دواین هەواڵ

عێراق‌

 24/11/2021

دكتۆر بەشیر حەداد: پێویستە پەلە بكرێت لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان

هەرێم نیوز 

جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا ھیچ دەستكارییەكی دەنگەكانی پارتی نەكراوە و ھیچ كورسییەكی پارتی بە فەرمی كەم نەكراوەتەوە.

دكتۆر بەشیر حەداد، جێگری  پێشوی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاند، لەو دۆخەی ئێستادا ھەموو لایەنەكان لە چاوەڕوانیی ئەوەدان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رابگەیەندرێت و دواتر دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی بدات، چونكە ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردن بەزەحمەت بووە و ھەندێك لایەن ھەڕەشە دەكەن و تەنانەت لە دوای ِڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانیش.

وتیشی، گومان لەوە دەكرێت كە ئایا دادگای فیدراڵی چۆن پەسەندی دەكات، چونكە ئەگەر دۆخی ئەمنی و سەقامگیریی عێراق تێكبچێت، ڕەنگە دوابكەوێت.

ئاماژەی بەوەشكردوە، لە ئێستادا گفتوگۆی بەردەوام دەكرێت لە نێوان تەیاری سەدری و لایەنەكاندا، بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن و تا ئێستاش ھەر بەردەوامن و چاوەڕێ دەكرێت لە رۆژانی داھاتوودا بگەنە ئەنجامێك.

راشیگەیاند، ڕەنگە راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی، كاتی زیاتری پێویست بێت، چونكە پێویستە بە جۆرێك بێت ھیچ گرژییەك دروست نەبێت.

بەشیر حەداد ئەوەشی خستە ڕوو،"تا ئێستا ھیچ دەستكارییەكی دەنگەكانی پارتی نەكراوە و ھیچ كورسییەكی پارتی بە فەرمی كەم نەكراوەتەوە، پێویستە چاوەڕێ بكەین ئەنجامی كۆتایی رابگەیەندرێت ئەوكات دیار دەبێت و پارتیش لە كاتی خۆیدا ھەڵوێستی خۆی دەبێت".

دەشڵێت:"پێویستە پەلە بكرێت لە راگەیاندنی ئەنجامەكان و حكوومەتی نوێ دروست بكرێت و پەرلەمان دەستبەكار بێت، چونكە پەرلەمان كاتی بەسەر چووە و حكوومەتیش كاربەڕێكەرە و دەسەڵاتەكانی سنووردارن، بۆیە گرنگە پەلە بكرێت".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP