دواین هەواڵ

ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەترسێت؟

‌کوردۆ شێرکۆ

19/03/2024

هەر لە سەرەتای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١وە پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو یەکەمین پارتی سیاسی بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستن و بەرجەستەکردنی ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان بانگەشەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد وەکو بنەمای دامەزراندنی حوکمڕانی کرد، لە یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە کە لە ساڵی ١٩٩٢ ئەنجامدرا تاکو کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١٨ ئەنجام درا، پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو هێزی یەکەم و بێ ڕکابەر متمانەی زۆرینەی گەلی کوردستانی بەدەست هێناوە، هۆکاری یەکەم و بێ ڕکابەر مانەوەشی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستە نیشتمانیەکانی و تێکۆشان بۆ  هێنانەدی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و  بەرگریکردن و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان و قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان. 

بڕیاری بەژدارینەکردنی پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکاری وەک:

یەکەم: پێشێل کردنی دەستور و بنەمایی شەراکەت لەلایەن حکومەتی عێراق و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی سیستەمی فیدڕاڵی.

دووەم: بڕیارە یەک لە دوای یەکەکانی دادگای فیدڕاڵی دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و بچووک کردنەوەی دەسەڵاتەکانی.

سێیەم: هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگای فیدڕاڵی و ڕاسپاردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دابەش کردنی کورسی بەسەر بازنەکان و بێبەش کردنی نزیکەی ٤٠٠ هەزار دەنگدەر کە ڕێژەی ٢٠٪ کۆیی دەنگدەران پێک دێنێت بە هۆی نە خوێندنەوەی پەنجەمۆریان، لەم ڕێژەیەش نزیکەی نیوەیان لە بازنەی پارێزگای هەولێرن، هەروەها نەبوونی هیچ نوێنەرێکی تەکنیکی هەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق هەر لە سەرەتاوە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی خستە ژێر پرسیار و گومانەوە.

چوارەم: بەژداریکردنی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و حکومرانی لە هەرێمی کوردستان یەکێک بوو لە سیماکانی یەکتری قبوڵ کردن لە نێوان پێکهاتەکان و ئاینە جیاوازەکان و بوونی دیموکراسی، کە سیمایەکی جوانی بە هەرێمی کوردستان بەخشی بوو لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ، دادگای فیدڕاڵی عێراق کورسی کۆتای پێکهاتەکانی نە هێشت، لە هەمان کاتدا پێکهاتەکان لە پەرلەمانی عێراق کورسی کۆتایان هەیە، ئەمەش بە  دەست تێوەردانی ڕاستەوخۆ لە دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت لە لایەن دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە.

پێنجەم: زاڵبوونی دەسەڵاتی ووڵاتێکی هەرێمی بەسەر دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە عێراق،لە ڕێگای ئەو میلیشیا و گروپە بە کرێ گیراوەکان و ئەو  هێزە سیاسیانەی کە لەژێر هەژموون و ئەوامری ئەودان.

چەندین هۆکاری دیکە کە لە بەیانامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دا ئاماژەی پێکراوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان بە بڕیاری بەژدارینەکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و هەڕەشەی کشانەوە لە کۆی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق ستۆپی بە هەموو ئەو لایەن و هێزە سیاسیانەکرد کە لە ناوخۆی کوردستان و عێراقدا لە هەوڵی لاوازکردن و نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و کەوتونەتە پلان دانان دژ بە پارتی، ئەو پەیامەی پێ گەیاندن کە  چیتر بڕیار و فشارەکانیان دژ بە گەلی کوردستان مایەی قبووڵ نیە، پارتی دیموکراتی کوردستان هەرگیز لە ژێر  هیچ فشارێکدا سازش لە مافەکانی گەلی کوردستان ناکات.

پارتی دیموکراتی کوردستان هەرگیز لە هەڵبژاردن نە ترساوە و ناش ترسێت، هەر لە سەرەتاوە بڕوای تەواوی بە هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموکراسی و دەستاو دەست کردنی دەسەڵات هەبووە و هەیە، بڕوای تەواوی بە دەنگدەری خۆی و گەلی کوردستان هەیە، بەڵام ناچێتە ناو هەڵبژاردنێکەوە کە هیچ گەرەنتیەک نەبێت لە پاکی و بێگەردی و بێ لایەنی، هەڵبژاردنێک کە وەک کراسێک دورابێت بە بەری جاشەکانیان دژ بە پارتی و گەلی کوردستان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP