دواین هەواڵ

کلتور‌

 05/06/2021

عێراقییەکان و بەدناوکردنی ((ئەدۆنیس)) وەک ستراتیژ!!

شوان ئەحمەد
لەکایەی ڕۆشنبیری عەرەبیدا ئەوانەی دژایەتی سەرمەشقی نوێگەری شیعری عەرەبی دەکەن، کەم نین و عێراقیەکانیش لەنێو ئەوانەدا، پشکی شێریان بەردەکەوێت.
ئەوەی لەڕێی ڕەخنەگر و نووسەر و شاعیرانی عێراقەوە ((ئەدۆنیس)) بناسێت، وادەزانێت سەروکاری لەگەڵ ڕۆشنبیرێکدایە، کاری تەنها مشەخۆریکردنە بەسەر نووسەرانی خۆرئاواوە. وا تێدەگات میراتی ئەو لەبواری شیعر و هزر و ڕۆشنبیری دا، بەرهەمی کۆلاجکردن و نەقڵ و دزیکردن و ئیقتیباسکردنە لەمولەو.

بۆ خۆم کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کاتێک بۆ یەکەمجار(افق الحداثة و حداثة النمط)ی سامی مەهدیم خوێندەوە، خانەگومانی کردم لەبەهرەو تواناکانی خاوەنی(گۆرانییەکانی میهیاری دیمەشقی).

کار بەوەشەوە نەوەستا، کتێبە قەوارە گەورەکەی کازم جیهاد(ادونيس منتحلا)یشی هاتە سەر. هاوکات عەبدولقادر جەنابیش لەپاریسەوە، یەک بینە بەوتا رو بەنامیلکە(رسالة مفتوحة الى ادونيس .. في الصوفية و السوريالية و مدارس ادبية اخرى)، لێی دەخوێند.

داجاریش کەسەردانی کوردستانی کردوو لەسلێمانی مایەوە، سەعدی یوسف هەرچی هەبوو نەبوو پێیووت.

خوێنەر کە ئەو هەموو ڕەخنەو پەلاماردانانەی عێراقییەکان لەسەر ئەدۆنیس دەخوێنێتەوە، دەگاتە ئەو بڕوایەی کایەی ڕۆشنبیریی عێراقی، وەک ستراتیژ کار لەسەر بەدناوکردنی دەکات.

هەڵوێستی ئەدۆنیس لەبەرامبەر زۆرێکی زۆر لەوانەی دژایەتی دەکەن و پەلاماری دەدەدن، بێدەنگی نواندن و بەفەرامۆشی سپاردنیانە. لەگەڵ ئەو پێڕە لەنووسەرانی عێراقیشدا، هەرهەمان ڕەفتاری نواندووە.

دواجار دەبێت ئەوەبڵێم: شتێک کە ڕۆشنبیرانی عێراقی لەئەدۆنیس سەرشێتکردووە، ئەوەیە دان بەبەهرەی کەسیاندا نانێ و پەسنی هیچیان نادات. جگە لە بەدر شاکر سەیاب کەهەوڵەکانی لەبواری تازەکردنەوەی شیعری عەرەبیدا بەرز دەنرخێنێ، ئاوڕ لەوانی دیکەیان ناداتەوە.

تەنانەت کەپرسیاری لەبارەی عەبدولوەهاب بەیاتیەوە لێدەکەن، بەتەوس و تەنزێکەوە دەڵێت: ئێستەش نازانم ئەو کابرایە، ئەو نێو و نێوبانگەی بەچی دروستکردبوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP