دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

د. نەهلە ئەفەندی: حکومەتی عێراق لەسەر داوای ئێمە 6 هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم دادەمەزرێنێت

محەمەد جەمال – هەولێر

پەرلەمانتارێکی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باس لە دامەزراندنی شەش هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێ، داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین ئەو ڕێکارە یاساییانە بگرێتەبەر کە پێویستن.

د. نەهلە ئەفەندی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی و سەرۆکی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق بە هەرێم نیوزی ڕاگەیاند، لە سەرەتای هەفتە بە ئامادەبوونی د. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژەی فیدراڵی سەبارەت بە پرسی دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە.

باسى لەوە شكرد، کە نووسراوێکی فەرمییان ئاراستەی ئەنجوومەنی ڕاژەی فیدراڵی کردووە بۆ دامەزراندنی 6 هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2018ـەوە دانەمەزراون.

دەشڵیت، داوامان کردووە کە چ ڕێکارێکی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە بە فەرمی ئاگادارمان بکەنەوە.

ئاماژە بەوەش دەکات، کە لەڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نووسراو ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکەن بۆ ئەو ڕێکارە پێویستییانەی کە بۆ دامەزراندنی ئەو 6 هەزار دەرچووە پێویستن.

وتيشى، جیا لەدامەزراندنی ئەو شەش هەزار دەرچووە، داوایان کردووە دەرچووانی بەشە تەندروستییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانیش لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێن.

روونيشى  دەکاتەوە، کە لەگەڵ هەمان ئەنجوومەنی ڕاژە و بە ئامادەبوونی د. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا و د. ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندرستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەتەوە.

دەشڵێت، لەسەر دامەزراندنی بەشە تەندروستییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی وەرگیرا و لە دوێنێوە فۆرمی ئەلیکترۆنی کارا کراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP