دواین هەواڵ

کوردستان‌

 01/05/2021

وەزارەتی پێشمەرگە: چەندینجار هۆشدارییمان دابوو لە مەترسییەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە

لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگە

هەرێم نیوز
وەزارەتی پێشمەرگە بۆشاییە ئەمنییەکەی نێوان پیشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بە هۆکاری "هەلقۆستنەوەی تیرۆریستان" بۆ هێرشەکانیان دەزانێت و جەختدەکاتەوە کە ئەو ناوچانە پێویستیان بەهێزی هاوبەش و هەماهەنگیی گشتگیر هەیە.


لە کاتژمێر 12:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 1-5-2021 لە سنووری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوە دروستبوو. بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهید بوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندارن.

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا ئامادەیی هێزی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان رادەگەیەنێت و هۆشداریی دەداتە "تیرۆریستان" کە "هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەڵامی تووندی دەبێت بۆ ئەو هێرشە چەپەڵانەیان و دڵنیایش دەدەینە خەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزراو دەبێت".

راگەیەندراوێک لەوەزارەتی پێشمەرگەوە

لەئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، تیرۆریستانی داعش پەلاماری سەنگەرێکی لیوای ۱۰ی پیادە یان دا لەبەرزاییەکانی (زورگەزراو) لەسنوری میحوەری پێنج. پەلامارەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ درایەوەو تیرۆریستان راونران.

لێرەوە رایدەگەینین، هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەمیشە سازو ئامادەیە، ئەو کردەوە دڕندانەیەی تیرۆریستان خەڵکی کوردستان و سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی هەرێم و ناوچەکە ناشێوێنێت.

پێشتر چەندینجار هۆشدارییمان دابوو، لەبارەی مەترسییەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە. بەداخەوە، هۆکاری ئەو هەلقۆستنەوەی تیرۆریستان، بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنییەیە، کە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، بۆ ئەمەش جەختدەکەینەوە کە ئەو ناوچانە پێویستیان بەهێزی هاوبەش و هاوکاری و هەماهەنگیی گشتگیر و هەمەلایەن هەیە لەگەڵ سوپای عیراقدا.

بەتیرۆریستان رادەگەیێنین، هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەڵامی تووندی دەبێت بۆ ئەو هێرشە چەپەڵانەیان و دڵنیایش دەدەین بەخەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزراو دەبێت.

پرسەو سەرەخۆشی لەخانەوادەی شەهیدانی سەنگەری بەرگری نیشتمان دەکەین و سەلامەتی و شیفای خێراش بۆ برینداران.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
۱ی ئایاری



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP