دواین هەواڵ

کلتور‌

 17/11/2021

ئەوروپا و قەیرانی پەنابەران -گفتوگۆ لەگەڵ سلاڤۆی ژیژەك-

شوان ئەحمەد كردوویەتی بەكوردی

*هەڵوێستێكی ڕەخنەگرانەی زۆر توندتان دەرهەق بەوەی پێیدەڵێن هەڵوێستی (مرۆییانە)ی چەپ، سەبارەت بە كێشەی پەنابەران هەیە.

-من ئەو نزیككارییە هیومانستیە ڕەتدەكەمەوە كە باڵی بەسەر ناوەندی چەپی کەمتەرخەمدا كێشاوە و بەرەو ئەوەدەچێت، بە ئەخلاق شرۆڤەی بارودۆخەکە بكات. ئەوەش نزیككارییەی سادەكردنەوەیە، لەبەرامبەر توندوتیژی ڕەگەزپەرستانە دژ بە كۆچبەران.

ملیۆنەها خەڵكی كۆچبەر هەن (هەژار و بێئومێدن) و ئەڵبەت پێویست دەكات شتێكیان بۆبكرێت. بەڵام چارەسەر ئەوەنیە تەواوی سنورەكانیان بۆبكرێتەوە و هەموویان لە ئەوروپادا نیشتەجێبكرێن. دەشێت ئەوەببێتە مایەی كارەساتێكی زۆر گەورە.

بەجۆرێك لە جۆرەكانیش ئەو كارەساتە ڕویدا، بەتایبەت لەناوچەی باڵكان. لەڕێگەی نێوان یۆنان و مەكدۆنیا و سربستان و كراواتیا و سلۆڤینیا و نەمسا، پشێوی و بێسەروبەریەكی زۆر دروستبوو. ئەوەش بەشێوەیەكی لۆژیكی بووەمایەی هاتنەئارای، بێمتمانەیی و ناڕەزایەتی و جۆرەها نیگەرانی. كەواتە بۆچی بەشێوەیەكی زۆر ڕێكوپێكتر و دیسپلینانەتر، پێشوازی لە كۆچبەران ناكرێت؟

*یان تەنانەت بەشێوەیەكی (سەربازی)، وەك پێشنیازدەكەن؟

-ڕەنگە دواجار ئەوە دەرفەتێكی گونجاوبێت، بۆبەكارهێنانی سوپا بەشێوەیەكی زۆر سنوردار و دیاریكراو، سوپا هەزاران لەو گەنجانەی تێدایە كە توانایەكی جەستەیی نۆرماڵیان هەیە.
پێویستە ناوەندی پێشوازیكردن لە كۆچبەران، نزیك بەو شوێنانە بكرێتەوە كەپڕ كێشە و قەیرانن (لەسوریا و یۆنان و لیبیا). ئەركی ئەو ناوەندانەش سەرژمێریی كۆچبەران و تۆماركردنیان و ئاشنابوونبێت پێیان، پاشان سەیری ئەوەبكرێت كە داخۆ دەكرێت ئەوانە وەربگیرێن و دواتر پرۆسەی گواستنەوەیان بۆ ئەو وڵاتانەی مافی پەناهەندەییان دەداتێ‌ ڕێكبخرێت و بە بەلەم یاخود بەفڕۆكە، دەست بەگواستنەوەیان بكرێت. ڕەنگە تەنها سوپا بتوانێت پرۆسەیەكی لەو جۆرە، بەشێوەیەكی ڕێك و پێك ئەنجام بدات.

*بەبۆچونی ئێوە لەم مەسەلەیەدا چەپ بەهەڵەدا چووە، بەو ڕادەیەی كە ڕاستی پۆپۆلستی بەڕاشكاوانە دژایەتی كۆچبەران دەكات؟

-بەڵێ‌، بەو مانایەی چەپی خەمسارد و کەمتەرخەم هەوڵدەدات بابەتە هەستیارەكان پەردەپۆش بكات و ڕەتیدەكاتەوە، بەئاشكرا قسەوباسیان لە بارەوەبكات. پێویستە ڕێك و ڕاست و بەئاشكرا باس لە هەندێ‌ كێشەی كولتووری بكەین، وەك چۆن دەبێت لەبارەی ئەو جیاوازیانەی لەنێوان كۆچبەراندا هەیە، قسەبكەین.

هەندێ‌ لەپەنابەران سەربە چینی ناوەندن و خەڵكانی خوێندەوارن، وەلێ‌ زۆربەی زۆری موسڵمانان ستایلێكی ژیناكردنی تەقلیدی باوكسالارییان هەیە، ئەوەش بۆخۆی كێشە دروست دەكات و زۆرجار لەگەڵ تێگەیشتنی خۆرئاوا بۆ مافەكانی مرۆڤ، ناگونجێت.

بێدەنگی كردن لە كێشەكان و نكوڵی كردن لەهەبونی ئەو گرقتانە، واتە بەهانەدانە دەست ئەوانەی دژی كۆچبەرانن و ئەوەش ڕاستەوخۆ، خزمەت بەڕاستی توندڕەو دەكات. ئەوانەی بەجۆرێك لە جۆرەكان، لەپارانۆیایەكی تەواوەتیدا دەژین.

*ئەو كێشانە كامانەن كەدەبێت باسبكرێن؟

-پرسی ئەوەی هەندێ‌ لە مۆسڵمانان، كۆمەڵگەكراوە و تۆلێرانسەكانی ئێمەیان پێ‌ قبوڵ ناكرێت كە داكۆكی لەمافی ژنان و هاوڕگەزبازان دەكات. بەشێوەیەكی گشتگیرتر (ئەوان)، ئەوشێوە لە ئازادییان پێ‌ قبوڵناكرێت كەلای ئێمە هەیە و ئازادیەكی تاكەكەسییە.

لە ئەڵمانیا و سوید و هۆڵەندا، موسڵمانان پەلاماری ڕێپێوانی هاوڕەگەزبازانیانداوە و هێرشیان كردۆتە سەریان. بۆ ڕێگەگرتن لە شەڕ و ئاژاوە، پێوێستە ڕێوشوێنی توند بگیرێتەبەر، سەبارەت بە لێبوردەی و نەرمی نواندن دەرهەق بە شێوازی ژیانی ئەوانی دی. بەڵام دەبێت لە كوێدا تۆلێرانس و لێبوردن كۆتایی بێت؟

بۆنمونە من بەلامەوە ئاساییە و (ئەوەش لە جیاوازی كولتوورییەوە سەرچاوە دەگرێت)، گەر چەند منداڵێك لە چێشتخانەی خوێندنگە سەرەتاییەكاندا، خواردنێكیان پێبدرێت كە گۆشتی بەرازی لەگەڵدانەبێت. بەڵام هەندێك بیگەیەننە ئەو ڕادەیەی هەوڵبدەن بەیەكجاری گۆشتی بەراز قەدەغەبكەن، ئەوە كاری نەكردەیە و نابێت.

گەر هەندێ‌ لە خێزانەكان ڕێگە بە كچەكانیان نەدەن بچن بۆ مەلەوانگە و بەشداری لە چالاكی مەلەوانگەكاندا بكەن، بۆنا. بەڵام پێداگیری بكەن لەسەرئەوەی، نابێت كچان هەموویان تەنورەی كورت لەبەربكەن، بەبیانوی نەوروژاندنی كوڕوكاڵەوە، ئەوەیان نەخێر.

هەروەك جان كلود میلنەر دەڵێت (كەبەم دواییانە سەردانی لیۆبلیانای كرد)، هەموو موسڵمانان قوربانی و پاسیڤ نین، هەندێكیان پرۆژەی باشیان پێیەو چالاكن و هەیانە بەو ئاڕاستەیەدا كەوتۆتەگەڕ.

*بەشێك لە كتێبەكەتان تەرخانكردووە بۆ ڕوداوەكانی كۆلۆنیا.

-ئەو ڕوداوانە وەك جۆرێك لە سروتی كەرنەڤاڵئامێز وەهابوون و پێشتر لە شوێنانی تر ڕویاندابوو، وەك لە گۆڕەپانی (تەحریر) لە میسر یان لە ڕامەڵڵا لە فەلەستین. ئەوەی ڕویدا هەمیشە هەر حاڵەتی لاقەكردن نەبووە، بەڵكو هەندێ‌ حاڵەتی گێچەڵپێكردنی بچوك بووە.

دەمەوێت ئەو ڕوداوانە بەو سروتە بەراوردبكەم كە ساڵانی 1730، لە پاریس ڕویداوە و بریتی بووە لە كوشتن و سزادانی پشیلە و پەلاماردانی ڕاستەوخۆ لەلایەن كرێكارانی مەشقدار و لە چاپخانەكاندا، بۆسەر خاوەنكارە بۆرژوازیەكان و هاوسەرەكانیان كەدڵخوازی زۆری ئەو ئاژەڵانەبوون. پشیلە پەیوەستبوو بە گەرموگوڕترین ڕەهەندی ژیانی خێزانیەوە: (سێكس).

قوربانیان و ئەوانەی كۆمەڵگە لە كۆلۆنیا و شارەكانی دیكە تەرێزیان لێدەكەن، وێنەیەكی عەدەمی و شەڕانگێز و ناچێز لەسەر بارودۆخیان نیشان دەدات، ئەویش لەڕێی بە ئامانج گرتنی ڕەگەزی مێینەوە. ئەوانە باش دەزانن چی دەكەن و خۆشیان بەرپرسیارن لەوەی دەیكەن. لەبەرئەوە ویستی فێركردن و بەرچاوڕونی پێدان، لەمەڕ ترادسیۆنی ئێمە و مانان و پێگەی ژن لە كۆمەڵگاكانماندا، كارێكی هەر زۆر ساویلكانەیە.

ئەم كێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ بەریەككەوتن لەنێوان ستایلەكانی ژیانكردندا و نابێت ئەوە لە وڵاتانی ئێمەدا بكەن، كتومت هەرئەوەشە وایان لێدەكات ئەوەبكەن. پێویستە بەڕاشكاوانە قسە لەو مەسەلانە بكەین و ڕێ‌ و شوێنی گونجاویان بۆ دابنێین. دژایەتیكردنی ڕاستەقینەی ڕەگەزپەرستیش بەوەدەكرێت. گەر وانەكەین، ئەوا ئێمە بەرەو تەقینەوە دەچین.

*كەچی سەرباری ئەوەش دەڵێن، مەسەلەكە پەیوەندی بە ململانێی شارستانیەتەكانەوە نییە.

-ئەوەی ڕاستی بێت، مەسەلەكە ململانێی شارستانیەتەكان نییە، لەنێوان خۆرئاوای مەسیحی و ئیسلامێكی ڕادیكاڵ بودا، هێندەی ململانێیە لە ناوخۆی هەموو شارستانیەتێكدا: (سونە دژی شیعە لە وڵاتانی عەرەبیدا و وڵاتە یەكگرتووەكانی و ئەوروپای خۆرئاوا دژ بە ڕوسیا).

تراژیدیای وڵاتێكی وەك سوریا ئەوەیە، بۆتە شوێنی مەیدانبازی و هێزە گەورەكان لەوێدا، ململانێكانیان بەگەڕدەخەن. هەریەك لەو هێزانە لافی ئەوە لێدەدەن كە شەڕی (داعش) دەكەن لە سوریا، بە ئامانجی ئەوەی بەچاكترین شێوە، دەست لە دوژمنە ڕاستەقینەكەی خۆیان بوەشێنن.

هەمووشت لەڕێی بەرژەوەندییە جیۆ - سیاسیەكانەوە دەجوڵێت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە هاتنەئارای بلۆك بەندییەكی نوێوە هەیە لەناوچەكەدا و لە(توركیا و ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودی) پێكدێت، بۆ دژایەتیكردنی هەژمونی ئێرانی.

دیمەنەكە ئێشوئازاری پەنابەرانی خستەڕوو، بەڵام گرنگە بەهۆی كامێراكانەوە (زوم ئاوت)ێك بكرێت، تا تەواوی دیمەنەكە بە بەرفراوانی ببینین. ئەوكات ئەوەی دەردەكەوێت بەپرسیارێتی ڕەهای ئێمەیە (لەدوا حیساب)دا، گەربمانەوێت چەمكی ماركسیستانە بەكاربهێنین.

ئێمە باجی دەستێوەردانەكانی خۆرئاوا دەدەین، لە قۆناغی دوای یانزەی سێپتەمبەرەوە، بەتایبەت داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە. لەبەرئەوە دەبێت چارەسەری ئەو دۆخە بكرێت كە پەنابەرانی ناچاركرد لەوڵاتی خۆیان هەڵبێن، لەبری ئەوەی وەك بابەتگەلێك بۆیارمەتی مرۆیی، مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.

*هاوكات ئێوە سەركۆنەی ئەنگێزەی چەپ دەكەن، بۆڕەخنەگرتن لە ناوەندچێتی ئەوروپی.

-لەڕاستیدا ڕەخنەگرتن لە ئەوروپا مەركەزی و لە كۆلۆنیالیزم وەك یەك، شتێكی زۆر باوە. هەندێك دەڵێن بیرۆكەی ئەوروپایەتی كۆنە و بەسەرچووە، لەكاتێكدا ئێستا بەهەزاران كەس دەیانەوێت ڕوبكەنە ئەوروپا. ئایرۆنیەتێكی سەیر لێرەدا هەیە.

بەڵام حاڵی جیهان لەمڕۆدا وایە، لەلایەك سەرمایەدارییەكی ئەنگلۆ - سەكسۆنی چاوچنۆك هەیە و لەلایەكی دیكەشەوە، سەرمایەداریەكی زۆر خۆسەپێن و دیكتاتۆرمان هەیە كە لە وڵاتانی چین و توركیا و ڕوسیادا، باڵادەستە. تا ئێستاش لایەنگری ئەوروپام و پەسەندی ئەوەدەكەم.

ڕەخنەگرتن لە كەلەپووری ئەوروپی، بەمانای ڕەخنەگرتن دێت لەبەنرخترین ئەوشتانەی هەمانن: (واتە فێمێنیزم و یەكسانی و هاوكاری و دەوڵەتی خۆشگوزەرانی و ئازادی ئایینی و پاراستنی ئازادییە كەسییەكان، لەبەرامبەر فشارە كۆمەڵایەتیەكاندا).

پێویستە لەسەرمان جەخت لە تەواوی ئەو نۆرم و بەهانە بكەینەوە و بە بەرزی ڕایان بگرین، سەبارەت بەوەی پەیوەندی بە قەیرانی پەنابەرانەوە هەیە. بەبێ‌ ئەوەی بترسین كە ئەوە ئەوروپا مەركەزی دەگەیەنێت. پێویستە ئەوە لەیادنەکرێت کە ئەو ئامرازە تیۆریەی، بۆ ڕەخنەگرتن لەپڕكێشی و سنوربەزاندنەكانی لیبرالیزمی ئەوروپی بەكاردەهێنرێت، ڕاستەوخۆ لە ئەوروپاوە سەرچاوەدەگرێت و ئایدیایەكی ئەوروپاییانەیە.

بەم پێیە دەتوانم زۆر ڕوقایمانە بڵێم كە ترادسیۆنی یۆنیڤێرسالیزم، شتێكی تەواو ئەوروپاییانەیە. خۆ ڕەخنەكردن بەشێوەیەكی ڕادیكالی، نەریتێك بووە بە بەردەوامی لە ئەوروپا ئامادەیی هەبووە.

ئەوروپا تاقانە ژیارێكە كە هەمیشە گومان لەخۆی دەكات و ڕەخنە لە خۆی دەگرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP