دواین هەواڵ

ئۆپۆزسیۆن و ووتاری پۆپۆلیستی لە هەرێمی کوردستان

‌کوردۆ شێرکۆ

10/03/2024

یەکێک لە سیما دیارەکانی سیستەمی سیاسی وڵاتانی دیموکراسی لەپاڵ دەسەڵاتدا بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و ڕاستەقینەیە، کە ئامانجییان هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا و تەنانەت خودی دەسەڵاتیشە لە کێشە و کەمو کوڕیەکان، وە فشارکردن لە دەسەڵات بە مەبەستی نەهێشتن و چاردسەرکردنی کەم و کورتیەکانە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا ئۆپۆزسیۆنێکی تەندروست و ڕاستەقینە بوونی نیە، بەڵکو کۆمەڵە کەس و گروپێک هەن کە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەناسێنن کە لە بنەڕەتدا  گروپ و خەڵک گەلێکن لە پێناو بەرژەوەندی کەسی و سیاسیان لە ڕێگای وتاری پۆپۆلیستیەوە دەیانەوێت هەست و سۆزی تاکەکانی کۆمەڵگا بەلای خۆیاندا ڕابکێشن.

چەمکی ئۆپۆزسیۆن (بەرهەڵستکار):

ئۆپۆزسیۆن لە بنەڕەتدا زاراوەیەکی سیاسیە بە واتای گروپێک یان پارتێکی سیاسی دێت کە دژ بە سیستەمی بەڕێوەبردنی حوکمڕانین لە وڵاتدا، کە پێیان وایە لەکاتی گەیشتنیان بە دەسەڵات دەتوانن گەندەڵی و کێشەو کەم و کوڕییەکان چارەسەر بکەن.

پێناسەی ئۆپۆزسیۆن:

ئۆپۆزسیۆن بریتی یە لە هێزێک یان چەند هێزێکی سیاسی لە دەرەوەی دەسەڵات، کە هەڵدەستن بە چاودێری کردنی ئەدای  بەردەوامی کارکردنی حکومەت و دیراسەکردنی هەنگاو کارەکانی حکومەت و هەڵسەنگاندنیان و ڕەخنەگرتن لێی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا.

جۆرەکانی ئۆپۆزسیۆن:

١ـ ئۆپۆزسیۆن لەڕووی ژمارەوە

آـ ئۆپۆزسیۆنی تاکە کەسی: بریتی یە لە کەسێک کە بیرۆکە یەک بونیاد دەنێت و بەرگری لێ دەکات، بە چاوپۆشین لە بەرهەڵستکاران و نەیارانی دیکە.
ب ـ ئۆپۆزسیۆنی بە کۆمەڵ: بریتیە لە بەرهەڵستکاری کۆمەڵە کەسانێک لە بەرامبەر بیرۆکەی ڕێکخراوی گروپێک یان نەیاری پڕۆژەیەکی سیاسی یان ئابوری دیاریکراو.

 ٢ـ ئۆپۆزسیۆن لە ڕووی کاتەوە

آ ـ ئۆپۆزسیۆنی کاتی: بریتی یە لەو ئۆپۆزسیۆنەی کە بە کۆتای هاتنی بابەت و کێشەکان ئەویش کۆتایی دێت.
ب ـ ئۆپۆزسیۆنی ڕێکخراو (بەرنامەدار): بریتی یە لەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنەی کە پارتێک یان ڕێکخراوێکی سیاسی بەشێوە یەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بونیادنراوە، کە لە ناو پەڕلەمانەوە بۆ دەرەوە درێژ دەبێتەوە یاخود بە پێچەوانەوە.

٣ـ ئۆپۆزسیۆن لە ڕووی ئامرازەوە

آ ـ ئۆپۆزسیۆنی چاکسازی: بریتی یە لەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنەی کە هەوڵ دەدات بۆ ڕیفۆڕم و چاکسازی کردن لەو کەم و کورتیانەی کە لە پێکهاتەی  یاسای دەسەڵاتدا بوونیان هەیە بە کەناڵە دەستوریەکانەوە بەبێ گۆڕین و ئاڵوگۆڕ پێکردنیان.

ب ـ ئۆپۆزسیۆنی شۆڕش گێڕی: ئەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنەیە کە بە جۆرێکی توندوتیژ دادەنرێت و کۆشش بۆ گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایی دەکات، بە ئامانجی گۆڕین و ئاڵوگۆڕ پێکردنی پارتێک بۆ پارتێکی سیاسی دیکە.

٤ـ ئۆپۆزسیۆن لە ڕووی شێوازەوە

آ ـ ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی: بریتی یە لەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنەی کە هەڵدەستێت بە گوزارشت کردن لە بیرو ڕاو هەڵوێستەکانی خۆی بە شێوازێکی دەستوری و یاسایی بەبێ گرتنەبەری شێواز و ئامرازی توندووتیژی.
ب ـ ئۆپۆزسیۆنی چەکداری: ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنەیە کە بیر و بۆچوونەکانی لە ڕێگایی هێز و شێوازی توندوتیژی دەسەپێنێت وەکو ئەنجامدانی کودەتایی سەربازی.

چەمکی پۆپۆلیزم:

جۆرێکە لە فەلسەفەی  سیاسی ، سەرەتایی بەکارهێنانی ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی (١٩)، پۆپۆلیزم لە بنەڕەتدا هیچ ئایدیا یاخود ئایدۆلۆژیایەکی نیە و بێ بەرنامەیە، بەزۆری لەکاتی بووبی گلەی و گازەندەی چینێکی کۆمەڵگا سەرهەڵدەدات، تاکە ئامانجی پۆپۆلیزم ڕازیکردنی خەڵکی ناڕازیی و بەکارهێنانیانە بۆ بەرژەوەنی خۆیان و گەیشتنیان بە دەسەڵات، پۆپۆلیزم هەمیشە هەوڵی گەورەکردنی ناڕەزایەتی و گازەندەکان دەدات سەرەڕایی بچووکیان.

پێناسەی پۆپۆلیزم:

پۆپۆلیزم ئەو کەس و بزوتنەوانەن کە کار لەسەر هەست و سۆزی تاکەکانی کۆمەڵگا دەکەن، و زۆر بە خراپی تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ ئامانجەکانی خۆیان بەکار دەهێنن.

ئۆپۆزسیۆن و ووتاری پۆپۆلیستی لە هەرێمی کوردستان:

ساڵی(٢٠٠٩) بە سەرەتایی سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن دادەنرێت لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پارتێکی سیاسیدا،بەناوی بزوتنەوەی گۆڕان کە پێک هێنەرەکانی سەرکردە جیابووەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوون بە سەرکردایەتی نەوشیروان مستەفا، ئەم بزوتنەوەیە هەر لەسەرەتاوە کاری لەسەر ڕاکێشانی هەست و سۆزی ڕای گشتی بە شێوەیەکی گشتی و دەنگە خۆڵەمێشی و ناڕازیەکان دەکرد بەلای خۆیدا لە ڕێگای کۆمەڵێک دروشمی پۆپۆلیستی، هەمیشە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە تەنها ئەوان نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکن، لایەنەکانی دیکە بەتایبەتی پارتەکانی دەسەڵاتیان بە دز و گەندەڵ و دژ بە هاوڵاتیان پیشان دەدا، بۆئەوەی سەرنجی جەماوەر بۆلای خۆیان رابكێشن بەڵێنیان دەدا ئەمە لە كاتێكدایە كە توانای جێبەجێكردنی بەڵێنەكانیان نەبوو و بە شێوەیەك لە شێوەكان خەڵكیان فریو دەدا و درۆیان لەگەڵ خەڵك دەكرد، وەرگری  ووتاری پۆپۆلیستیش لە راستیدا جەماوەری ئاسایی و خەڵكی سادەن، هەر لەبەر ئەوەشە كە زۆر بە سادەیی و ساكاری هەر بەڵێنێك یان بدابایە قبووڵیان دەكرد و سادەبوونەكەشییان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وەرگرەكە پشتیوانی و پاڵپشتی لە یەكسانی كۆمەڵایەتی و دادپەروەری دەكات، بۆ نموونە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد گەر بگەین بە دەسەڵات مووچەی کابانی ماڵ بۆ هەموو ئافرەتێک کە لە ماڵەوەیە دەبڕینەوە، گەرچی ئێستا بەژدارن لە  دەسەڵاتن و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیشیان لایە بەڵام نەیان توانی ئەو بەڵێنە بەرنەسەر چونکە لە بنەڕەتدا بەڵێنەکانیان لەسەر ئەساسی ناڕاست بە دەنگدەرەکانیان دابوو.

ووتاری پۆپۆلیستی بزوتنەوەی گۆڕان بووە هۆکاری نەمانی ئینتما بۆ خاک و نیشتمان و بێ ڕێزیکردن بە سەرکردە و ڕەمزەکانی گەلی کوردستان و سوتانی دامودەزگای حکومی و حیزبی و نانەوەی دوو بدرەکی لە نێوان شارەکان و هاوڵاتیان و نەمانی یەکڕیزی لایەنە سیاسیەکان  سەر هەڵدانی ئیرهابی فیکری و هتد…

دوای بزووتنەوی گۆڕان ئۆپۆزسیۆنێکی تر لە کوردستان سەری هەڵدا لە ژێر ناوی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ساڵی ٢٠٠١٧ لە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی هەرێمی کوردستان کە لەو کاتەدا ناوی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادابوو ، کە هەموو کارێکیان ئەوەبوو خەڵکی سارد بکەنەوە و دەنگ نەدەن بە بەڵێ بۆ سەربەخۆی، بە بیانووی ئەوەی کە لە ئێستادا کاتەکەی گونجاو نیە،بەڵام هەموو هەوڵەکانیان سەری نەگرت و سەرەنجام گەلی کوردستان دەنگی بەڵێ دا بۆ سەربەخۆی، دواتر وەکو جوڵانەوەیەکی ناڕازی خۆیان ناساند بەڵام بێ پلان و بەرنامەو  ستراتيژ  ئامانجیان تەنها ڕاکێشانی عاتیفەی هاوڵاتیانە لەڕێگای کۆمەڵێک وتاری پۆپۆلیستیەوە، خۆیان بە فریادڕەسی خەڵکی کوردستان پیشان دەدەن، هەموو بۆچونێک ڕەت دەکەنەوە کە لە دەرەوەی بۆچوونی خۆیان بێت وە هەر کەسێک و لایەنێک سەر بەوان نەبێت بە کۆیلە و دز و گەندەڵ و سەر بە دەسەڵات حسابی دەکەن، جەیشێکی جنێو فرۆش یان لە سۆشیال میدیا دروست کردوە بۆ سوکایەتی کردن بە هەموو پیرۆزیەکانی گەلی کوردستان، ئامانجی نەوەی نوێ و هەموو کەس و لایەنێکی دیکەی هاو بیری ئەوان تەنها دەست کەوتی کەسی و سیاسی و ئابووری و کارکردنە بۆ وڵاتانی هەرێمی دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان باشترین و زیندوو ترین نموونەش تۆمارکردنی سکاڵایە  لە دادگایی فیدڕاڵی دژ بە هەرێمی کوردستان کە لە ئەنجامی تۆمارکردنی کۆمەڵێک سکاڵا دادگایی فیدڕاڵی بڕیاری بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغدادەوە دا.

لە ئێستادا بەهۆی نزیک بوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئۆپۆزسۆنە پۆپۆلیستەکان بە باشترین دەرفەتی دەبینن سوود لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان وەربگرن بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆزی هاوڵاتیان لە ڕێگای کۆمەڵێک ئامراز و وتاری پۆپۆلیستیەوە بە ئامانجی بەدەست هێنانی دەنگی هاوڵاتیان و گەیشتنیان بە دەسەڵات و بەدەست هێنانی دەستکەوتی ماددی، گرنگە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان هۆشیار بن نەکەونە ژێر کاریگەری ئیرهابی فکری ئۆپۆزسیۆنی پۆپۆلیست و کەسانی هەلپەرست.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP