دواین هەواڵ

کوردستان‌

 18/11/2021

بافڵ تاڵەبانی: رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبینەوە ژیان لە خەڵک تێکدەدەن

هەرێم نیوز

بافڵ تاڵەبانی، رایگەیاند، ھیچ کەسێک لەسەروو بڕیارەکانی دادگاوە نابێت و بە ھەموو ھێزمانەوە رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبینەوە ژیان لە خەڵک تێکدەدەن و ئارامی دەشێوێنن.

بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەكەی ئەمرۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەمیانی بەرسەركردنەوەی فەرماندەیی ھێزەکانی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی، فەرماندەیی لیوای سێی بەرگری و فریاکەوتن و ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی  رایگەیاندوە،  ھیچ کەسێک لەسەروو بڕیارەکانی دادگاوە نابێت و بە ھەموو ھێزمانەوە رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبینەوە ژیان لە خەڵک تێکدەدەن و ئارامی دەشێوێنن، بۆیە نابێت چاوپۆشی لە پێشێلکارانی یاسا بکرێت.

ئەوەشهاتوە، لەدەستپێکدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی کرد و لەلایەن لیوا روکن عومەر ساڵح، فەرماندەی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و ژمارەیەک ئەفسەر و پلەدار پێشوازی لێکرا، لە کۆبوونەوەیەکدا وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی بۆ ھێزەکانیان کە رۆڵی گرنگ دەگێڕن لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و داواشی لێکردن وەک ھەمیشە ھاوکار و ھەماھەنگ بن بۆ رووبەرووبوونەوەی پێشێلکارانی یاسا.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە،  ھەر لە سلێمانی بافڵ جەلال تاڵەبانی لیوا رەمەزان دێکۆنی، فەرماندەی لیوای سێی بەرگری و فریاکەوتنی بەسەرکردەوە و ستایشی پێشمەرگە قارەمانەکانی لیوای سێی بەرگری و فریاکەوتنی کرد کە لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی داعش ئازایانە لە سەنگەرەکاندا دەجەنگان، ئەمڕۆش بەھەمان شێوە لە سنوورەکانی ناوچە کێشەلەسەرەکان ھاوشانی براکانی ترتان لە ھێزی پێشمەرگە لە ئەرکدان و ھەرێمەکەتان لە دەستی تیرۆر دەپارێزن.

لەلایەکی ترەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی لە فەرماندەیی بە ئامادەبوونی ھیوا ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و موقەدەم سەرخێڵ، سەرپەرشتیاری ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەردانی ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی کرد، لەنزیکەوە یەکە و بەشەکانی ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەسەرکردەوە و سوپاس و دەستخۆشی پێگەیاندن لەبەرامبەر شەونخونی، ماندووبوون و رۆڵیان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و ئارامی، پێیڕاگەیاندن جێگای شانازین و چالاکی و خەمخۆریتان بۆ ھەرێمەکەتان سەلمێنەر و دەرخەری دڵسۆزیتانە بۆ خاک و گەلەکەتان.

روونیشیکردەوە ،لەماوەی رابردوودا دەستگیرکردنی دەیان تیرۆریست و شکستپێھێنانی چەندین پیلان بۆ تێکدانی ئارامی لەلایەن ھێزەکانی دەزگای ئاسایش ئەوەمان پێدەڵێت مەترسی تیرۆر ماوە و پێویستە بەئاگاتربن و بە پلانی نوێ و ستراتیژی ئەمنی تۆکمەترەوە خۆتان ئامادەبکەن و شکست بەھەر مەرامێک بھێنن کە ئارامی و ژیانی خەڵک تێکبدات.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP