هەرێم نیوز
دکتۆرێکى کورد، چەندین زانیارى لە بارەى جۆر و کاریگەرى ئەو حەبانەى کە بۆ چارەسەرى کۆرۆنا بەرهەمهێنراون دەخاتەڕو و ڕایدەگەیەنێت، ئەو دەرمانە پێشتر بۆ چارەسەری ئەنفلوەنزا بەرھەم ھێنراوە، بۆ چارەسەرى "کۆرۆنا" ش ئەو حەبانە بەڕێژەى 50% و 89% پێویستیبوون بە نەخۆشخانە کەمدەکاتەوە.
دکتۆر عارف گۆران، کە پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناوە و لە لەندەن نیشتەجێە، ڕایدەگەیەنێت، رێکخراوی چاودێری دەرمانی بەریتانیا بڕیاریدا حەبی مۆلنوپیراڤیر ( Molnupiravir ) بۆ چارەسەری تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاربھێنرێت.
دەشڵێت: ئەو دەرمانە پێشتر بۆ چارەسەری ئەنفلوەنزا بەرھەم ھێنراوە بەلام لێکۆلینەوەیەک بە بەشداری ٧٧٥ تووشبوانی کۆرۆنا دەریخست ئەو دەرمانە زۆر کاریگەرەو مردن و پێویستیبوون بە نەخۆشخانە بە ڕێژەی ٥٠٪ کەمدەکاتەوە دیارە لە چەند مانگی داھاتوو ئەو دەرمانە بە رێژەیەکی زۆر بەکاردەھێنرێت و ئەو کاتە ڕێژەی کاریگەری ئەو دەرمانە زیاتر ئاشکرا دەبێت.
ئەوەشى خستۆتەڕو، دەزگای چاودێری دەرمانی بەریتانی ئەگەر دلنیا نەبێت لە کاریگەری و سەلامەتی ھەر دەرمانێک بە ھیج شێوەیەک ڕێگا نادات بەکاربھێنريت، ئەم دەرمانە بە شێوەی حەبەو لە سەرەتای تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بەکاردەھێنرێت، دەبێت لە ماوی پێنج ڕۆژی یەکەمی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بەکاربھێنرێت، هەروەها ئەو حەبە کاریگەری ئەو ئەنزیمە کەمدەکاتەوە، کە دەبێتە ھۆی زیادبوونی ڤایرۆسەکە لە لەشی مرۆڤ ، بەمەش توندوتیژی پەتاکەو مردن کەمدەکاتەوە.
ئاماژەشى بەوەکردوە، کۆمپانیای فایزەر ڕایگەیاند دەرمانێکی درووستکردوە بە ناوی پاکسلۆڤید ( Paxlovid ) لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن ئەو حەبە مردن و پێێویستیبوون بە نەخۆشخانە بە رێژەی ٨٩ ٪ کەمدەکاتەوە، کۆمپانیای فایزەر داوای لە رێکخراوی دەرمانی ئەمریکا کردووە بۆ ئەوەی ڕێگا بە بەکارھێنانی ئەو دەرمانە بدرێت بۆ تووشبوانی کۆرۆنا ، ئەو حەبەش دەبێت لە سەرەتای سەرھەلدانی نیشانەکانی کۆرۆنا بەکاربھێنرێت.
ئاشکراى دەکات، رێژەی تووشبون بە کۆرۆنا لە نێوان ئەو کەسانەی ھەردوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە زۆر کەمە ، بەلام وا دەردەکەوێت بە تێپەربوونی کات کاریگەری ڤاکسینەکان ھەندێک کەمدەبێتەوە ، ھەربۆیە تێبینی ئەوەکراوە بەشێکی ئەو نەخۆشانەش، کە ھەردوو ژەمی ڤاکسینەکانیان وەرگرتووە تووشی ھەوکردنی سیەکان دەبن و پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت و ئێمە لە نەخۆشخانەکانی خۆمان بە شێوەیەکی ڕوون ئەو راستیە دەبینین.
دەشڵێت: تا ئێستا ھیچ داتایەکی یەکلاکەرەوە نیە، کە رێژەی تووشبون بە پەتاکە بە شێوەیەکی توند لەو کەسانەی ھەر دوو ژەمی ڤاکسینینان وەرگرتووە نیشان بدات .
باسى لەوەش کردوە، لێکۆلینەوەیەکی بچووک لە نەخۆشخانەیەکی ئەمریکا ئەوە دەردەخات رێژەی مردن لە نێوان ئەو گرووپەی، کە بە تەواوی ڤاکسین کراون زۆر زۆر کەمە ، تێبینیکراوە مردن زیاتر لە نێوان ئەو کەسانە بووە، کە بە تەمەنن یاخود نەخۆشی تریان ھەیە، وەک بەرزەفشاری خوێن و نەخۆشی شەکرە یا زۆر قەلەون ،
ھەر بۆیە لە قۆناغی یەکەم ئەو دەرمانە بەو گرووپە لە نەخۆشەکان دەدرێت تەنانەت ئەگەر ڤاکسینیشیان وەرگرتبێت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی مردن.
لە کۆتاییشدا داواکارییەک ئاراستەى هاوڵاتیانى کوردستان دەکات و دەڵێـت: کوردستانیانی خۆشەویست دەبێت ئەوە بزانین، کە ئەو دەرمانە نوێیانە جێگای ڤاکسین ناگرێتەوە ، بۆیە ھیوادارم خەلک بەردەوام بن لە وەرگرتنی ڤاکسین، بە تایبەت ئەوانەی بە تەمەنن یان ھەلگری نەخۆشین . جەختیش دەکاتەوە، ئەوەی بە تەواوی یەکلابۆتەوە لە سەرانسەری جیھان ڤاکسین ڕێژەی مردن بە ھۆی کۆرۆنا یەکجار یەکجار کەمدەکاتەوە.