دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

بە درۆن هێرشكرایەسەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر و دووکەس گیانیان لە دەستدا

هەرێم نیوز

 کێڵگەێ غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادر کەرەم لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی نەناسراوەوە بۆردومانکرا.

رەمەک رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ  راگەیاند، لە کاتژمێر 6:45ی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی نەناسراوەوە هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ.

ئاماژە بەوەشدراوە، بەهۆی هێرشەکەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە وەستاوە و ئەمە دووەمجارە هێرشدەکرێتە سەر ئەو کێڵگەیە.

قائیمقامی چەمچەماڵ ڕەمەک ڕەمەزان دەشڵێت، لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دوو کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی تریش برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشدا، هێشتا بە تەواوەتی زیانە مادییەکان نازانین بەڵام ئەوەی هەیە تا ئەم ساتە زیانییە گیانییەکان زانراون، و لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

وتیشی: دیاریکردنی شوێنی هێرشەکە لە توانای ئێمە نییە و دەبێت لایەنە ئەمنییەکان شوێنی هێرشەکە بدۆزنەوە، بەڵام ئەوەی هەیە لێکۆڵینەوە بەردەوامە و ناوچەکە پارێزراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە،  لە ماوەکانی رابردوودا چەندین جار هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، کە بەهۆی هێرشەکانەوە، هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرابوو.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP