دواین هەواڵ

کوردستان‌

 20/03/2021

حەلبوسی بە رەسمی داوای تەواوکردنی رێکارەکانی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکات

هەرێم نیوز
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە حکومەتی عێراق کرد رێکارەکانی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە تەواو بکات.
 
لە نوسراوێکی فەرمیی پەرلەمانی عێراقدا بە ژمارە 31ـی ساڵی 2021، کە واژۆی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی لەسەرە و ئەمڕۆ شەممە 20ـی ئاداری 2021 دەرچوە،  هاتوە: "پەرلەمانی عێراق لە کۆبونەوەی ژمارە 44ـی لە بەرواری 16ـی ئاداری 2021 دا، لە وەرزی یەکەمی یاسادانان، ساڵی سێیەمی یاسادانان و خولی چوارەم، بڕیاری دا حکومەت رابسپێرێت بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانی بۆ راگەیاندنی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە".
 
لە 31ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2013 دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژە یاسای بە پارێزگاکردنی ھەڵەبجەی پەسەند کرد، ئەوەش دوای ئەوەی لە 25ـی کانونی یەکەمی 2013 دا پرۆژە یاسای بە پارێزگاکردنی ھەڵەبجەی شەھید لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ھەرێمی کوردستان، بە فەرمی رادەستی نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق کرا.
 
دواتر لە 14ـی ئاداری ساڵی 2014 دا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەوکاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری ‏بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی واژۆكرد، بەڵام هێشتا حکومەتی عێراق وەک پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە ناکات، ئەوەش رێگرە لەوەی هەڵەبجە بە فەرمی و بە یاسا بە پارێزگا رابگەیەندرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP