دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 03/11/2023

پشتوێنى ئاگرین؛ سوتماکی غەززە

 هەرێم نیوز
کەمتر لە مانگێکە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس پێی ناوەتە قۆناغێکی ترەوە، بەجۆرێک وەک شارەزایان باسیدەکەن جیهان کەوتوەتە نێوان دوو بەرداشی گەورەى تیۆری و پراکتیکییەوە لەڕووی مافەکانى مرۆڤ و پرەنسیپەکانى نەتەوە یەکگرتوەکان، بەو پێیەى کە لەو جەنگەدا هیچ یاسایەک جێبەجێ ناکرێت، بەجۆرێک لەو ماوە کەمەدا زیاتر لە دەهەزار موشەکی جۆراوجۆرو 40 هەزار تۆن تەقینەوە دراوە بەسەر شارى غەززەدا کە ڕوبەرەکەى تەنها 360 کیلۆمەتر چوارگۆشەیەو ژمارەى دانیشتوانەکەشى زیاترە لە 209 هەزار کەسە، هێرشى دەیان فرۆکەى ئیسرائیلى بۆ سەر ئەو شارەش ناونراوە پشتوێنى ئاگرین، لەبەر ئەوەى لەیەک کاتداچەندین ناوچە ئاگرباران دەکەن و بەو هۆیەشەوە زیانە مادی و مرۆییەکان تادێت بەرەو زیاتر بوون دەچن.

یواف گالانت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە لە پرۆسەى پشتوێنى ئاگرین دا دەیان فڕۆکە پێکەوە هێرش دەکەن سەر شوێنە نزیکەکانی یەکتریی، لە ڕاپۆرتێکی سی ئێن ئێن دا هاتووە لەمیانەى ئەم جەنگەى دواییدا و بۆ ماوەى شەش رۆژ بە ئەندازەى جەنگی 2014 ى سەر کەرتى غەززە کە پەنجا و یەک رۆژى خایاندووە موشەکیان تەقاندووە، رۆژنامەى واشنتۆن پۆستیش ڕایگەیاندووە هێرشەکانى شەش رۆژى سەر غەززە بە ئەندازەى تەقینەوەکانى  سەر ئەفغانستان بووە لە ماوەى یەک ساڵدا، سەرچاوە فەلەستینیەکانیش ڕایانگەیاندووە کە لە 21 رۆژى مانگی ئۆکتۆبەرى ڕابوردودا 12 هەزارتەن تەقینەوەیان بەسەر غەزەدا باراندووە کە یەکسانە بە هێزی ئەو چەکە ئەتۆمییەى لە لایەن ئەمریکاوە هێرشى پێکراوەتە سەر هێرۆشیما لە جەنگی جیهانى دووەمدا.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن سیاسەتى پشتوێنەى ئاگرین لە گەڕەکی -حی الکرامة- ى کەرتى غەززە جێبەجێ کراوەو بوەتە هۆی موشەکبارانى بەردەوام بۆ ماوەى چەندین کاتژمێر، ئەوەش بە ئامانجی کوشتن و چۆڵکردنى هاوڵاتیان لە باکورەوە بەرەو باشوور، تا ئاسانکاریی بکرێت بۆ هێزە هێرشبەرەکەى ئیسرائیل 
لە لایەکی تریشەوە بەشێک لە سەرچاوەکان باس لەوەش دەکەن پاڵنەرى سەرەکی تونێلە نهێنی و زۆرەکانى حەماسە کە وەک دەگوترێت غەززەىیەکی ترە لە ژێر زەوییدا و لە چەند رۆژی ڕابودودا لەوێوە زیانى گەورەیان بە هێزە ئیسرائیلییەکان گەیاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن تونێلەکانى حەماس چەندین ئامانجى گەورەیان لە پشتەوەیە لەوانەش، شاردنەوەى هێزە سەربازییەکانى حەماس، دابینکردنى لۆجستى سەربازیی، شاردنەوەى خواردن و خواردنەوە، چاودێری کردنى نهێنى هێزەکانى ئیسرائیل، شاردنەوەى دیلە ئیسرائیلییەکان و چەندین بابەتى دیکە، ئەوە سەرەڕاى ئەوەى کە ژمارەیەک لە شرۆڤەکاران باوەڕیان وایە تونێلەکان تا ناو ئیسرائیلیش چوون و بەکارهێنانى ئەو بەشەشیان هەڵگرتووە بۆ کاتێک کە خۆیان دیارییان کردووە.

بەپێى سەرچاوە عەرەبییەکان ژمارەى کوژراوانى فەلەستینى نزیک بوەتەوە لە نۆ هەزارکەس، کە زیاترە لە 3600 یان منداڵن و 1120ی تریشیان بێسەروشوێنن  و 2300 ی تریشیان ئافرەتانن و زیاتر لە دوو هەزاکەسیش شوێن بزرن، 120 پزیشک و کارمەندی تەندروستى شەهید بوون، ئەوە لە کاتێکدا ژمارەى بریندارەکان 22 هەزار کەسى تێپەڕاندووە.

هەرچى زیانەکانى ئیسرائیلیشە سەرەڕای ئەوەى ئاماری تەواوەتى بڵاوناکەنەوە بەڵام بەپێى هەندێک لە سەرچاوەکان 1538 سەرباز و 823 هاوڵاتى کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون و 230 سەربازیشیان بەدیلى کەوتونەتە دەست هێزەکانى حەماس کە سەرکردەى هێرشە زەمینیەکەى سەر ئەقساشى تێدایە.

سەرەڕای ئەوەى چەندین هەوڵ دراوە بۆ ئاگربەستى نێوان حەماس و ئیسرائیل، بەڵام وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن تادێت ئاگری جەنگەکە بڵێسە دەسەنێت و لەگەڵ ئەوەشدا پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ و منداڵان زیاتر دەبن و کارى ڕێکخراوە جیهانییەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP