دواین هەواڵ

کلتور‌

 19/04/2021

بچنە سینەماو دڵی منداڵەکانتان خۆش بکەن

عومەر محەمەد
ئەم تایتڵە لە ڕۆژنامەی ژین ژمارە (١٣٠٤) داهاتووە. هەر بەو ژمارەیەوە دیارە کە لە پەنجاکانی سەدەی رابوردوودا لەسلێمانی رەخنە لە فیلم هەبووە، بۆ نمونە نوری وەشتی بابەتێکی لەمەڕ فیلمی دواپرد گرتووە، کە باس لە بەرەنگاری یۆگسلافیەکان دەکات دژ بەئەڵمانەکان، لە ساڵی ١٩٤٤ یشدا هەمان ڕۆژنامە سوپاس و ستایشی بۆ رەمزی قەزاز نوسیوە کە سینەمای هێناوەتە سلێمانی و هانی خەڵکیداوە لەبری قومار شەوانە بچنە سینەماو دڵی منداڵەکان خۆش بکەن، چونکە سینەما دەتوانێ خورەوشتی جوان لە مرۆڤدا بچەسپێنێ . ئەو سەروەختە ڕۆژنامەی ژین ئاوا رۆڵی گرنگی سینەمای لەبەرچاو بووە. هەڵبەت بە ئەدەبیات و زمانی ئەو سەردەمە ئەم دونیا بینیەو گرنگی رۆڵی سینەما لەو ئاستەدا ئەگەر زۆریش جێگەی شانازی نەبێت دەبێت ڕێزلێگیراوبێت.

کەواتە دەبێت بپرسین هۆی چییە کە ئەو سەروەختە سینەما ئەو ئابرومەندی و شانازییەی هەبووەو ئێستا لەم سەردەمی جیهانگیریەدا کە دونیا بووەتە گوندێکی بچوک و سینەما ڕٶڵی زۆر گرنگترو کاریگەرتری بەسەر ژیان و ژینگەو سیاسەت و فەلسەوە هەیە، هێشتا ژینگەی کوردی و عێراقی ڕۆڵی سینەمایان بەلاوە گرنگ نییە ؟ ئایا مرۆڤی عێراقی خەیال و ئەندێشەی نییەو دەیەوێت لە نێو لیتاوی واقعێکدا بمێنێتەوە کە سیاسەت و ئایدۆلۆژیا بۆی خوڵقاندووە ؟ یان کاریگەری بەعسیزمە کە بۆ بەرژەوەندی خۆی و گەوجاندنی مرۆڤی عێراقی سینەمای وەک هونەرێکی سوک و چروک وێناکردبوو ؟ نەک هەر ئەوەندە بگرە ئەو کەسانەشی دەبێزراند کە دەچونە سینەما، یاخود لەبەردەمی هۆڵی سینەماکاندا دەبینران ؟

نوسینێکی پڕۆفیسۆر ئەمیری حەسەن پور هەیە ( کە بەردەستمان نەکەوت) لە ژمارە ٣١ی ( ١٦ی مانگی هەفتی ١٩٢٦) خولی یەکی ڕۆژنامەی ژیانەوەدا دەنوسێ : سلێمانی یەکەمین شار بووە لە کوردستاندا کە لە گەلاوێژی ١٩٢٥دا یەکەم فیلمی تێدا لێدراوە .  بروانە - ئاوات نامیق ئاغا – مەڵبەند ساڵی ١٩٩٣ ل ٤٢ . لەناوەراستی هەشتاکانی سەدەی رابوردوو کە ئەوسا خوێندکاری بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی بووم،

بۆیەکەمجار سینەمای قەزازەکانم بەرگوێ کەوت، هەڵبەت من ئەوسا ئەمەم بەلاوە گرنگ نەبوو، بەڵام ئێستا کە بە دوای مێژووی سینەمای کوردەوەم و بە دوای سەرچاوەدا دەگەڕێم لە نوسینێکی مامۆستا ئاوات نامیق ئاغادا جارێکی تر بەر هەمان ئەو باسە دەکەومەوە، بەڵام ئەو باشترو ڕاستتر ناوی دەباو ئەمجارە باگراوەندی ناوەکەشیم بۆ روون دەبێتەوە (سینەمای قەزاز) نەک سینەمای قەزازەکان، ناوی راستەقینەی ئەم سینەمایەش سینەمای سەڵاحەدین بووە، ئەم ناوەیان لە کوێوە هاتووەو بۆچی ناوی سەڵاحەدینیان لێ ناوە رەنگە هەر پەیوەندی بە خۆشەویستیەوە بووبێت بۆ سەلاحە دەینی ئەیوبی وەک فەرماندەو جەنگاوەرێکی ئازای مێژوویی کورد. مامۆستا ئاوات دەنوسێ :

( کاک رەشە کە مەبەستی (ڕ ئەکرەمی ساڵحی رەشەیە) سەبارەت بە سینەما جێگرەوەکانی ئەو سەردەمە لە ساڵی ١٩٤٢- ١٩٤٥، کاک رەمزی قەزازو کاک عومەر قەزاز لە تەنیشت سینەما سیروانی ئێستا، سینەما سەڵاحەدینی هاوینەیان هەبووە، یەکەم فیلمی ئەم سینەمایە فیلمێکی رەنگینی (ویسترن) بەواتای (عەسابە) بووە، کە رێنوێنیکارەکەی یاخود دەرهێنەرەکەی "فرایتزلانک" بووە کەناوی گەرانەوەی فرانک جەیمس ١٩٤٠ بووە، لەنواندنی هنری فۆندا، دواتر رەمزی قەزاز ئەم سینەمایەی بەناوەکەی خۆیەوە واتا هەر بەناوی "سینەما سەڵاحەدین" گواستووەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی لە گەرەکی سابونکەران بەڵام سینەماکە لەناوخەڵکدا بەسینەما قەزاز بەناوبانگ بووەو هەتا ساڵی ١٩٤٩ بەردەوام بووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP