دواین هەواڵ

کوردستان‌

 13/06/2021

سەلاحەدین بەهادین: شەڕ نیشانەی شکستی لایەنەکانە

سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی

هەرێم نیوز
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی رایگەیاند، ماوەیەکە تارمایی شەڕی کوردان باڵی کێشاوە بەسەر نیشتماندا، ئەرکی هەمووانە عەقڵ بکەنە حەکەم، دەشڵێت، "شەڕ نیشانەی شکستی لایەنەکانە."


سەڵاحەدین بەهائەدین لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "‏شەڕ نیشانەی شکستی لایەنەکانە، بۆیە ئازا ئەوەنیە هەڕەشەی شەڕبکات، بەڵکو ئازا ئەوەیە هونەری چارەسەری ئاشتییانە بەکاربهێنێت و خەمی نەڕشتنی دڵۆپێک خوێنی بێت."

ئەمینداری یەکگرتوو ئەوەشی خستەڕوو، "ماوەیەکە تارمایی شەڕی کوردان باڵی کێشاوە بەسەر نیشتماندا، ئەرکی هەمووانە عەقڵ بکەینە حەکەم، بەڵێ بۆ ئاشتی و نەفرەت لە شەڕ."

ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژی 5ی ئەم مانگە، لە سنوری چیای مەتینای پەکەکە هێرشیانکردووەتە سەر ژمارەیەک پێشمەرگە و بەوهۆیەشەوە، پێنج پیشمەرگە شەهیدبوون و حەوتی دیکەش برینداربوون.

8ی ئەم مانگەش، بەهەمان شێوە لە ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ بە چەکی قەناس پێشمەرگەیەک شەهیدکراوە و پەکەکەش ئەنجامدەری هێرشەکەیە.

لای خۆشییەوە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی رایگەیاند، "ئەوانەی تاوانی شەھیدکردنی پێشمەرگەکانیان ئەنجامداوە بە سزای خۆیان دەگەن."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP