دواین هەواڵ

وەرزش‌

 25/08/2023

یۆرگن کڵۆپ؛ محمد سەڵاح بۆ فرۆشتن نیە

هەرێم نیوز 

یۆرگن کلۆپی ڕاهێنەری ئەڵمانی یانەی لیڤەرپۆڵ، ڕۆژی هەینی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە محمد سەڵاح یانەکە بەجێدەهێڵێت بەمەبەستی پەیوەندیکردن بە ڕیزەکانی یانەی ئیتیحادی سعودی

یانەی ئیتحاد هەوڵەکانی چڕ کردوەتەوە بۆ گواستنەوەی محمد سەڵاح و یانە عەرەبیەکە ئامادەیه زۆرترین بڕی موچە پێشکەشی ئەو فیرعەونە میصریە بکات ،تەنانەت بە سەڵاح یان ڕاگەیاندوە موچەکەی لە موچەی ئەستێرەکانی وەکو ڕۆناڵدۆ و نیمار زیاتر دەبێت.

ساڵی ڕابردوو سەڵاح گرێبەستەکەی لەگەڵ  یانەی لیڤەرپوڵ بۆ سێ وەرزی دیکە درێژکردەوە، بریکارەکەی سەرەتای ئەم مانگە پشتڕاستی کردەوە کە ئەستێرە میسرییەکە نیازی جێهێشتنی ئەنفێڵدی نیە.

 ڕۆژنامەی سعودیە الریاضیە لە سەرەتای ئەم مانگەدا نووسیبووی یانەی ئیتیحاد کە پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولەکە بوو، ئۆفەرێکی بۆ لیڤەرپۆڵ ناردووە کە بڕەکە دەگات 100 ملیۆن یۆرۆ جگە لە گرێبەستێکی دوو ساڵە بۆ یاریزانەکە بە بڕی 155 ملیۆن پاوەند کە دەکاتە (180 ملیۆن یۆرۆ).

بەڵام ڕامی عەباس، بریکاری کارەکانی محمد سەڵاح لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیای پشتڕاستی کردەوە کە "محەمەد پابەندە بە لیڤەرپوڵەوە"، دەشڵێت "ئەگەر ئەمساڵ بیرمان لەوە بکردایەتەوە کە لیڤەرپووڵ جێبهێڵین، هاوینی ڕابردوو گرێبەستەکەمان نوێ نەدەکردەوە".

یانەی لیڤەرپۆڵ لەم هاوینەدا دوو یاریزانی لەدەستدابوو بەرامبەر یانەکانی خولی سعودی، کاپتنی تیپەکە جۆردن هێندێرسۆن و فابینیۆی بەڕازیلیە ڕوویان لە ئیتیفاق و ئیتیحاد کرد، لە بەرامبەردا ڕۆبێرتۆ فیرمینۆی بەڕازیلی دوای تەواوبونی گرێبەستەکەی لەگەڵ  "سوورپۆشەکان" ڕووی لە یانەی ئەهلی سعودی کرد.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سەروبەندی یارییەکەی نیوکاسڵ لە خولی نایابی ئینگلیزی، کلۆپ دووپاتیکردەوە کە هیچ نیازێک یان نییە دەستبەرداری سەڵاح ببن.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ئەو یاریزانێکی سەرەکیە ئەو (پێویستە) بۆ تیپەکەمان و ئێستاش هەروایە. هیچ شتێک نییە باسی بکرێت. وە ئەگەر شتێک هەبێت یان ئۆڤەرێک پێشکەش بکرێت بێگومان وەڵامەکە نەخێر دەبێت".

سەڵاح لە 307 یاریدا 187 گۆڵی بە درێسی لیڤەرپوڵ تۆمار کرد لەو کاتەوەی لە ساڵی 2017 لە ڕۆما پەیوەندی بە یانەی لیڤەرپۆڵەوە کرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP