دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی: ڕێکارەکان بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسیی هەرێم لەگەڵ بەغدا دەستی پێ کرد

هەرێم نیوز

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی بۆ هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانیانی سیاسی و ڕاگیراوانی سیاسی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دەست پێ کرد و بڕیاری ناردنی شاندێکی باڵاش بۆ بەغدا درا.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و شەهیدان، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، کۆبوونەوەیەک لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەنجامدرا. 

لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا دەرچووە، ئەوەش دوای لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی شەهیدانی هەرێم و دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق هاتووەتە ئاراوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاشیگەیاندووە، بڕیار دراوە لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان سەردانی بەغدا بکات، بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆی کۆتایی و گرتنەبەری ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسیی هەرێم لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدراڵدا.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ یەکخستنی مووچە و شایستە داراییەکان لە سەرانسەری عێراقدا و دابینکردنی مافە داراییەکانی ئەو توێژانەی کە لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتدا تووشی ئازار و ئەشکەنجە بوونەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP