دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 30/07/2021

كوتلە سیاسیيەكان بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن

هەرێم نیوز

كەناڵی ئەلحورەی ئەمەریكا، لەپێگەی خۆی له‌ راپۆرتێكدا، بڵاویكرده‌وه‌، بازنه‌ی بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تادێت فراوانتر دەبێت .

لەڕاپۆرتێكدا پێگەی كەناڵی"ئەلحورەی" ئەمەریكا،دەڵێت:"بازنەی بایكۆتی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، تادێت فراوانتر ده‌بێت و چیتر هه‌ڵوێستی بایكۆتكردنی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ته‌نیا له‌لایه‌ن"كوتله‌كانی تشرین"ـه‌وه‌ به‌دی ناكرێت، به‌ڵكو به‌م دواییانه‌ چه‌ندین كوتله‌ی سیاسی دیاری عێراق هه‌مان هه‌ڵوێستیان نیشانداوه‌.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، ئه‌و كوتلانەی بڕیاری بايكۆتیانداوە، بریتین له‌ كوتله‌ی مینبه‌ری نیشتمانی و كوتله‌ی سائیرون، حیزبی شیوعی عێراقی و كوتله‌ی حیواری نیشتمانی كه‌ له‌ له‌لایه‌ن ساڵح موتڵه‌گ، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراقه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت.

هاوكات، جینین پلاسخارت، نوینەری نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق، لە 28 ئەم مانگەدا لەدیمانەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بارودۆخی ئەمنی عێراق تەواو شێواوە و چاوەڕوان ناکرێت هەڵبژاردن بەبێ ساختەکاری بکرێت.

پلاسخارت، ئەوەشی راگەیاندووە،"كە میلیشیاکان هەڕەشە لە ژیانی عێراقییەکان دەکات و وڵات بەرەو جارەنووسی نادیار پەلکێش دەکات".

لەلایەكی دیكەوە، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ واژووی وائل عه‌بدوللـه‌تیف، وته‌بێژه‌كه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، كوتله‌ی"مینبه‌ری نیشتمانی" دووپاتیكرده‌وه‌، كه‌می رێژه‌ی به‌شداربووانی هه‌ڵبژاردن خولێكی په‌رله‌مانی ناكارامه‌ به‌رهه‌مده‌هێنێت و له‌توانایدا نابێت له‌ئاست ئه‌ركه‌ گه‌وره‌كه‌یدا بێت، هه‌روه‌ها حكومه‌تێكی لاوازیشی لێ به‌رهه‌مدێت، كه‌ گه‌نده‌ڵی و ساخته‌كاری هه‌موو جومگه‌كانی ده‌ته‌نێت.

هەر لەوبارەیەوە،"حیواری نیشتمانی" له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگەیاند،"دۆخی خراپی وڵات و نه‌بوونی ژینگه‌یه‌كی سه‌قامگیر بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پیشوه‌خته‌ و بوونی چه‌كی بێمۆڵه‌ت له‌سه‌ر ئاستێكی فراوان له‌ وڵات، هه‌موویان فاكته‌رن كه‌ هیچ گۆڕانكارییه‌كی دیار روونادات".

له‌ 24ی ئه‌م مانگه‌ش حیزبی شیوعی عێراق بۆچونی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە دەربڕی و ڕایگەیاندبوو، له‌ به‌رده‌وامی قووڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی گه‌نده‌ڵی، هه‌روه‌ها له‌ به‌رده‌وامی كرده‌ تیرۆریستییه‌كان، رفاندن، تۆقاندن و خراپی دۆخی بژێوی هاووڵاتییان،هیچ ژینگه‌یه‌كی له‌بار ره‌خساو نابێت بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پاك، ته‌نها وه‌همێك نه‌بێت، كه‌ رووداو و واقعه‌ تراژیدییه‌كانی رۆژ و نه‌هامه‌تییه‌كانی ملیۆنان كه‌س جڵه‌وی له‌سه‌ر ده‌گرن.

له‌ 26ی ئه‌م مانگه‌ش لیژنه‌ی ناوه‌ندی ئه‌و حيزبه رایگه‌یاند،‌ داواكارییه‌كانیان پێشكه‌ش به‌ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن كردووه‌، كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ بكشێنه‌وه‌.

بەپێی بۆچونی چاودێرانی ناوخۆی و نێودەوڵەتیش، بەشی زۆری خەڵكی عێراق و تەنانەت پارت و كوتلەسیاسییەكانيش بەنیگەرانییەوە لەدۆخی ئێستای عێراق و ژینگەی هەڵبژاردنی پێشوختەی ئەنجومەنی نوێنەران دەڕوانن و پێیان وایە گروپە میلیشیاكان هەڕەشەن لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكان ودەڵێن:" تائەو گروپانەش باڵادەستبن مومكین نابێت هەڵبژاردنێكی بێ تەزویر و بێگەرد ئەنجام بدرێت. 






Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP