دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 15/10/2021

پلاسخارت، ئه‌و ژنه‌ی‌ كوده‌تای سپی له‌ عێراق ئه‌نجامدا

  • هەرێم نیوز
  • مانگی 10ی‌ 2019یه‌و له‌ هه‌مو كوچه‌و كۆڵانێكی عێراق، پۆلێك گه‌نجی كوڕو كچی و خوێنده‌واری مه‌حروم له‌ هه‌مو خزمه‌تگوزارییه‌ك رژاونه‌ته‌ سه‌ر جاده‌و شه‌قامه‌كان، له‌ ته‌مه‌نی ئه‌واندا 16 ساڵه‌ حكومه‌تی به‌عس روخاوه‌و هیچ گۆڕانكارییه‌كیان به‌ره‌و باشتر نه‌بینیوه‌، ئه‌وانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ له‌ عێراق، گروپێك شیعه‌ی سه‌ر به‌ ئێرانن و خاوه‌نی هیچ ئیراده‌یه‌كی سیاسی و پلانی خزمه‌تگوزاری نین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گۆڕینی گڵۆپێكی سوتاویش بێت له‌ شه‌قامێكی وه‌ك ئه‌بو نه‌واس و مه‌نسور، كه‌ سه‌رده‌مانێك له‌ وڵاتانی دراوسێوه‌ گه‌شتیار رویان تێده‌كردو روگه‌ی‌ جێ ژوانی گه‌نجانی وڵات بو.

    خۆپیشانده‌ران داوای باشتركردنی ژیانیان ده‌كه‌ن له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و هه‌مو خێرو بێره‌ی له‌ عێراقدا هه‌یه‌و كه‌وتوه‌ته‌ ده‌ست كۆمه‌ڵێك گروپ و تاقم كه‌ هیچ ئینتیمایه‌كیان بۆ وڵات نیه‌، بڕیاری سیاسی له‌ وڵاتێكی دراوسێوه‌ وه‌رده‌گرن و وه‌ك دوكانیش خه‌ریكی بازرگانین به‌سه‌ر خێرو بێری عێراقه‌وه‌ له‌ پێناو پرۆژه‌یه‌كی مه‌زهه‌بی كه‌ له‌ تارانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و به‌ عێراق و سوریاو یه‌مه‌ندا تێپه‌ڕده‌كات تا له‌ لوبنان ده‌گیرسێته‌وه‌، ده‌ره‌نجامی سودی پرۆژه‌كه‌ش ته‌نها بۆ تارانه‌و هاوڵاتیانی ئه‌و وڵاتانه‌ ته‌نها شه‌ڕو كوشتارو قات و قڕییان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌.

    بۆ سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران، بێ گوێدانه‌ هیچ پێوه‌رێك، میلیشیا چه‌كداره‌كانی عه‌سائیب و كه‌تائیبی سه‌یدولشوهه‌داو حیزبوڵاو چه‌ندین تاقم و ده‌سته‌ی‌ بچوك بچوك، له‌سه‌ر بینا به‌رزه‌كانی به‌غداو پارێزگاكانی‌ تر  به‌ قه‌ناس و هه‌ر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیه‌ك له‌ به‌رده‌ستیاندا بێت به‌رده‌وامن له‌ كوشت و بڕ..  چالاكوانان و رێكخه‌رانی خۆپیشاندانه‌كان، ئه‌گه‌ر مێ بن ده‌یانڕفێنن و ده‌ستدرێژی ده‌كه‌نه‌ سه‌ریان، ئه‌گه‌ر نێریش بن ئه‌تكیان ده‌كه‌ن، دواتریش ئه‌گه‌ر بۆیان بگونجێت ده‌یان كوژن.

    له‌و رۆژانه‌دا هیچ ده‌وڵه‌ت و لایه‌نێكی نێوده‌وڵه‌تی ناتوانێت به‌ر به‌ میلیشیاكان بگرێت.. هاوارو ناڵه‌یان گه‌شتوه‌ته‌ ئاسمان.. به‌شێك له‌ دایك و باوكه‌كان بۆ منداڵه‌ كوژراوه‌كانیان ده‌گرین، به‌شێكی تریان به‌ دوای چاره‌نوسی كچ و كوڕه‌ رفێنراوه‌كانیان ده‌گه‌ڕێن، ژماره‌ی‌ برینداره‌كانیش رۆژانه‌ به‌ سه‌ده‌ها زیاد ده‌كات... له‌م كات و ساته‌دا، ژنێك به‌ سواری‌ ماتۆڕێكی سێ تایه‌وه‌ خۆی ده‌كات به‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غدادو دروشمی پشتیوانی له‌ داخوازی خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێته‌وه‌، داوا ده‌كات هه‌مو جیهان پشتیوانی كوڕو كچانی خۆپیشانده‌ر بكه‌ن تا ژیانیان بگۆڕن.

    ئه‌و ژنه‌ جه‌نین بلاسخارته‌، بلاسخارت ئه‌و ژنه‌ پۆڵاینه‌ی‌ كه‌ ماوه‌ی سێ ساڵه‌ هاتوه‌ته‌ عێراقه‌وه‌و ده‌یه‌وێت وڵاتێك كه‌ نوقمی قه‌یرانی سیاسی و خزمه‌تگوزارییه‌، بگۆڕدرێت بۆ وڵاتێك له‌ ئاستی ئه‌و خێروبێرو عه‌قڵه‌ خۆماڵیانه‌دا بێت كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ چاوه‌ڕێن رۆژێك له‌ رۆژێك سودی لێ ببینن و له‌و پێناوه‌شدا بێ په‌روا دژ به‌ ده‌سته‌و تاقمه‌ زیندیقه‌كان ده‌جه‌نگن.

    خۆپیشاندانه‌كانی 2019، چه‌ند مانگێك درێژه‌ی‌ كێشا، گروپ و میلیشیا چه‌كداره‌كان به‌پشتیوانی حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ كوشتن و بڕین گره‌ویان له‌سه‌ر كۆتاییپێهێنانی‌ ده‌كرد، به‌ڵام پلاسخارت راسته‌وخۆ له‌به‌ره‌ی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ده‌یوت: "ناكرێ خۆپیشانده‌ران به‌بێ ئه‌نجامێكی دیار بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌.. نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان هاوبه‌شی هه‌ر عێراقییه‌كه‌ بیه‌وێت گۆڕانكاری به‌ ده‌ستبێنێت".

    توڕه‌یی میلیشیا چه‌كداره‌كان له‌ بلاسخارت سه‌د هێنده‌ی توڕه‌ییان بو له‌ خۆپیشانده‌ران، به‌ڵام ئه‌و بۆ ساتێكیش پاشه‌كشه‌ی‌ نه‌كرد.

    سه‌ره‌نجام حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی روخێنرا، خۆپیشانده‌ران مه‌رجی ئه‌وه‌شیان دانا هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بكرێت و حكومه‌تێكی نوێی دور له‌ ده‌ستی تاران پێكبهێندرێت..

    نهێنی به‌هێزی كه‌سایه‌تی بلاسخارت له‌وه‌دایه‌، كه‌ په‌رله‌مانتاری وڵاته‌كه‌ی‌ و یه‌كێتی ئه‌وروپا بوه‌، بۆ چه‌ند ساڵێكیش وه‌زیری به‌رگری هۆڵه‌ندا بوه‌و هێزی ئاسمانی و زه‌مینی و ده‌ریایی و پۆلیسی سنوری له‌ به‌رده‌ستدابوه‌، له‌ دوای‌ ئه‌نجێلا مێركڵ، یه‌كێك له‌ ژنه‌ به‌هێزه‌كانی كیشوه‌ری ئه‌وروپا، 20 ساڵه‌ له‌ناو سیاسه‌ت و كاری دیبلۆماسیدایه‌، ئێستاش كه‌ سێ ساڵه‌ له‌ عێراقه‌، باش باش ده‌زانێت چۆن دژ به‌ هه‌ژمونی وڵاتێكی وه‌ك تاران كه‌ له‌ رێگه‌ی‌ بریكاره‌كانیه‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر پرۆسه‌ی‌ سیاسی عێراقدا گرتوه‌، داشی پلانه‌كانی بجوڵێنێت و عێراق له‌و زۆنگاوه‌ رزگار بكات، كه‌ ده‌ریچه‌كانی رزگاركردنی ئه‌سته‌م بو.

    له‌م كات و ساته‌دا چه‌ند رۆژێك به‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی دوه‌م داواكاری خۆپیشانده‌ران تێپه‌ڕده‌كات كه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ بو، ئه‌نجامه‌كانیش نزیكن له‌ خواسته‌كانی‌ ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ دورخستنه‌وه‌ی‌ پارت و گروپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێرانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و شانۆی سیاسی عێراق.. به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش له‌ قۆناغی پێكهێنانی‌ حكومه‌تدا سه‌ركه‌وتوبێت، ده‌بێت به‌ به‌رهه‌می كاروپلانی ژنه‌ پۆڵایینه‌كه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ زاری خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ پلانی بۆ داڕشت و دواتریش له‌ پرۆسه‌كانی ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ كۆمسیۆن و چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی، توانی پرۆسه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌ببات له‌ مێژویی عێراقدا به‌ ده‌گمه‌ن ئه‌ژمار ده‌كرێت له‌روی‌ پاك و بێگه‌ردییه‌وه‌و كوده‌تایه‌كی سپی بێ خوێنڕشتن به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا به‌ڕێوه‌ببات كه‌ هیچ رۆژێك باكیان به‌وه‌ نه‌بوه‌ خه‌ڵكی عێراق له‌ پرۆسه‌یه‌كی مه‌ده‌نیدا له‌ توانایدایه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر پێگه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان دروست ده‌كات.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP