دواین هەواڵ

جیهان‌

 22/09/2021

ئێران ئامادەیی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکەوتننامە ئەتۆمیەکەی دەربڕی

هەرێم نیوز
سەرۆک کۆماری ئێران پشتیوانی خۆی بۆ زیندوکردنەوەی ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی دەربڕی و ڕایگەیاند، ڕەچاوی گفتوگۆی ئەتۆمی ئەکەن بۆ لابردنی سەرجەم سزا سەپێنراوەکانی ئێران

 ئیبراهیم ڕەئیسی، ڕەئیسی لەمیانەی وتارە تۆمارکراوەکەیدا بۆ کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، "کۆماری ئیسلامی گفتوگۆی بەسوود لەبەرچاو دەگرێت کە دەرەنجامەکانی لابردنی سەرجەم سزا سەرکوتکەرەکان بێت."

لە مانگی شەشەوە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بە نێوەندگری یەکێتی ئەوروپا ڕاگیراون، ئەوەش دوای چەند مانگێک لە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتەکەی پێشووی ئێراندا کە هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتەوە.

ڕەئیسی دووبارە جەختی لەوە کردەوە لەڕووی ئایینەوە چەکی ناوەکی ڕێگەپێنەدراوە وتی " چەکی ناوەکی هیچ جێگەیەکی نابێتەوە لە سیستمی بەرگری و سیاسەتی جەنگماندا."

هاوکات سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پێشبینی ئەوە دەکات گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان "لە هەفتەکانی داهاتوودا" دووبارە دەستپێبکەنەوە.

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ وتی:  ڕۆژی سێشەممە لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ وەزیری نوێی دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیر عەبدوڵاهیاندا کۆدەبێتەوە و داوای لێدەکات " بەزووی " گفتوگۆکان لە ڤییەنا دەستپێبکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس ڕایگەیاند، دەبێت بەپەلە گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە، ئەمەش لەنێوەندی نیگەرانیەکانی ڕۆژئاوادا لەسەر ئەوەی ئێران پێدەچێت لەو ماوەیەدا پەرە بە بەرنامە ناوەکییەکەی بدات.

ماس دەڵێت: " چاوەڕێی شاندی ئێران ناکەین دوو سێ مانگی دیکە بگەڕێنەوە ڤییەنا. دەبێت زووتر بگەڕێنەوە."

لەلای خۆشیەوە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا دەخوازێت بگەڕێتەوە سەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە و سزاکان لاببات.

ئاماژەی بەوەشکرد، " ئەگەر ئێران پابەندی بەرپرسیارێتیەکانی بێت ئەوا ئێمەش ئامادەین دووبارە پابەندی بەرپرسیارێتیەکانمان ببینەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP