هەرێم نیوز
میدیایەكی نزیك لەبافڵ تاڵەبانی بڵاویكردەوە كەهیچ سەركردەیەكی سەربازیی یەكێتی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیدا نەماوە
میدیاكانی نزیك لەماڵی مام جەلال، لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بڵاویانكردەوە، "نەبوونی هیچ كاردانەوەیەك لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە بەهۆی ئەوەیە كە هیچ بەرپرس و سەركردەیەكی سەربازیی یەكێتیی لەگەڵ نەماوە، لە ئەنجومەنی سەركردایەتیشدا كەمینەیەك نەبێت، كەسی لەگەڵ نەماوە".
لێدوانی ئەم بەرپرسەی یەكێتی لەكاتێكدایە كەشەوی ڕابردوو لاهوری شێخ جەنگی لە پەیامێكدا ڕایگەیاندبوو،"بۆ دروستنەبوونی گرژی و ئاڵۆزی و زیاننەگەیاندن بە یەكێتی كاردانەوەی نەبووە".
ئەوسەرچاوەیەی كەقسەی كردووە، جەختلەوە دەكاتەوە نەبوونی كاردانەوە لەلایەن لاهوری شێخ جەنگی، پەیوەندیی بەوەوە هەیە، كە هەموو هەوڵەكانی بۆ كۆكردنەوەی پشتگیری شكستیانهێناوە.
سەرچاوە باڵاكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، لاهور شێخ جەنگی هەوڵی كۆكردنەوەی فەرماندە سەربازییەكانی یەكێتیی داوە و پەیامی بۆ ناردوون، بەڵام كەسیان وەڵامدانەوەیان نەبووە و بێوەڵام هێشتوویانەتەوە، بۆیە ئێستا هیچ فەرماندە و سەركردەیەكی سەربازیی لەگەڵ نەماوە.
سەركردە باڵاكەی كەقسەی كردووە لەدرێژەدا دەڵێت:" نەك هەر فەرماندە و سەركردە سەربازییەكان، بەڵكو لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیشدا ئەندامانێكی زۆر كەمی ئەنجومەنەكە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیدا ماون".
سەرچاوە باڵاكەی دەشڵێت، دەرەنجامەكانی لێكۆڵینەوە و بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لەبارەی گۆڕانكارییەكانەوە هەر بەو ئاراستەیە دەبن كە بڕیاریان لێدراوە و گەڕانەوەی بۆ نییە، چونكە چیتر بەكارهێنانی هێز و دەسەڵات بۆ تۆقاندن، هەڕەشە، وەرگرتنی سەرانە، قاچاخچێتی و لێدان لە هاوحزبەكان قبوڵكراو نیە.