دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

لەناو قوڵایی قەیرانەکاندا دەرفەتی گەورە دروستکرد سەرکردە مەزنەکان هیچ کات بێ ئومێد و تەسلیم نابن

هەرێم نیوز

فشارەکان هەرچەندە زیاتر بن ئەو زیاتر خۆراگرتردەبوو، بەڵێ ئەو کەسە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە مەسرور بارزانی، ئەگەرچی پێشتر رایگەیاندبوو، کاتێ ئەوان کابینەی نۆیان پێکهێنا، کەوتن بەسەر کۆمەڵێ قەیراندا، لەهەموویان مەترسیدارتر پەتای کۆرۆنابوو، کەداهات گەیشتە سفر، هەربۆیە لەوکاتەدا ئاسان نەبوو، ئیدارەدانی حکومەتێ کەوێڕای فشاری دەرەکی، فشاری ناوخۆیشی لەسەربوو.

لەگەڵ زیادکردنی فشارەکانی عێراق لەرێگای دادگای فیدراڵییەوە، ئێران لەرێگای بۆردومانی جۆراوجۆرەوە، هەروەها فشاری ناوخۆیی لەرێگەی قەیرانی داراییەوە تەنگیان بەحکومەت هەڵچنیبوو، بەڕادەیەک لایەنە نەیار و ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت هەندێ لایەنی بەشداری کابینەی نۆیەمیش نوقڵانەی کەوتنی حکومەت تا هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمیشیان لێدەدا، بەڵام مەسرور بارزانی، بەبێ تەسلیم بوون، بەردەوامبوو لەستراتیژی گەشەپێدانی کوردستان و پێداگری لەسەر پاراستنی قەوارەی هەرێم توانی کوردستان لەگەردەلولی ناحەزان بپارێزێت، بۆئەوەش رێگەی دیبلۆماسی بەکارهێنا، لەو رێگەیەشەوە توانی تەم و خوماری مەترسییەکان لەسەر هەرێم بڕەوێنێتەوە.

ئەوەبوو سەرەتاى مانگى ئازارى ئەمساڵ سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى ئەمریکاى کردو لەدواى کەمتر لە سێ مانگ بەسەر ئەو سەردانەدا هێدی هێدی بەرهەمەکانى وەدەردەکەون و دیارترینیان لێکەوتەکانى کەبەڵگە نەویستە، کە پێش سەردانەکەى سودانى بۆ ئەمریکا دەرکەوت و ئامانجەکانى دادگاى فیدراڵی خستە ژێر پرسیارەوە و ئەو مەترسییەشى تارادەیەکی زۆر رەواندەوە کە هەندێک پێیان وابوو کۆتایی بەقەوارەى هەرێمى کوردستان دێت، بۆ نموونە بە پێچەوانەى خواستەکانى دادگاوە حکومەتى عێراقى دوو موچەى لەیەک مانگدا نارد، وەزارەتى دارایی حکومەتى عێراق باسی لەوە دەکرد مووچەى مانگی ئازار بە کارتى بانکی نەبێت مووچەکە نانێرن، بەڵام وا دەرنەچوو.

پێدانی هۆشداری توند بەسودانی پێش سەردانەکەی لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکا بەڵگەی بێ چەندوچۆنی کاریگەری سەردانەکەی سەرۆک مەسرور بوو، کاتێ بە سودانیان وت، پێش ئەوەی سەردانی ئەمریکا بکەی دەبێ کێشەکانت لەگەڵ هەرێمدا چارەسەر بکەی، بەتایبەتی کێشەی موچەی فەرمانبەران، ئەگینا، ناچار دەبین خۆمان لەئەمریکاوە پشکی هەرێم جیادەکەینەوە و بۆیان دەنێرین. یەکێکى تر لە نیشانەکانى سەرکەوتنى ئەجێنداى سەرۆکی حکومەت ئەوە بوو، لە زۆرینەى دیدارەکانى سودانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر بووە، ئەوەش وای لە سودانی کردبوو، کە جیاواز لە دیدارەکانی تر باسی حکومەتى هەرێمى کوردستان بکات ئەوەش بوو مایەى خۆشحاڵی ئەمریکییەکان.

لە هەموو دیدارەکانى سودانیدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانى ئەمریکادا بەردەوام جەختیان کردووەتەوە کە هەرێمى کوردستانى بەهێزیان دەوێت، لەو سۆنگەیەوە حکومەتى ئیتیحادی نەرمی زیاتر لە جارەیان نوواندووە. لە لایەکی تریشەوە لە میانى سەردانەکەى سودانیدا جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە کە پێویستە هەڵبژاردنى هەرێمى کوردستان بکرێت، بەمەرجێک خزمەت بە پرۆسەى دیموکراسیەت بکات لە عێراق و هەرێمى کوردستان، هەر ئەوەش وایکرد کە یەکێک لە سیاسەتمەدارانى هەرێمى کوردستان بڵێت: لە بوارى هەڵبژاردندا جۆ بایدنیش وەک کاک مەسعوود بیردەکاتەوە، ئەمەش دەرخەرى ئەو راستیەیە کە چەندە پارتى لە خەمى هەڵبژاردنەکانى کوردستاندایە. دەستکەوتەکانى ئەو سەردانەى سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان بووە هۆی ناردنەوەى مووچەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وابەستەیی خۆیشی بۆ رێککەوتەنەکان نیشانداوە، بەڵام سەیر لەوەدایە هەندێک لە حیزبەکانى کوردستان خۆیان بە خاوەنى پرۆژەکان دەزانن، ئەوە لە کاتێکدا سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشبینى ئەوەى کردبوو کە لەیەکێک لە ئێوارە خوانێکى هەولێردا گوتى لەکاتى سەرکەوتنەکاندا زۆر کەس و لایەن خۆیان دەکەنەپاڵەوان و لەکاتى پیویستى و تەنگانەشدا پشت دەکەنە خەڵک و شانیان لەژێر بەرپرسیارێتى دێننە دەرەوە، هەرواش دەرچوو، بەڵام راستەقینەى بابەتەکە جۆریکى دیکەیە، پەیوەستى راستەوخۆی بە سەردانەکەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بووە بۆ ئەمریکا.

پشتیوانىکردنى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان هەروا شتێکى هەوانتە و لەخۆوە نییە و ئەمریکا نە لەسەر بنەمای سۆز بڕیاردەدات و نە لەسەر بنەماى نەشارەزایی، بەڵکو لەسەر بنەماى دیراسەو توێژینەوەى تایبەتى، هەربۆیە پشتیوانیکردنى ئەمریکا لە مانەوەى هەرێمى کوردستان، بەهۆی بەهێزی پێگەی هەرێمەوە هەیە، ئەمریکییەکان باش لەوە گەیشتوون، کوردستان بەهۆی ئەمریکییەکانەوەیە بەو شێوەیە دەکرێتە ئامانج لەلایەن نەیارەکانەوە. ئەگەر توانا و پێگەى هەرێمى کوردستان نەبوایە، چۆن رەجەب تەیب ئەردۆگان وەک چۆن سەردانى بەغداد دەکات ئاوا سەردانى هەرێمى کوردستانى دەکرد، ئەمە ئەو راستییە دەگەیەنێت کە ئەمریکا لەگەڵ مانەوە و بەهێزی هەرێمی کوردستاندان.

لە ئێستاشدا خەریکە کێشەى مووچە بەشێوەیەکى هەمیشەیی چارەسەر دەبێت، هێزەکانى ئەمریکا بە هەر شێوەیەک و لە ژێر هەر ناوێکدا مانەوەیان پێویستە، خۆ ئەگەر عەرەبەکان بەو چارەسەرە رازی نەبوون، ئەوا لەگەڵ سیاسەتەکانى ئەمریکا بەناوچەکەدا بەرەوڕوو دەبنەوە، پرسیارە گرنگەکەش ئەوەیە ئاخۆ ئەم هەڵوێستەى ئەمریکا و هاوپەیمانەکان راستەقینەیەو لەبەرامبەر ئەوەشدا سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش لەو بارانەوە قسورى نەکردوو، ئەگینا ئەمریکا لەژێر هیچ پەیمان و وابەستەییەکدا نییە لەگەڵ هەرێمى کوردستان، بەڵام مەبەستیانە هەرێمێکى بەهێز لەنێو چوارچێوەیەکى یاساییدا کارەکانى خۆی بکات و جگە لە حکومەتى هەرێمى کوردستان کەسى دیکە بۆ هاوپەیمانى خۆیان بە شیاو نازانن..



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP