دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 3 هەفتە

پارتی ڕاگەیەندراوێکی لەسەر هەڵبژاردن بڵاوکردەوە و هەڵوێستی خۆی یەکلاکردەوە

هەرێم نیوز

پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە:"پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە لەگەڵ  هەڵبژاردن بووەو لەگەڵیشی دەبێت بەمەرجێک ئیرادەی خەڵکی کوردستان پارێزراو بێت و دوور بێت لەداڕشتنی پێش وەختە."

  دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پارتی:

بەناوی خودای گەورەو میهرەبان 

راگەیاندراوێک لە فراکسیونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق 

بەسەرسوڕمانێکی زۆرەوە بەیاننامەیەک لەلایەن چەند فراکسیونێک لە پەرلەمانی عێراقەووە  دەرچووە  سەبارەت بە هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر ئەم خالانەی خوارەوە دەکەینەوە :

١- پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم هێزی سیاسی کوردستان بوو لەرێگای جەنابی سەرۆک بارزانی و لەبەهاری سالی ١٩٩١ لەگردبونەوەیەکی جەماوەری باسی لەوەکرد کە دەبێت شەرعییەتی شۆڕشگێری بگوازینەوە بۆ شەرعییەتی دەستوری و دیموکراسی لەرێگای هەلبژاردنەوە . 

٢- لەسالی ١٩٩٢ تادواین هەلبژاردن ،پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەم بوە و هیچ کات ترسی هەلبژاردنی نەبووە ، چونکە پشت ئەستورە بەئەندام و لایەنگران و دۆستانی پارتیمان و نیشتیمانپەروەرانی کوردستان.

٣- پارتی ماوەی دوو ساڵە داوا دەکات هەڵبژاردن بکریت بەڵام هەندێک لایەن و بەتایبەت ئەوانەی ئیستا بەیاننامە دەنوسن خۆیان باش دەزانن کام لایەن بوو رێگربوو  لەئەنجامدانی هەلبژاردن و ئەوەش دەزانن کە کام لایەنی سیاسی بوو دەیگووت  ئەگەر هەلبژاردنیش بکرێت ناهێڵین سندوقەکانی دەنگدان لە دێگەڵە بەولاوە دابنرێت و ناهێڵین لەسنوری سلێمانی هەلبژاردن بکریت.

٤- پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە لەگەڵ  هەڵبژاردن بووەو لەگەڵیشی دەبێت بەمەرجێک ئیرادەی خەڵکی کوردستان پارێزراو بێت و دوور بێت لەداڕشتنی پێش وەختەو ئەو تێبینی و سەرنجانەی پارتی تێبینی نەتەوەیەکن و پارتی لەگەل هەلبژاردنێکی شەفاف و دوور لەدەست وەردانە.

٥- پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردنێک بکریت مافی سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراو بێت  و ناکرێت پێکهاتەکان لە تورکمان و کلدو ئاشوری لە پەرلەمانی عێراق نوێنەریان هەبێت و لەپەرلەمانی کوردستان بێبەش بکرێن .

لەکۆتاییدا داوا دەکەین هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف ئەنجام بدریت و سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا بەشداربن و داواش دەکەین تیمی یونامی و کۆمەڵگای نێودەولەتی و چاودێرانی دەولی چاکترو فراوانتر چاودێری پرۆسەکە بکەن و پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە زەمینەسازی بکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی شەفاف و تەواوی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان بەشداری تێدا بکەن و دوربێت لەسەپاندنی ئیرادەو ئەنجام و دابەش کاری پێش وەخت .

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە پەرلەمانی عێراق



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP