هەرێم نیوز
بەرپرسی دەزگای زانیاری یەكێتی ڕایگەیاند، دوای 20 ساڵ لە هێرشە تیرۆریستییەکانی11ی سێپتەمبەر، هێشتا تیرۆر مەترسییەکی گەورەیە، وەکو بیرکردنەوە هەمیش بەهۆی ئەو پێگە جیۆسیاسییەی کە هەرێمەکەمان خۆی تێدا دەبینێتەوە.
ئەژی ئەمین، بەرپرسی دەزگای زانیاری یەکێتی نیشتیمانی كوردستان، پەیامێکی بە بۆنەی 11ی سێپتەمبەر بڵاویکردووەتەوە و لەپەیامەكەیدا هاتوە، بەداخەوە تیرۆریزم لە چەند ساڵی نزیکی ڕابردوودا، زیاتر سوودی لە تەکنەلۆژیای مۆدێرن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەرگرتووە. گروپە تیرۆریستییەکان لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵکانی نوێ دەخەنە ڕیزەکانیانەوە، ئایدیۆلۆژیاکەیان بڵاودەکەنەوە و پروپاگەندەی بێبنەما دروست دەکەن.
دەشڵێت:"کاتی ئەوەیە نیشتمان ببێتە لانکەی ئاسوودەیی و گۆشکردن و خزمەتکردنی هاووڵاتیانیی بۆئەوەی لەلایەن گروپە توندئاژۆکانەوە بەئامانج نەگیرێن، نە خۆیان ببنە قوربانی و نە بکرێنە قوربانی. دەبێت دەست لەناودەست ڕووبەڕووی هەر مەترسییەک ببینەوە کە ڕوودەکاتە نیشتمانەکەمان.
دەقی پەیامەکە:...
11ی سێپتەمبەر، تیرۆر فیکر و کارو کاردانەوەیە
دوای 20 ساڵ لە هێرشە تیرۆریستییەکانی 11ی سێپتەمبەر، هێشتا تیرۆر مەترسییەکی گەورەیە، وەکو بیرکردنەوە هەمیش بەهۆی ئەو پێگە جیۆسیاسییەی کە هەرێمەکەمان خۆی تێدا دەبینێتەوە.
دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان بەپشتیوانیی وڵاتانی هاوپەیمان و بەشێک لە وڵاتانی ئیقلیمیی ڕووبەڕووی تیرۆریزم و گروپە توندڕەوەکان بووینەتەوە. ئەم گروپانە لە هەر زەمان و پێگەیەکی جوگرافیدا بەشێوەی جیاواز دەرکەوتوون، دەتوانین بڵێین ساڵ بۆ ساڵ میتۆدی نوێتریان گرتووەتەبەر بۆئەوەی کردە تیرۆریستییەکانیان ئەنجام بدەن و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری دروست بکەن.
بەداخەوە تیرۆریزم لە چەند ساڵی نزیکی ڕابردوودا، زیاتر سوودی لە تەکنەلۆژیای مۆدێرن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەرگرتووە. گروپە تیرۆریستییەکان لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵکانی نوێ دەخەنە ڕیزەکانیانەوە، ئایدیۆلۆژیاکەیان بڵاودەکەنەوە و پروپاگەندەی بێبنەما دروست دەکەن.
ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی، قەیرانی دارایی و پشێویەکانی ناوچەکە هۆکاری دیکە بوون کە گروپە تیرۆریستی و بزوتنەوە توندڕەوەکان لێی سوودمەند بوون لەناوچەکەدا. هەربۆیەشە قووڵبوونەوەی قەیرانە سیاسییەکان و دۆخی ناهەموواری دارایی وادەکات گروپە تیرۆریستییەکان مۆڵگەی نوێ دابنێن.
سەرەڕای هۆکارە ناوەکییەکان، هەندێجار تیرۆریزم هەناردە دەکرێت بەپشتیوانیی ئەو دەوڵەتانەی تیرۆریزم بەرهەمدەهێنن یاخود ئەجێنداکانیان لەڕێگەی گروپە تیرۆریستییەکانەوە بەدیدەهێنن.
کاتی ئەوە هاتووە بەشێوازێکی دیکە ڕووبەڕووی تیرۆریزم ببینەوە، سەرەڕای ڕێکارە ئەمنییەکان، دەستبخەینە سەر برینە ناوەکییەکان، کۆتایی بە ناسەقامگیری سیاسی و تەنگژە داراییەکان بهێنین. دەبێت شەرعییەتی ئاینیی لە گروپە تیرۆریستییەکان وەربگرینەوە، لە رۆحی ئاینەوە، لەڕێگەی مامۆستایانی ئاینییەوە پەیامێک دوور لە مەرام و بەرژەوەندی سیاسی بەشێوەیەکی تەندروست بڵاوبکرێتەوە.
گروپە تیرۆریستییەکان ئایین بۆ مەرامی خۆیان بەکاردەهێنن، هەر کەس و لایەنێک لەدەرەوەی ئەو تێگەیشتنە ئاینییەی خۆیانەوە بێت، ڕاستەوخۆ دەکرێتە ئامانج، ئیتر بەلایانەوە گرنگ نیە کە سەر بە کام مەزهەب و ئاین و تێگەیشتنێکە.
بەهەمانشێوە گروپە تیرۆریستییەکان نیشتمانیان نیە، کاتێک هاووڵاتییەک هەستی نیشتمانپەروەری لاواز دەبێت، قۆناغێک نزیکتر دەبێتەوە لەوەی لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە مێشکی بشۆرێتەوە. کاتی ئەوەیە نیشتمان ببێتە لانکەی ئاسوودەیی و گۆشکردن و خزمەتکردنی هاووڵاتیانیی بۆئەوەی لەلایەن گروپە توندئاژۆکانەوە بەئامانج نەگیرێن، نە خۆیان ببنە قوربانی و نە بکرێنە قوربانی. دەبێت دەست لەناودەست ڕووبەڕووی هەر مەترسییەک ببینەوە کە ڕوودەکاتە نیشتمانەکەمان.
دروود بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان، هەموو ئەوانەی لەڕێگای رزگاری کوردستان و ڕووبەڕوو بوونەوەی گروپە توندڕەوەکان گیانیان بەخت کرد.