لە کەرەستەی ناو ماڵ هەڵبکەوێت و بکەوێت و ئێسکی بشکێت.

12- ئەو دەرمانانە بە ڕێک و پێکی بخورێت کە پزیشکی ئێسک و جومگە بۆ کەسەکەی دادەنێت بە مەبەستی بەهێزبووونەوەی ئێسک.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP