هەرێم نیوز
سەرچاوەیەکی دادوەری ئەمڕۆ دووشەممە (30ی حوزەیرانی 2025) بڵاویکردەوە، شەش دادوەرەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، جگە لە سێ دادوەری یەدەگ، دەستلەکارکێشانەوەی ئەم دواییەیان کشاندەوە و بە فەرمی گەڕاونەتەوە سەر ئەرکی دادوەری خۆیان، دوای دەستنیشانکردنی سەرۆکی دادوەریی نوێ.
سەرچاوەکە ڕاگەیاند، "دوای ئەوەی سەرۆکی پێشووی دادگا، جاسم محەمەد عەبود، بەهۆکاری تەندروستی خانەنشینکرا، دادوەر مونزر ئیبراهیم حسێنیش بۆ سەرۆکایەتی دادگا ڕاسپێردرا، دادوەرەکان بڕیاریاندا دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان بکشێننەوە و دەست بە کارەکانیان بکەنەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "گەڕانەوەی دادوەرەکان دوای دامەزراندنی سەرکردایەتی نوێی دادگا هات، ئەمەش لە وەڵامی داواکارییەکانی بارودۆخی ئێستا، و بۆ دڵنیابوون لە پەکنەخستنی کارەکانی باڵاترین دامەزراوەی دەستووری وڵات".
دادگای باڵای فیدراڵی پێشتر تووشی قەیرانی ناوخۆیی بووبوو، دوای دەستلەکارکێشانەوەی نۆ لە ئەندامەکانی، کە شەش دادوەر و سێ دادوەری یەدەگیان تێدابوو، ئەمەش نیگەرانییەکانی دروستکرد کە بڕیارەکانی دادگاکە پەک بخرێت. دوابەدوای خانەنشین بوونی سەرۆکی پێشوو، دادوەر مونزر ئیبراهیم حسێن لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە کاندیدکرا، تاوەکو بڕیارێکی سەرۆکایەتی هەرێم دەربچێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی بەفەرمی بۆ ئەو پۆستە.