دواین هەواڵ

جیهان‌

 24/01/2021

ترەمپ بەنیازی دامەزراندنی حیزبێکی نوێیە

هه‌رێم نیوز
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندوە دۆناڵد ترەمپ بە کەسانی دەوروبەری خۆی وتوە درێژە بە کاری سیاسی دەدات و بە نیازە حیزبێکی نوێ دابمەزرێنێت.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە کە نەیانویستوە ناویان ئاشكرابکرێت، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئەم بابەتەی لەگەڵ راوێژکار و کەسانی نزیک لەخۆی باسکردوە، ترەمپ وتویەتی ناوی پارتەکەی دەنێت "پارتی نیشتیمانپەروەران"
مەترسی گەورە هەیە بە دامەزراندنی پارتە نوێیەکەی ترەمپ یەکڕیزیی ئەمریکییەکان کە لە سەردەمی ترەمپدا کەلێنی زۆری تێکەوتبو، زیاتر لێک بترازێت، ئەمەش لەکاتێکدایە راپرسییەکان نیشانیدەدەن دۆناڵد ترەمپ هێشتا خاوەن جەماوەرێکی گەورەیە لەنێوخۆی ئەمریکادا.
پێده‌چێت پلاندانان بۆ دروستكردنی پارتێك له‌لایه‌ن ترامپه‌وه‌، دوای ئەوە بێت چەند کۆمارییەک لەنێویاندا میچ مەککۆنێڵ، سەرۆکی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی پیران رایگەیاند ترەمپ دەستی لە پشت هێرشەکانی 6ی کانوونی دوەمی ئەمساڵی سەر کۆنگرێسی ئەمریکا هه‌بوه‌.
رۆژی 6ی کانوونی دوەم ترەمپ لایەنگرانی هان دا هێرشبکەنە سەر کۆنگرێس و نەهێڵن پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جۆ بایدن وەکو سەرۆکی نوێ بەڕێوەبچێت.
ترەمپ دیموکراتەکان بە دزینی دەنگ و ئەنجامدانی ساختەکارییەکی گەورە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تۆمەتباردەکات، لەگەڵ رۆدی جۆلیانی پارێزەری چەندین سکاڵایان تۆمارکرد و تانەیان لە دەنگی ویلایەتەکان دا، بەڵام دوای ژماردنەوەی دەنگەکان و پێداچونەوە بە تانەکان دەرکەوت هیچ ساختەکارییەکی گەورە نەکراوە، کە کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەبێت.
تەنانەت لە دوا خولەکەکانی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ بە تەلەفۆن داوای لە سکرتێری ویلایەتی جۆرجیا کرد زیاتر لە 11 هەزار دەنگی بۆ کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی لانیکەم لەو ویلایەتە بەسەر بایدندا سەربکەوێت، بەڵام سکرتێرەکە هەرچەندە سەر بە پارتەکەی ترەمپیشە، ئەم داوایەی بە ناڕەوا بینی.
ترەمپ لەسەر هاندانی خەڵک بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێس روبەڕوی لێپرسینەوە بوەوە لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکا، بة مةش بوە یەکەم سەرۆک لەمێژوی ئەمریکادا دوجار لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
دەنگدانی یەکەم لە ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینە لە دژی ترەمپ کۆتاییهات، کۆماری و دیموکراتەکان هاوڕابون کە دەنگدانی دوەم لە ئەنجومەنی پیران بکەوێتە مانگی شوبات، چونکە هەردولا کۆکن لەسەر ئەوەی سەرنجیان لەسەر قەیرانی کۆرۆنابێت کە بەلای خەڵکییەوە گرنگترە، لەوەی سەرنجیان لەسەر ترەمپ بێت.
ئەگەر سینات یاخود ئەنجومەنی پیران لێپێچینەوە لەگەڵ ترەمپ بە زۆرینەی دەنگ تێپەڕێنێت، کەمترین سزای ئەوەیە کە ترەمپ ناتوانێت چوار ساڵی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێربکاتەوە.
 
دامەزراندنی پارتێکی نوێ سەرکەوتوو دەبێت؟
لە ئەمریکا پارتی سێیەم هەمیشە کەمتر جێگەی بایەخی خەڵکە، تاوەکو ئێستا شکستیانهێناوە سەرنجی خەڵک بۆ خۆیان راکێشن،  چاوەڕواندەکرێت دامەزراندنی هەر پارتێکی نوێ روبەڕوی دژایەتییەکی تندی کۆمارییەکان ببێتەوە، چونکە دامەزراندنی پارتێکی نوێ لەلایەن کەسێکی وەکو دۆناڵد ترەمپ کە خۆی بە کۆماری ناودەبرد، لە دەنگی کۆمارییەکان کەمدەکات.
دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2020دا سەرەڕای دۆڕاندنی، 74,223,744 دەنگی بەدەستهێنا.
هەژمونی سیاسی لە ئەمریکا لەلایەن هەردو پارتی زلهێزی دیموکرات و کۆمارییەکان قۆرخکراوە، پارتی دیموکرات بە پارتێکی چەپی لیبڕاڵ دەناسرێت، پارتی کۆماریش زیاتر بە پارتێکی راستی پارێزگار ناسراوە.
لە ئەمریکا 12 پارتی سیاسی هەن، دیموکرات و کۆمارییەکان دیارترین پارتن. لە ساڵی 1854 بەملاوە کە پارتی کۆماری دامەزراوە، بەردەوام یەکێک لەو دو پارتە براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بوە، پارتی سەوز لەنێو پارتە بچووکەکان کە بەشێکیان تەنیا لەلایەنی یاساییەوە نوێنەرایەتیان هەیە، خاوەنی زۆرترین دەنگە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP