هەرێم نیوز
بافڵ تاڵهبانی، ھاوسهرۆكی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ سەركردایەتی هەولێری یەكێتی رایدهگهیاند، یەکێتی چەند ھەنگاوێکی بەئاڕاستەی یەکێتی ناو یەکێتی ناوە و گۆڕانکارییەکان لەپێناو پاراستنی شکۆی یەکێتی و پارێزگاریکردن بووە لە دەستکەوتەکان و ئەو بەها نەتەوەیی و نیشتمانییانەی یەکێتییەکەمان بڕوای پێیانە.
نوسینگهی راگهیاندنی بافڵ تاڵهبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمرۆ 18ی ئابی2021، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر لەگەڵ سەرکردایەتی ھەولێر کۆبۆتەوە و ڕایگەیاندوە،" یەکێتی موڵکی هیچ گرووپ و بەرژەوەندیخوازێک نییە و رێگەنادەین مێژووی پڕ لە سەروەری ئەم حیزبە لەکەدار بکرێت. ئەوەی کردوومانە پاراستنی حیزبی شەهیدان بووە لە هەڵدێر و بەلاڕێدا بردن. یەکێتی لەهەناوی کۆمەڵانی خەڵکەوە دروستبووە و دەبێت هەموو هەوڵەکانیشی لەپێناو خەڵکدا بێت.
بافڵ تاڵە بانی ڕاشیگەیاندوە، دڵنیایی دەدەینە یەکێتییە سەربەرزەکان کە جارێکیتر یەکێتی نابێتە قوربانیی مەرامە تایبەت و بەرژەوەندییە شەخسییەکان، ئەوانەشی لەرابردوودا ئەم کارانەیان کردووە نابەخشرێن و رادەستی دادگایەن دەکەین.
هەر لەو كۆبونەوەیەدا کە د.ئەرسەلان بایز، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و د.رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئامادەیبوون گفتوگۆکراوە لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی، گۆڕانکاری و چاکسازییەکان و ئامادەکارییەکانی یەکێتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان.