کریستۆفەر نۆلانی دەرھێنەر، لە نوێترین لێدوانیدا ھۆکاری نیشاننەدانی گرتەی وێرانکردن و کاولکردنی ھەردوو شاری ھێرۆشیما و ناگازاگی لە فیلمەکەیدا بە بۆمب و چەکی ئەتۆمی گەڕاندەوە بۆ ھۆکار و پاساوێک کە ڕەنگە نەک مایەی قایلبوون و ڕەزامەندی بینەران و ڕەخنەگران نەبێت. بەڵکو ڕەنگە گومانیشمان لەسەر جۆری لێدوانەکەی بۆ دروست ببێت.
بۆ وێنە ئەو وتوویەتی؛
"ئۆپنھاینەری زانای فیزیای ئەمریکی و داھێنەری بۆمبی ئەتۆمی ھاوشێوەی زۆرێک لە خەڵکانی ئاسایی ئەمریکا و جیھان ھەواڵی کاولکردنی ھەردوو شاری ھێرۆشیما و ناگازاگی بە بۆمبەکەی لە ڕادیۆوە بیستووە ئەوەش ئەو کاتەی ترۆمانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ھەواڵەكەی ڕاگەیاندووە!
جا پرسیارەکە ئەمەیە؛
"بە ڕای ئێوە ئایا ئەم لێدوانە نامۆ و سەیرەی نۆلان لەو لایەنەوە خۆدزینەوە و خۆگێلکردن نیە، یاخود سیاسەتکردن و خۆڵ خستە چاو و کەپ خستنە گوێی خەڵکییەوەیە، یاخود جۆرێکە لە ھەڵھاتن لەو شەرمەزاری و نەنگییە نامرۆڤانەی کە دەرحەق بە گەلی یابانییەکان کراوە کە زیاتر لە نیو سەدەیە یەخەی ئەمریکای گرتووە و بەریندا.
دواتر نۆلان ھەر لە درێژەی لێدوانەکەیدا وەک پاساوێکی ھونەریانە دێت و دەڵێت؛
"وەک دەرھێنەرێک ویستوومە لە ڕێی فیلمەکەوە ھەمان ھەستی شۆکھێنەرانەی ئۆپنھایمەر لە خۆم و بینەراندا تاقیبکەمەوە کە ئەمەش دواجار ماف و حەقێکی ڕەوای دەرھێنەرە کە چۆناوچۆنی پەیامی فیلمەکەی بە بینەران و دەوروبەر بگەیەنێت".
لە کۆتاییدا، زۆرێک لە ئێمە دەمانزانی کە نۆلان ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە ھەر دەکرایەوە، ھەربۆیە بە ڕای خۆم ئەم لێدوانەی نۆلان زیرەکانەیە تاوەکو بتوانێت کەمێک لە شەرمەزاری ئەمریکا و ئازاری قوربانیانی گەلی ھێرۆشیما و ناگازاگییەکان کەمباکتەوە!
بەڵام ئایا ئەم کارەساتە ھەروا بە ئاسانی و سانای قبووڵ و ھەرس دەکرێت...