دواین هەواڵ

شی لە ئەوروپا

‌د.سەردار عەزیز

پێش 2 هەفتە

سەرۆکی چینی شی جیاوپینگ لە سەردانی ئەوروپایە. فەرەنسا یەکەم ویستگەی بوو، پاشان سربیا ئینجا هەنگاریا. هەڵبژاردنی ئەم وڵاتانە هەریەکە و بە مەبەستێکە. سەردانی پاریس بۆ یادی ٦٠ ساڵەی داننانی چارلس دیگۆلە بە سەربەخۆیی چیندا، لە بڕی تایوان. هەنگاوێک کە دەرخەریی خەونێکی بەدینەهاتوی فەرەنسییەکانە بەوەی کە جودابن لە ئەمریکییەکان. ئەم خەونە ماکرۆنیش ختۆکە دەدات. پاریس دەیەوێت ئەوروپا هێزی سێیەم بێت لە دونیادا، ئەم هەوڵەش بە سودی چینە، کە دەیەوێت دونیا فرە جەمسەر بێت.

ئەم ئامانجەشە کە کۆمێنتارە ئەمریکییەکانی وەها لێکردوە سەفەرەکەی سەرۆکی چینی وەها وێنا بکەن کە هەوڵێکە بۆ پەرتکردنی ئەوروپا. بەلام پاڵنەرێکی تری سەرەکی هەیە. ماکرۆن لە لایەن زۆرینەی خەڵکی فەرەنسییەوە نەخوازراوە، وابزانم ڕێژەکە زیاتر لە حەفتا لە سەدە. ئەوەی ماکرۆن دەیەوێت بە دەستی بهێنێت دامەزراندنی کۆمپانیایەکی پاترییە لە باکوری فەرەنسا، وەک دەستکەوتێک بۆ ئەم هەڵبژاردنانەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، کە ئەگەری زۆرە هێزە فاشیستیەکانی ئەوروپا تیایدا بەڕێژەیەکی زۆر سەرکەوتووبن.

پاش پاریس شی فڕی بۆ بەلیگراد. لەوێش سەردانەکە سیمبولیەتێکی گەورەی تیادابوو. بە تایبەتی کە یادی بیست ساڵەی بۆمبارانی باڵوێزخانەی چینە لەو وڵاتە لە لایەن هاوپەیمانانەوە. بەڵام ئامانج دیسانەوە پشتیوانی سربیایە چونکە ئەو وڵاتە هەروەها خوازیاری دونیایەکی فرە جەمسەرییە.

پاش سربیا شی دەچێتە هەنگاریا، ئەو وڵاتەی کە لە ناو یەکێتی ئەوروپادایە و دژ بە هەموو بەهاکانی یەکێتی ئەوروپایە. شی لەوێ کارگەیەکی گەورەی دروستکردنی ئۆتۆمبیلی کارەبایی دەکاتەوە. هەنگاریا نزیکە لە ڕوسیا و نمونە وڵاتێکە کە هەڵبژاردن تیایدا تەنها ڕوداوێکی دوبارەیە، کەمێک وەک هەڵبژاردنەکانی لای خۆمان. [لای خۆمان هەڵبژاردنە دووبارەکانیش خەریکە نامێنێت].

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP