دواین هەواڵ

کۆڕەوی ملیۆنی گەلی کوردستان و بڕیاری ٦٨٨ ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

‌کوردۆ شێرکۆ

05/04/2024

دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ ی گەلی کوردستان کە لە شاری ڕانیەوە دەستی پێکرد و دواتر تەواوی شار و شارۆچکەکانی کوردستانی گرتەوە و بە ئازادکردنی شاری کەرکوک کۆتایی هات بە ڕاپەڕین و هەموو دام و دەزگا کارگێڕی و سەربازیەکانی ڕژێمی بەعسی عێراق لە تەواوی کوردستان وەدەرنران، ڕژێمی بەعس وەک وەڵامێک بۆ وەدەرنانیان لە کوردستان و داگیرکردنەوەی ناوچەکانی کوردستان لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنێکی بەرفراواندا هێرشی کردە سەر کوردستان، گەلی کوردستانیش بەهۆی ڕەتی کردەوەی چوونەوە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی داپڵۆسێنەری بەعس و لە ترسی دووبارە بوونەوەی هێرشی کیمیاوی و شاڵاوێکی ئەنفالی دیکە لە کۆتایی مانگی ئازار و سەرەتایی مانگی نیساندا زێدی خۆیان لە شار و شارۆچکە و گوندەکان بەجێ هێشت و زیاتر لە (٢) ملیۆن هاوڵاتی گەلی کوردستان ئاوارەی ناوچە سنوریەکانی ئێران و تورکیا و ناوچە شاخاویەکان بوون، کە لە مێژووی گەلی کوردستاندا بە کۆڕەوی ملیۆنی و کۆرەوە مەزنەکە ناسراوە.

ئاوارەبوونی ئەم ژمارە زۆرەی هاوڵاتیانی گەلی کوردستان بۆ ناوچە سنووریەکان و ناوچە شاخاویەکان لەو وەرزە ساردەدا و بێ جێگایی و برسێتی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو کۆچبەراندا بووە هۆی گیان لەدەست دانی هەزاران منداڵ و ژن و بەتەمەن و بێ سەرو شوێن بوونی سەدانی دیکە، کە بە یەکێک لە تراژیدیاترین کارەساتەکانی سەدەی بیست کە بەسەر گەلی کوردستاندا هات دادەنرێت.

بڕیاری (٦٨٨)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

بارودۆخی خراپی کۆچبەران  وایی لە سەرکردایەتی سیاسی گەلی کوردستان کرد لەو کاتەدا بانگەوازێکی بە پەلە ئاڕاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەتی وڵاتانی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئێران و تورکیا بکات بۆ فریاکەوتنی گەلی کوردستان و دۆزینەوەی ڕێگا چارەسەرییەکی گونجاو بۆ کێشەی گەلی کوردستان، لەپاڵ بانگەوازەکەی سەرکردایەتی سیاسی، فشاری کوردانی تاراوگە لەو وڵاتانەی کە تیایدا دەژیان و گواستنەوە و پیشاندانی دیمەنی کارەسات و تراژیدیایی کۆچبەران لە ڕێگایی ڕاگەیاندنەکانەوە بە تەواوی جیهان بووە هۆی بەدەست هێنانی پشتگیری و هاوسۆزیەکی بێوێنە لەلایەن زۆربەی گەلانی جیهانەوە بۆ گەلی کوردستان وایکرد فشار بکەن لەسەر حکومەتەکانیان تاکو چارەسەرییەک بۆ دۆزی ڕەوایی گەلی کورد بدۆزنەوە.

فەڕەنسا لە دەنگە یەکەمەکان بوو دوایی بانگەوازەگەی سەرکردایەتی سیاسی گەلی کوردستان کە داوایی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە دەست تێوەردانی مرۆیی ئەنجام بدات بۆ ڕزگارکردنی گەلی کوردستان لەو کارەسات و تراژیدیایەی کە تێی کەوتوون، دواتر لە (٥ی نیسانی ١٩٩١) فەرەنسا لە کۆبونەوەی ژمارە (٩٢٨٢)دا پڕۆژە بڕیارێکی پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، دوای هەموارکردنەوەی پڕۆژەکە لە هەمان ڕۆژدا ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری (٦٨٨)ی بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرد.

ئەنجومەنی ئاسایش ئەو بارودۆخەی کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ڕژێمی عێراق بۆ سەر کوردستان و ئاوارەبوونی زیاتر لە (٢) ملیۆن هاوڵاتی بەوە شرۆڤەکرد کە هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
بریاری (٦٨٨) یەکەمین بڕیار بوو لە مێژووی گەلی کورددا کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان تاوتوێی مەینەتی و ئازارەکانی گەلی کورد بکات و لە جینۆسایدێکی دیکە بیپارێزێت.

ئەو وڵاتانەی کەبە (بەڵێ)دەنگیان بە پڕۆژە بڕیارەکەدا
١ ئەمەریکا.
٢ بەریتانیا.
٣ فەڕەنسا.
٤ روسیا
٥ نەمسا.
٦ بەلجیکا.
٧ ڕۆمانیا.
٨ ئیکواسۆر.
٩ جەزائیر.
١٠ ساحل عاج

ئەو وڵاتانەی کەبە (نەخێر) دەنگیان بە پڕۆژە بڕیارەکەدا

١ یەمەن.
٢ کوبا.
٣ زیمبابۆی.

هەروەها هەریەکە لە (چین و هیندستان) بێ لایەن بوون واتا نە دەنگیان بە پڕۆژە بڕیارەکە دا و نە ڕەتیشیان کردەوە.

دەرەنجامی بڕیاری (٦٨٨)ی ئەنجومەنی ئاسایش

١ـ ئەم بڕیارە بووە هۆی ئەوەی بۆ یەکەم جار دۆزی کورد لە پرسێکی ناوخۆی و ناوچەییەوە بگۆڕدرێت بۆ پرسێکی نێودەوڵەتی.
٢ـ بڕیاری ٦٨٨ بووە هۆی دانانی ناوچەی دژە فڕین( no-fly zone) هێلی ٣٦ کە توانرا خەڵکی کوردستان لە زوڵم و ستەمی ڕژێمی عێراق بپارێزێت.
٣- گەیشتنی هاوکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتوەکان بە ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان.
٤- دوای دەرچوونی ئەم بڕیارە سەرکردایەتی سیاسی گەلی کوردستان بە ڕابەرایەتی (سەرۆک بارزانی) ئەم هەلە زێڕینەیان قۆستەوە و شەرعیەتی شۆرش گێڕی گۆڕدرا بۆ شەرعیەتی دامەزراوەیی و هەڵبژاردن، ئەوە بوو لە ١٩٩٢/٥/١٩  لە پڕۆسەیەکی دیموکراسیدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، لەو ڕۆژە بەدواوە گەلی کوردستان بوو بەخاوەنی حکومەت و دامەزراوەیی یاسایی تایبەت بەخۆی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP