دكتۆر عماد شێروانی- پسپۆری نەشتەرگەری ئێسك و شکان و بڕبڕەکانی پشت و گۆڕینی جومگەکان و نازوورى ئەژنۆ و دەرچوونی حەوزی منداڵان بڕوانامەی بۆرد (دکتۆرا) بڕوانامەی راهێنان لە وڵاتی ئەڵمانیا .
بۆ دەست نیشانکردنی ئازاری پشت، لە ڕێگەی گێڕانەوەی نەخۆش و چیرۆکی نەخۆشیەکەی ئەویش بە (سەیرکردن، دەست لێدان لە شوێنی ئازار، پشکنین بە دەست، پشکنینی سەرجێی و نۆڕینگەیی و پشکنینی دەماری).
دەست نیشانکردنی تیشکی:
وێنەگرتنی سادە بە شێوازی جیاواز ، رەنینی موگناتیسی، وێنەگرتنی سەرووی دەنگ بۆ سک بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی نەخۆشی لە گورچیلە و زراو. هەندێک جاریش وێنە گرتنی تیشکە پەیکەر و وێنە گرتنی لوولەکانی خوێن.
دەست نیشانکردنی تاقیگەیی:
پشکنینی خوێن بۆ زانینی ژمارەی خرۆکە سوور و سپیەکانی خوێن، زانینی ڕێژەی نیشتن (ئى ئێس ئاڕ - ESR) ، پشکنینی ڕۆماتیزم لەگەڵ چەند پشکنینێکی تر بەپێی پێویستی نەخۆشەکە.
ڕێگاکانی چارەسەری.
چارەسەر بە بێ ئەنجامدانی نەشتەرگەری
دوای ئەنجامدانی پشکنینە پێویستەکان ڕێگای چارەسەری دێت کە پێویستە نەخۆش چارەسەریەکان بە ڕێک و پێکی و دروستی وەربگرێت.
1. دەرمانی ئازار شکێن: لەکاتی بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن لە دەرمانە سادەکان دەست پیدەکرێت وەکو پاراستۆل، ئەسپرین، ئەمەش بە پێی تەمەنی نەخۆشەکە و توندی ئازارەکە دەگۆڕێت، لەگەڵ ئاگاداربوون لە ژنی دووگیان و منداڵ.
2. دەرمانەکانی خاوکردنەوەی ماسولکەکان: ئەمەش ئەو دەرمانانەن کە لە ڕێگای دەمەوە وەردەگێرێن کە ئەم دەرمانانە هەڵدەستن بە خاوکردنەوەی ماسولکە کفت (گرژ ـ رەق) بووەکان لە زۆربەی حاڵەتەکانی ئازاری پشت بەسوودە.
3. دەرمانەکانی دژە هەوکردنی ناستیرۆیدی NSAIDS - Non Steroidal Anti-Inflammatory Drugs : ئەم جۆرە دەرمانانەش زۆرن بەڵام پێویستە زۆر بە وریایی بەکار بهێنرێن یاخود تەنها لەکاتی ڕاوێژکردن بە پزیشکی پسپۆر بەکاربهێندرێن، چونکە لەوانەیە دەرمانەکە کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەمار و خوێن و میزەڕۆش هەبێت بۆیە دەبێت لەکاتی دیاریکراو باکاربهێندرێن.
4. بەکارهێنانی دەرزی کۆرتیزۆن: ئەم جۆرە دەرزیەش پێویستە لە لەلایهن پزیشکى پسپۆر و بە رێگەیەکی پاک لە نەخۆشخانە بەکاربێت چونکە چەند ریگایەك هەن بۆ لێدانی ئەم دەرزیە و هەمووشیان لە چەند شوێنێکی پشت دەدرێن بە پێ جۆری نەخۆشیەکە و هۆکارەکەی و دەتوانرێت لە ژێر تیشکی (X) یاخود سی تی سکان (CT-scan) لێ بدرێت بۆ زیاتر دڵنیابوون بە گەیاندنی دەرمانەکە بۆ شوێنی مەبەست.
5. پشوودان لەسەر جێگا بە شیوەیەکی گونجاو، ئەویش بە دریژکردنی قاجەکان و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی پزیشك.
6. دانانی دێمکەی فێنک لە سەروو و خوارەوەی پشت، لەگەڵ شێلانی پشت بە هەندێک هاڕاوە و کرێمی ئازار شکێن و خاوکەرەوە.
- لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە لەگەڵ وەرگرتنی چارەسەر لە شێوەی دەرمان دەبێت نەخۆش چارەسەری سروشتی ئەنجام بدات بە پێی رێنمایی پزیشك لە سەنتەرەکانی تایبەت بەو بوارە و لە (٦ـ۱۲) دانیشتن بە پێی کێشەی نەخۆش و پاشان ئەنجام دانی چەند وەرزشێك لە ماڵەوە کە لە لایەن پزیشکەوە بۆ نەخۆش بە پێی خشتەیەکی دیاریکراو دادەنرێت.
- پابەندبوون بە ئەنجامنەدانی ئەو هۆکارانەی کە دەبنە بەشێك لە تێکدان و ناڕێك کارکردنی ماسولکە و بڕبڕەکانی پشت لەوانە (هەڵگرتنی قورسی بە شێوەیەکی نادروست، ئەنجامدانی وەرزش بە هەڵە و خۆ چەماندنەوەی لە ناکاو و ....)، ئەمانە و زۆری تر هەمووی لە لایەن پزیشکەوە بە شێوەیەکی زانستی بە نەخۆش دەگوترێت و رێنمایی دەکرێت.
- بە پێی لێکۆڵینەوەکان بە شێوەیەکی گشتی وەرزشی (مەلەوانی) باشترین و بەسوودترین وەرزشە بۆ زۆر لە کێشەکانی پشت لە رێگای بەهێزکرنی ماسولکەکان و رێكکردنی کاری میکانیکی بڕبڕەکانی پشت.
چارەسەر بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری
جۆرەکانی نەشتەرگەری زۆرن کە دەست پێ دەکات لە نەشتەرگەری بە برینی زۆر بچووك (بە بەکارهێنانی مایکرۆسکۆپ) بۆ نەشتەرگەری خاوێنکردنەوە بە برینی بچووك تا دەگاتە جێگیرکردنی بڕبڕەکانی پشت بە دانانی پلاتین و بوڕغی، ئەمانە هەمووی لە رێی پزیشکی پسپۆرەوە بڕیاڕی لەسەر دەدرێت بە پێی جۆری کێشەکە و هۆکارەکانی و هەموو شتێك لە لایەن پزیشکەوە دەبێت روونبکرێتەوە بۆ نەخۆش.
بە هیوای سوود وەرگرتن و جێبەجێکردنی رێنماییەکان.