دواین هەواڵ

کلتور‌

 27/10/2021

باوکم کتێبێک دەخوێنێتەوە

نیهاد جامی
شتێکی ئەوتۆ لەسەر ڕەچەڵەکی خەیاڵ نازانم، ڕەنگە مێژوویەکی دوور ونادیاری ھەبێت، بەڵام ئەوەی سەبارەت بە خەیاڵی خانەوادەکەمانە دەگەڕێتەوە بۆ شەوێکی سەرەتای ساڵانی ھەشتاکان، ئەو دەمەی باوکم سەرباز دەبێت، وەک ھەزاران ھاوڵاتی ئەم وڵاتە جلی سەربازی دەکرێتە بەر، لەپەلامارێکی دڕندانەی سوپا بۆ داگیرکردنی شارێک بەناوی عەبادان، لەودیوی بیرە نەوتەکان کە بۆ سوپا گرنگ بوو دەست بەسەر ئەو بیرە نەوتانەدا بگرێت، ئەوان وەک پاسەوانی بیرە نەوتەکان دادەنرێن، کاتێک ھێرشیان دەکرێتە سەر، تا ناو شارەکانی خۆمان ناوەستن، باوکم باس لەوە دەکات لەچاڵاییەکانی ئەو دیو بیرە نەوتەکە، نەوتی پیس وڕەش ئەو چاڵانەی داگرتبوو، شەو چووبووە قوڵایی.. ئەو دەمەی لەناو ڕەشایی نەوتدا زیاد لەسەد پیاو لەناو ئەو چاڵانەدا تەنیا سەریان بەدەرەوە بوو، لەشیان لەناو نەوتەکەدا بوو، ھاواریان دەکرد «لێرەوە دەمانبەن بۆ بیابان، ئێمە دەمرین و کەس بەچیرۆکی ئێمە نازانێت»

باوکم لەو شەوەدا ڕا کردنێک را دەکات، ورەی ھەموو سوپا تێکدەشکێنێت، دوو سەرباز بەرزی دەکەنەوە و دەیخەنە ناو ئەو ماشێنە سەربازیانەی پێی دەلێن ئیڤا، ئیدی سوپا دەستی لێ دەشوات، وەک شێت تۆماری دەکات، ئەو کاتێک ڕا دەکات، دەنگی پیاوانی ناو چاڵە نەوتەکە ھاواری بۆ دەکەن، ھەموو ئەو چیرۆکانە بەدرۆ دەخاتەوە کە گوایە بە ئیڤایەکی سەربازی ھێنراوەتەوە شار و بردراوە بۆ سەربازگە، دوای پشکنینی بەردەوام کە سێ مانگ دەخایەنێت، بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی وەک شێت تۆمار دەکرێت و لەسوپا فەسڵ دەکرێت، بەڵام باوکم ھەموو ئەوانە بەدرۆ ناو دەبات.

ئەو شەوەی ڕامکرد، ئەوە شەوی ڕاکردن بوو لەسەربازی، لەشەوی دووەمی ڕاکردنەکەم بەدوای چیلکە وپوش و پەڵاش دەگەڕام بۆ ئاگرکردنەوە، ھەرچۆنێک بێت ئاگرێکم کردەوە و لەپێش ئاگرەکە دانیشتم، خەریک بوو خەو دەیبردمەوە، لەنێو ئاگرەکە تارمایی پیاوێکم ئەبینی، پیاوێک لەڕێگایەکی دوور ھاتبوو بەھێزی دارەکەی دەستی دەڕۆیشت، ڕیشێکی سپی درێژی ھەبوو، سیمای لەمرۆڤێکی ئاینی دەکرد، لەو پیاوانە دەچوو کە ھەموو ژیانی خەریکی تەریقەت و زیکرە، سەرەتا پێشبینیم کرد خەون دەبینم، ھی ھەستی نەخەوتنە، ڕووخسارم لەپیش ئاگرەکە لابرد، پیاوەکە دەبوو نەمێنێت، کەچی زیاتر لێم نزیک دەبۆوە، لەژێر باڵی کتێبێک ھەبوو دوای ھەندێک قسەکردن دەستی درێژ دەکرد.. تا کتێبەکەی لێ وەربگرم، ئەو کتێبەکە وەردەگرێت، بەڵام ئەو پیاوە کە کتێبەکەی دایە باوکم چی ووت؟

ئێستا با خۆمان بخەینە شوێنی باوکم، ھەر یەکێک لەئێمە لەشەوێکی تاریک بەتەنیا لەبەردەم ئاگرێکی دەشتاییەک دانیشتووە، بیر لەھاواری پیاوەکانی نێو چاڵە نەوتیەکان دەکاتەوە، لەپڕ پیاوێکی ڕیش درێژ بەجل و بەرگێکی سپی و دارێکی درێژەوە کتێبێکت پێ بدات، دوای ئەوەی ھەندێک قسە دەکات؟

پێویست ناکات ھیچ بڵێیت، تەنیا خۆت بێنە شوێنی باوکم، بۆ ئەوەی ھەست بەو ساتەوەختە بکەیت، ئەو تیایدا ژیاوە، ئەوسا بیر لەوە بکەوە ئەو پیاوە کێیە لەودیو ئاگرەکە دەرکەوت، بێ ئەوەی خەیاڵ بێت، بەڵکو حەقیقەت بێت.. بیەوێت خۆی بناسێنێت، تاوەکو کتێبێکی وەک پەیام ھێناوە بیگەیەنێتە دەستت، پەلەی چیتە با لە باوکم بگەڕێین، بوار بدەین پیاوە پیرە ڕیش درێژەکە خۆی قسە بکات.

رەنگە بەڕووخسار نەمناسیت، بەڵام دڵنیام چیرۆکی منت نەخوێندبێتەوەش بیستوتە، من شەھرەیارم.. ئەو پیاوەی ھەزارو یەک شەو گوێی لەشەھرەزاد گرت تا حیکایەتی بۆ بگێڕێتەوە، لەشەوی ھەزارو یەک شەو بە فێلێکی ژنانە فریوی دام، کۆمەڵێک حیکایەتی تری بۆ گێرامەوە، تا حیکایەتەکان تەواو بوو من خەوم لێکەوت، ئەو دەمەی خەبەرم بۆوە ئەو لەھیچ شوێنێکی دنیا نەبوو، من ھیچ شتێکم بۆ نەمایەوە، تەنیا ئەوە نەبێت ئەو حیکایەتانەی شەھرەزاد بنووسمەوە، چونکە ھەموو ھەر باسی ھەزارو یەک شەو دەکەن، بێئاگان لەوەی لەھەزارو یەک شەو دەرگا لەچەندین حیکایەتی خەیاڵی کرایەوە، ئەوە ئەو کتێبەیە دەستاو دەست بیدە بە مرۆڤە خەیالیەکان، تاوەکو ھەموتان بە چیرۆکی خەیاڵ ئاشنا دەبن.

باوکم ئەو چۆلەوانیە جێناھێلێت تا لەماوەی سێ مانگ زیاتر کتێبەکە بەتەواوی دەخوێنێتەوە، سەرەتا ھەواڵ بڵاو بۆوە ئێرانیەکان لەتۆڵەی شکستەکەیان باوکمیان خستۆتە چاڵە نەوتەکانەوە، کەچی دوای سێ مانگ باوکم گەڕایەوە شار، گەڕانەوەی سەربازێک چیتر سەر بەم دنیایە نیە، مرۆڤێک گیرۆدەی خەیاڵە، لەناو چیرۆک و کارەکتەری خەیاڵی دەژیێت.
ئەو کتێبەی باوکم دەکات بە مرۆڤێکی خەیاڵی، کتێبێک رۆژێک وەک دیاری ژیانی ھاوسەری دەیبەخشێتە خۆشەویستەکەی کە دایکمە،

دوای خوێندنەوەی؛ دایکم وەک گرانبەھاترین دیاری خۆی دەیخاتە ناو ئەو سندوقە بوراقەی بوکێنی، کە بەجیھازی بوک ناویان دەبرد، کراسی بوکێنی و شوشە عەترێک و ھەندێک گەڵا وگوڵی وشککراوی تیادا پاراستووە، کتێبەکەشی ھەر لەوێ داناوە، کتێبێک شایستەی ئەوەیە بۆتانی بخوێنمەوە، ئەویش کتێبی «حیکایەتە تەواو نەکراوەکانی شەھرەزاد» ە
رۆمانی کارینا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP