دواین هەواڵ

کوردستان‌

 23/06/2021

قایمقامیەتی سلێمانی: ئاوی به‌لوعه‌ له‌ ئاوی ده‌به‌ خاوێنتره‌

  1. هه‌رێم نیوز
    سەرۆکی لیژنەی کارگە و کۆگاکانی ئاو لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیه‌نێت، دەبەی ئەو ئاوی خواردنەوانەی کە دەفرۆشرێن بەپێی پێوانەی عێراقی رەتدەکرێنەوەو "ئاوی بەلوعە خاوێنە و لە دەبە باشترە".
     
    کەیوان خەلیل، سەرۆکی لیژنەی کارگە و کۆگەکانی ئاو لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگه‌یاندوه‌ "پەرداخی ئاوەکان پلاستیکەکەیان لە مادەی (ریسایکلین) پێكدێت زۆربەی لە دەرەوە بۆ کارگەکان دێت. ئێمە پشتگیریی ئاوی بەلوعە دەکەین، چونکە خاوێنە و کلۆری تێدەکرێت. ئەو ئاوەی لە دەبەی پلاستیکیدایە ئاوی بیری ئیرتیوازییە و لە چارەسەرکردنیدا ئۆزۆنی پێدا دەکەن کە کلۆر لە ئۆزۆن باشترە، چونکە ئۆزۆنەکە لەگەڵ پلاستیکەکەدا کارلێک دەکات، ئەوەیش زیانی زۆرە".
     
    ئه‌وه‌شی وتوه‌ "لیژنەیەکمان هەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە پلاستیکی دەبەی ئەو ئاوی خواردنەوانەی کە دەفرۆشرێن. بەپێی پێوانەی عێراقی ئەو دەبەی ئاوانە رەتدەکرێنەوە، چونکە ئەستوریی پلاستیکەکە کەمە و بە ئاسانی دەقوپێت. بەداخەوە ئامێرەکانی پشکنین بۆ ئەو مەبەستە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا بەردەست نین، بۆیە لەگەڵ پارێزگاری سلێمانیدا هەوڵمانداوە لە دەرەوەی عێراق پشکنین بکەین و داواکەمان پەسه‌ندکراوە. ئێستاکە خەریکی ئەوەین و لە دەرەوە پشکنین بۆ دەبەکان و ئاوەکەی ناویان دەکەین".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP